له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا كه زۆرینه‌ی له‌لایه‌ن كۆمارییه‌كانه‌وه كۆنترۆڵ كراوه، هه‌وڵێكی ڕژد هه‌یه بۆ ناساندنی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری عێراق و فایه‌ق زێدان سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نه‌كه وه‌ك كاربه‌ده‌ستان و كه‌ره‌سته‌كانی ئێران، ده‌قی ڕه‌خنه‌كان و هه‌وڵی ناساندنه‌كه له‌لایه‌ن مایك واڵتز ئه‌ندامی لیژنه‌ی خزمەتگوزاری سەربازی و كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكاوه دراوه.
پێگه‌ی ''
فری بیكۆن''ی ئه‌مه‌ریكی هه‌واڵه‌كه‌ی بڵاو كرده‌وه، چونكه ئێسته كۆمارییه‌كان زۆرینه‌ن و دۆسیه‌كه له‌لایه‌ن كۆمارییه‌كانه‌وه ئاشكرا كراوه، پێده‌چێت سزادانی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و سه‌رۆكه‌كه‌ی ببێته یاسا و به زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند بكرێت، ئه‌مه‌یش به‌هۆی ده‌سته‌مۆبوونی سیستمی یاسادانان و دادوه‌ری عێراق و چوونه ژێر ڕكێف و داواكانی ئێرانه‌وه.
ئه‌گه‌ر یاساكه په‌سند بكرێت، ئه‌وا بۆ یه‌كه‌مین جاره كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا و ئیداره‌ی بایدن ڕاسته‌وخۆ سه‌ركرده عێراقییه‌كان به ڕێخۆشكه‌ر ناو بنێن بۆ ئێران، تا بتوانێت كۆنترۆڵی داوده‌زگاكانی حكوومه‌تی عێراق بكات و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تاران به‌كار بهێنرێن.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مه‌ریكا وه‌ك زه‌نگێكی ئاگاداركردنه‌وه‌یه بۆ عێراق، تا به‌غدا له ده‌ست ده‌رنه‌چووه و نه‌بووه‌ته كاربه‌ده‌ستی ئاشكرای ئێران، به‌گوێره‌ی ڕه‌خنه‌كانی كۆنگرێسمانه‌كه، فایه‌ق زێدان و ئه‌نجوومه‌نه دادوه‌رییه‌كه هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ به‌ره‌وپێشچوونی به‌رژه‌وه‌ندی ئێران و میلیشیاكانی له عێراق، بڕیاری ئه‌نجوومه‌نه دادوه‌رییه‌كه‌ی فایه‌ق زێدان بووه هۆی ئه‌وه‌ی له ساڵی 2022 قه‌یرانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی عێراق له ناو په‌رله‌مان سه‌ر هه‌ڵبدات، ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه‌ی دادگاكه بڕیاری دا به‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار له ناو په‌رله‌مان پێویستی به زۆرینه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی ژماره‌ی په‌رله‌مانتارانی عێراق هه‌یه، كه بریتییه له 220 ده‌نگ له‌كۆی 329 كورسیی په‌رله‌مانی، ئه‌م هه‌نگاوه بووه هۆی ئه‌وه‌ی ڕێگری له‌و لایه‌نانه بكات كه دژه ئێرانن وه‌ك كورده‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تێكی دۆست له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا پێكبهێنن.
زێدان فایەق و یاساکەی 2022 لەبارەی هێڵبژاردنی سەرۆکی عێراق بووە هۆی کۆتایهێنان بە دیموکراسی لە عێراق
واڵتز ده‌ڵێ، ئه‌مه یه‌كه‌مین هه‌نگاوه و ئامانجیانه عێراق نه‌بێته كه‌ره‌سته‌یه‌ك له به‌رده‌ستی ڕژێمی توندڕه‌وی ئێران بۆ به‌كارهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، ''پێویسته ڕژێمی ئێران له‌وه تێبگات كه كۆنگرێسی ئه‌مه‌یركا ڕێ به ئایه‌توڵا نادات عێراق بكاته ده‌وڵه‌تێكی ژێرده‌سته‌ی خۆی''. گوتیشی، ''پێویسته سه‌ركرده هاوسۆزه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران، وه‌ك نموونه‌ی فایه‌ق زێدان، ئاگاداری خۆیان بن''.
