"پەیامێكی روونی بە كورد دا بەوەی لە بەغدا خەمی ئەوانی پێیە و لەپێناو مافی ئەوان گفتوگۆ دەكات"

:: PM:08:23:03/07/2024 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم سەرۆك بارزانی گەیشتە بەغدا و چاوی بە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای سیاسی و حكوومەتی عێراق كەوت، لێكدانەوە و كاردانەوەی سەردانەكەی زۆر هەڵدەگرێت، ئەوەش بەهۆی پێگە و سەنگی سەرۆك بارزانی لەسەر ئاستەكانی هەرێم و عێراق و ناوچەكە، توێژەرێكی سیاسی خوێندنەوەی خۆی بۆ سەردانەكە دەخاتە روو و پێی وایە ئاماژەیەكە بەوەی هەولێر توانیویەتی گوشارەكانی بەغدا تێپەڕ بكات.

د. محەمەد نەعناع، توێژەری سیاسیی عێراقی لە پۆستێكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەبارەت بە سەردانەكەی سەرۆك بارزانی نووسیویەتی، چەند ئاماژەیەك بەسەر سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بە بەغدا زاڵ و دیار بوو، لەوانە هاتنی بە جلوبەرگی كوردی، كە پەیامێكی روونی بە كورد دا بەوەی بە رۆیشتنی بۆ بەغدا خەمەكانی ئەوانی پێیە و لەپێناو مافی ئەوان گفتوگۆ دەكات.

زیاتر گوتی، سەرەڕای ئەوەی سەردانەكە فەرمییە و حكوومەتی عێراق وای دەرخستووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی سەرۆك بارزانی پۆستی فەرمیی نییە، بەڵام بە شێوازێكی زۆر گەرموگوڕ و بە رووخسارێكی گەش لەلایەن هەموو لایەنەكانی ناو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە پێشوازی لێ كرا، لەوانەش چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەوەش بەقەد گرنگییەكەی لای كورد مانای رەمزیی خۆی هەیە.

نەعناع باسی خاڵە گرنگەكانی ئەو سەردانەی سەرۆك بارزانی دەكات و نووسیویەتی، سێ بابەتی گرنگ بە سەردانەكەوە دیارە، یەكەم، ئەو لێكتێگەیشتن و كۆكییە گەورە و بێوێنەی نێوان هەردوو حكوومەتی سوودانی و هەرێمی كوردستان هەیە، دووەم، ئاماژەیەكی روونە بۆ توانای هەولێر بۆ تێپەڕكردنی گوشارەكانی بەغدا و هاوبەشە سیاسییەكانی لە دوای زنجیرە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، سێیەم، دداننانی لایەنە میلیشیاییەكان بە گرنگیی سەرۆك بارزانی وەك سەركردەیەكی سیاسی كە ناتوانرێت بەسەریدا باز بدرێت، بە دیدار و تۆقەكردن لەگەڵی، ئەوە سەرەڕای ئەو تۆمەتانەی پێشتر لە دژی هەڵیان بەست، ئەوەش مانای پاشەكشەیانە لە تۆمەتباركردنی یان ملكەچبوون بۆ ئەمری واقیع و ئەوەی لێیانەوە دەردەچێت تەنیا بێهوودەیی و سیاسییە.

ئەو نووسەرە بەردەوام دەبێت و دەڵێت، هەموو ئەو بابەتانە خواستێكی بەهێز بۆ قبووڵكردنی كاریگەریی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دیار دەخەن، كە كاریگەرییەكانی بۆ دەرەوەی سنوور پەل داوێت، بەتایبەتی دوای سەردانەكانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم بۆ تاران و مەسروور بازانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ واشنتن. 

"ئەو سەردانە كە بە مێژوویی حیساب كراوە و لەو كەشوهەوایەی ناو هاوكێشەی دەسەڵات لە عێراق و لەو دۆخەی ناوچەكە كراوە، چاودێران بە هەلێكی دەزانن بۆ هاوبەشە سیاسییەكان بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكانیان بە گفتوگۆ، سەرەڕای بەدوورگرتنی ئەگەری چارەسەری هەموو تەنگژەكان لە ماوەیەكی كورتدا، هەروەها هەر هەوڵێك بۆ جێبەجێكردنی دەسەڵاتەكانی حكوومەتی فیدراڵی بێ هاوئاهەنگیی پێشوەختە لەنێوان بەغدا و هەولێر سەركەوتوو نابێت، بەڵكو رووچوونی مەترسیداری لێ دەكەوێتەوە"، محەمەد نەعناع، توێژەری سیاسی وای گوت.

دووپاتی كردەوە، سەرۆك بارزانی لە بەغدا ئەو قسەیە دەكات و هێزەكانی دەسەڵات بەرانبەر بەوە دابەشی سێ بەش دەبن، بەشێكی كە حكوومەتە پێی رازی دەبێت و بەشی دووەم كە چوارچێوەی هاوئاهەنگییە دەكەوێتە گفتوگۆ و بەشی سێیەم بە رەچاوكردنی دۆخی ئێستە دوای ئەوە هەڵوێستی دەبێت.   

ئەمڕۆ چوارشەم عائید هیلالی، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەبارەت بە گرنگیی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا گوتی، سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا لەو ساتەدا بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەنێوان بەغدا و هەولێر گرنگە، سەردانەكە كاریگەریی زۆری لە لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكان لە چەندان بابەتی ناكۆك هەیە.

روونی كردەوە، سەرۆك بارزانی سەنگ و قورساییەكی گەورەی سیاسی لە بەغدا هەیە، بۆیە سەردانەكەی ئەنجامی ئەرێنی لەسەر پێوەندییەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فیدراڵی دەبێت، سەرۆك بارزانی چارەسەری زۆری تەنگژەكانی پێیە، بەتایبەتی بە بوونی نیازی راستەقینەی سوودانی و حكوومەتەكەی بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ هەرێم لەوانەش لەبوارەكانی دارایی و نەوتییەوە.    





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل