ئیسرائیل بەدوای پێوەندییەکی بەهێزتردا دەگەڕێت لەگەڵ کەمینە ئایینییە درووزەکان، لە چوارچێوەی هەوڵێکدا بۆ قووڵکردنەوەی کاریگەرییەکانی لە باشووری سووریا، شاندێک لە درووزەکانى سووریا لە پشووی هەفتەدا سەردانێکی دەگمەنیان بۆ ئیسرائیل ئەنجام دا بۆ حەج کردن بۆ مەزارگەیەک، لە کاتێکدا ئیسرائیل هەوڵ دەدات کاریگەریی خۆی لەناو سووریادا بەردەوامی پێ بدات، دوای ڕووخانی دیکتاتۆر بەشار ئەسەد.
هەردوو ئیسرائیل و سووریا، کەمینەیەکی بەرچاویان هەیە کە سەر بە مەزەوی درووزن، کەمینەیەکی ئایینیی عەرەبیی زمانن کە لە سەرانسەری ناوچەی شامدا بڵاو بوونەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل و سووریا بە فەرمی بۆ دەیان ساڵ لە شەڕدا بوون، بە گشتی درووزەکانی سووریا نەیانتوانی بچنە ناو ئیسرائیل بۆ سەردانی ئەو شوێنانەی کە پیرۆزن لە بیروباوەڕی ئەواندا.
شێخ موەفەق تەریف، سەرکردەیەکی درووزییە لە ئیسرائیل کە هاوکاریی ڕێکخستنی سەردانە دوو ڕۆژییەکەی کردووە ڕای گەیاندووە، نزیکەی 100 کەس ڕۆژی هەینی بە کاروانێک لە خاکی سووریاوە گەیشتوونەتە ئیسرائیل، هەروەها سەردانی گۆڕی پێغەمبەر شوعەیبیان کرد لە ناوچەی جەلیلی باکوری ئیسرائیل، کە شوێنێکە لە باوەڕەکەیاندا زۆر ڕێزی لێ دەگیرێت.
تەریف گوتی، "دوای ئەوەی بۆ دەیان ساڵە پچڕاوین، بینینی گەیشتن بە گەلەکەمان بۆ وڵاتەکەمان، ئەوە ساتێکی زۆر خۆش و گەورەیە"، ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەی سەردانکەرەکانی تەنها لە گفتوگۆی تەلەفۆنییەوە دەناسێت، بەهۆی سەختییەکی گەورەی گەشتکردن لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
لە ئیسرائیل زۆرێک لە درووزەکان خاوەنی پاسپۆرتی ئیسرائیلن و لە سوپای نیشتیمانیدا خزمەت دەکەن و وەک "برای چەکدار"ی دڵسۆز سەیر دەکرێن. هەندێکی تر لە بەرزاییەکانی جۆلان، ئەو خاکەی ئیسرائیل لە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی 1967 لە سووریا دەستی بەسەردا گرت، هێشتا ناسنامەی سووریایان هەیە و کارتی مانەوەی ئیسرائیلیان هەیە نەک ڕەگەزنامە.
لە دوای ڕووخانی دیکتاتۆرییەتی ئەسەد لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمەوە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر سووریا دەست پێ کردووە کە بە گوتەی خۆی ئامانجیان ڕێگریکردنە لە کۆبوونەوەی هێزە دوژمنکارەکان لە نزیک سنوورەکانی. بەڵام ئەو هەنگاوانە بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لای سوورییەکان لە داگیرکردنی درێژخایەنی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا، لە هەمان کاتدا ئیسرائیل دەستی گەیاندووەتە درووزەکانی سووریا کە زۆربەیان لە گوند و شارەکانی باشووری سووریا دەژین، وەک هاوبەشی ئەگەرکراو بۆ ئیسرائیل.
میلیشیاکانی درووز لە سووریا لەژێر فشار دان بۆ تێکەڵبوون بە سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو کە سەرۆکی نوێ هەوڵی دامەزراندنی دەدات. کاربەدەستانی ئیسرائیل پێشنیاریان کردووە کە ئیسرائیل دەتوانێت بە ناوی درووزەکانەوە دەستوەردان بکات، لەوانەش لە ڕووی سەربازییەوە، ئەگەر بکەونە بەر هەڕەشەی هێزەکانی حکوومەت.
دەیڤید مێنسەر، گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا ڕای گەیاند، "ئیسرائیل ئامادەیە بەرگری لە دانیشتووانی درووز بکات لە سووریا، بەرانبەر بە هێزەکانی ڕژێمی نوێی سووریا". میلیشیا گەورەکانی سووریای درووز بە ڕاشکاوی ئەو پێشنیارەیان ڕەت کردەوە.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا ڕای گەیاند، ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی ڕێگە بە هەندێک لە درووزەکانی سووریا بدات بچنە ناو ئیسرائیلەوە، بۆ ئەوەی لە بەرزاییەکانی جۆلان کار بکەن.
درووزەکان سەر بە مەزەوێکن کە نزیکەی هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئیسلام جیا بوونەوە و لە کۆتاییدا بوون بە ئایینێکی جیاواز، ئەندامەکانی کە ئێستە لە نێوان سووریا، لوبنان، ئوردن و باکوری ئیسرائیلدا بڵاو بوونەتەوە، زۆرجار خۆیان لەلایەنە دژبەیەکەکانی ململانێکانی ناوچەکەدا بینیوەتەوە.
لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە، سەربازانی ئیسرائیل ڕۆشتوون بۆ ناو خاکی سووریا و دەستیان بەسەر ناوچەیەکی پارێزراودا گرتووە، کە ڕووبەری 155 میل چوارگۆشەیە و لە سەرانسەری سووریادا ئامانجە دەستنیشان کراوەکانیان بۆردمان کردووە، کاربەدەستانی ئیسرائیل حکوومەتی نوێی دیمەشقیان بەهۆی سەرکردایەتیی ئیسلامییانەوە سەرکۆنە کردووە و ڕایان گەیاند، کە هێزەکانیان بۆ ماوەیەک لە خاکی سووریا دەمێننەوە.
سەرۆکی نوێی سووریا، ئەحمەد شەرع، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی بکشێتەوە، هەروەها دووپاتى لەوە کردووەتەوە حکوومەتەکەی هیچ مەترسییەک بۆ سەر دراوسێکانی یان بۆ کەمینە ئایینییەکانی وەک درووزەکان دروست ناکات، چونکە سوورییەکان لە شەڕ بێزارن.
ئارۆن بۆکسێرمان
نیویۆرک تایمز
وەرگێڕانى/ وشە