به‌م ساڵانه‌ی دوایی ئێران كاری كردووه بۆ به‌كارهێنانی سه‌ركرده‌كانی عێراق و ئاڵۆزییه‌كانی چوارچێوه‌كانی پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت و هاوپه‌یمانێتییه‌كانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تاران قۆستووه‌ته‌وه، ئیداره‌ی بایدنیش له به‌رانبه‌ردا هیچ وه‌ڵامێكی نه‌بووه بۆ ئه‌وه هه‌نگاوانه‌ی ئێران، هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ریكا سه‌ره‌ڕای گرتنه‌به‌ری چه‌ند سیاسه‌تێك، نه‌یتوانیوه عێراق له ئێران دابڕێنێت.
ئێران لە عێراق دیموکراسی سەراوبن کردووە و ڕژێمی گۆڕیوە
ئه‌وه‌ی ئێران له عێراق ئه‌نجامی داوه و به‌رده‌وامه له پێڕه‌وكردنی شتێكی كه‌م نییه، ئێران هه‌ستاوه به گۆڕینی ڕژێم له عێراق و له ڕێی ترافیكلایتی هه‌رسێ ته‌وه‌ری ''یاسا و خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن'' هه‌وڵی داوه عێراقێك دابمه‌زرێنێت كه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران‌دا بێت، فایه‌ق زێدانیش كه‌سایه‌تیی سه‌ره‌كی ئه‌و یارییه بووه.
ئه‌و یاسایه‌ی كه زێدان له ساڵی 2022 ده‌ریكرد، هاوكێشه‌ی سیاسی له عێراق تێكدا، ئێسته ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ش به‌ده‌ست بهێنرێت له‌لایه‌ن هه‌ر پارت یان هاوپه‌یمانێتییه‌كی عێراقییه‌وه، ده‌بێت ئه‌و لایه‌نه مه‌منوونی كه‌مینه‌یه‌كی شیعی سه‌ربه عێراق بێت، تا بتوانرێت سه‌رۆكی وڵات هه‌ڵبژێرێت و پرۆسه‌ی سیاسی دوای هه‌ڵبژاردن بكه‌وێته‌وه سه‌ر ڕێڕه‌وه‌كه‌ی، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی فایه‌ق زێدان بووه هۆی قڵپكردنه‌وه‌ی دیموكراسییه‌كه‌ی عێراق و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی كه‌مینه، كه له سه‌رده‌می سه‌دام حوسێن‌دا ئه‌زموون كرا.
ئێران هێز و باڵاده‌ستی خۆی به‌سه‌ر عێراقدا به‌كار هێناوه بۆ دابڕاندنی كورده‌كان له ده‌سه‌ڵات و پێشخستنی كرده تیرۆرستییه‌كانی له ناوچه‌كه.
پار كۆمارییه‌كانی وه‌ك واڵتز و هاوڕێكانی هۆشدارییان دا له‌وه‌ی كه خه‌ریكه عێراق ده‌دۆڕێنن به ئێران، ئه‌مه له كاتێكدا به كۆنترۆڵكردنی عێراق له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، كورده‌كان ده‌كه‌ونه مه‌ترسییه‌وه كه هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كی و متمانه‌پێكراوی ئه‌مه‌ریكییه‌كانن له ناوچه‌كه. كوردستان له ڕووی ئابووری و سیاسی و سه‌ربازییه‌وه له ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه و هۆكاره‌كه‌شی بۆ باڵاده‌ستی ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه له عێراق.