تەواوی زانیارییەكان لەبارەی سوێندخواردنەكەی ترەمپ

:: PM:03:51:16/01/2025 ‌
ڕۆژی دووشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی داهاتووی ئەمەریكا، بەفەرمی دەبێتەوە 47ەمین سەرۆكی ئەمەریكا و سوێندی یاسایی دەخوات، ئەو شتانە چین كە ترەمپ لەو رۆژەدا دەیكات؟

بڕیارە لە دووەم رۆژی دەستبەكاربوونی ترەمپ دوای سوێندخواردنەكەی لە رۆژی دووشەم، ترەمپ بە رێوڕەسمێك لە كەنیسەی سەینت جۆن لە گۆڕەپانی لافایت دەست پێ بكات، كە كەنیسەیەكی مێژوویی واشنتن دی سییە و دواتر لە كۆشكی سپی چا دەخۆنەوە.

نمایشی موزیكی و وتاری دەستپێك لە سەكۆی سەرەكی ڕووداوەكە دەست پێ دەكات كە دەكەوێتە باخچەی ڕۆژئاوای باڵەخانەی كاپیتۆلی ئەمەریكا لە سەعات ٩:٣٠ی بەیانی بەكاتی ئەمەریكا.

دوای ئەوە سوێندخواردنی ترەمپ و ڤانس و هەروەها وتاری دەستبەكاربوونی سەرۆك بۆ چوار ساڵی داهاتوو بەڕێوە دەچێت.

پاشان ترەمپ دەچێتە ژووری سەرۆكایەتی لە نزیك هۆڵی ئەنجوومەن بۆ واژووكردنی بەڵگەنامە گرنگەكان.

پاشان بەشداری لە خوانێكی نیوەڕۆ دەكات و لەلایەن لیژنەی هاوبەشی كۆنگرێس بۆ رێوڕەسمی دەستبەكاربوون پێشوازیی لێ دەكرێت.

دواتر نمایشیك بەڕێوە دەچێت و لە باڵەخانەی كاپیتۆلەوە بەرەو شەقامی پەنسلڤانیا بۆ كۆشكی سپی بەكۆمەڵ دەڕۆن.

درەنگانی ئێوارە، ترەمپ لە سێ ئاهەنگ لە سەرانسەری شارەكەدا دەردەكەوێت.

لەو ڕۆژەدا چیتر نمایش دەكرێت؟

كاری ئەندەروود گۆرانیبێژی ئەمەریكی و براوەی پێشووی خەڵاتی ئەمەریكی لە دەنگخۆشیدا، لە كاتی رێوڕەسمەكەدا گۆرانیی ئەمەریكا جوانە پێشكەش دەكات.

ئەندەروود لە بەیاننامەیەكدا گوتی، "من وڵاتەكەم خۆش دەوێت و شەرەفمەندم كە داوام لێ كراوە لە رێوڕەسمی سوێندخواردندا گۆرانی بڵێم و بەشێكی بچووك بم لەم بۆنە مێژووییە." من بە سادەیی وەڵامی ئەم بانگەوازە دەدەمەوە لە كاتێكدا كە دەبێت هەموومان پێكەوە كۆ ببینەوە بە ڕۆحێكی یەكگرتوویی سەیری داهاتوو بكەین."

گۆرانیبێژی كەنتری لی گرینوود كە هاوڕێی كۆنی ترەمپ و هاوكارە، هەروەها گۆرانیبێژی ئۆپێرا كریستۆفەر ماچیۆ لە رێوڕەسمی دەستبەكاربووندا پێشكەش دەكەن.

جیالەوە چەندان گۆرانیبێژ و هونەرمەندی تر بەشدارن لەم بۆنەیە، لەمبارەیەوە ئەم گرووپە دەڵێن، ئێمە دەزانین هەوادارمان هەیە و هەندێكیش هەوادار و گوێگرمان نین، بەڵام ئێمە لەو باوەڕەداین كە دەبێت موزیك بێ ڕەچاوكردنی سیاسەت پێشكەش بكرێت.

دوای ئەوەیش نمایشێكی تر بۆ ئەكتەرەكانی ئەمەریكا بەڕێوە دەچێت و دووبارە ترەمپیش تێیدا بەشدارە. ئەكتەرە جیهانییەكانی وەك  كید ڕۆك، بیلی رای سایرس، جەیسن ئالدین و راسكال فلاتس و گاڤین دیگر بەشدارن.

هەروەها پێشبینی بەشداریكردنی رێوڕەسمەكەی ترەمپ بۆ هەموو كەسێكە و ئەوەی پێویستە تەنیا بلیتێكە ئەویش خۆڕاییە، هەموو كەسێك دەتوانێت بەدەستی بێنێت، بەڵام هەندێك جار گەیشتن بەو بلیتانە ئاسان نییە، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی خۆڕاییە و خەڵك زوو بەكۆمەڵ بەرەو بەدەستهێنانی بلیتەكان دەچن.

پێشبینی دەكرێت نزیكەی 200 هەزار كەس لە واشنتن دی سی ئامادە بن، لەوانە لایەنگرانی ترەمپ و خۆپێشاندەران. هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە سیناتۆر و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا و میوانانی ئیدارەی داهاتوو ئامادە دەبن.

سەرۆك و خانمی یەكەمی پێشوو زۆرجار لە لیستی میوانەكاندان، بەڵام خانمی یەكەمی پێشوو میشێل ئۆباما بەشداری لە رێوڕەسمی دەستبەكاربوونی ئەمساڵ ناكات.

خانمی یەكەمی ئەمەریكا میشێل ئۆباما هەفتەی ڕابردوو لە یادكردنەوەی سەرۆكی پێشوو جیمی كارتەر ئامادە نەبوو و لە هاوای مایەوە. ئەو لە ساڵی 2009ەوە لە هەموو رێوڕەسمی سوێندخواردنی هاوسەرەكەیدا بەشداریی كردووە، لەوانە یەكەم سوێندخواردنی ترەمپ لە ساڵی 2017.

چاوەڕوان دەكرێت باراك ئۆباما لەگەڵ جۆرج و لۆرا بوش لەوێ بن.



وشە - پێشەنگ مەحموود