ئەمڕۆ شەموو، 12ی نیسان، بەرپرسانی ئەمەریکی و ئێرانی دەست دەکەنەوە بە گفتوگۆ لەسەر سنووردارکردنی بەرنامەی ناوکیی تاران. ئەم گفتوگۆیانە دوای ئەوە دێن کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، لە سەرەتای مانگی ئادار، نامەیەکی بۆ ڕابەری باڵای ئێران عەلی خامنەیی ناردووە کە پێشنیاری دانوستاندن دەکات. ترەمپ گوتی "کۆبوونەوەیەکی زۆر گەورەمان هەیە لە کاتی ڕاگەیاندنی گفتوگۆکان دەبینین چی ڕوو دەدات."
هۆکار هەیە بۆ هیواداربوون کە دەستپێشخەرییەکانی ترەمپ سەرکەوتوو بن. سەرۆکی ئەمەریکا خۆشەویستییەکی ڕەمەکی بۆ ڕێککەوتن هەیە و گوتوویەتی دەیەوێت ئێران دووبارە بکاتەوە بە وڵاتێکی خۆشگوزەران. بەڵام هۆکاریش هەیە بۆ دڵەڕاوکێ. هەرچەندە دەستیان بە
وتووێژەکان کردووە، بەرپرسانی ئەمەریکا فشاریان لەسەر تاران زیاد کردووە. کارگێڕییەکە پێداگری کردووە لەسەر سەپاندنی سزاکان، ئەمەش ڕێگەیەکە ئامانجی مایەپوچکردنی ئێرانە و هێرشی ئاسمانییان لەسەر حووسییەکانی یەمەن ئەنجام داوە کە پشتگیریی ئێرانیان هەیە. ترەمپ خۆشی ماوەیەکی کورتی دوو مانگی داوە بە ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک دەربارەی بەرنامە ناوکییەکەی. ئەگەر هەردوو لایەن شکست بهێنن، ئەو بە ئاشکرا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی کردووە.
کەس نابێت خوازیاری شەڕی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان بێت. ئەگەر واشنتن هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی تاران، لەوانەیە بەرنامەکە بۆ ماوەیەکی کاتی دوا بخات. بەڵام دواتر ئێران دەتوانێت پاڵنەری خۆی دوو هێندە بکات بۆ بوون بە هێزێکی ناوکی. ئێران هەروەها دەستبەجێ بە هێرش وەڵام دەداتەوە، کە زیاتر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکدەدات. هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی تەنانەت ترەمپیش بڵێت "هەموو کەسێک ڕازییە کە ڕێککەوتن باشترە لە کردەوەی هێرشی ئاشکرا."
بەڵام دەستپێکردنی دانوستاندنەکان شتێکە، گەیشتن بە ڕێککەوتن شتێکی ترە. گومان لەوەدا نییە کە وڵاتە یەکگرتووەکان دەتوانێت زیانێکی ئابووری بەرچاو بدات لە کۆماری ئیسلامی. بەڵام بۆ ئەوەی بەرهەمی دیپلۆماسی بەدەست بهێنێت، ترەمپ دەبێت هەوڵی بە دەستهێنانی ئامانجێک بدات کە قابیلی بەدەستهاتن بێت ،لەبری چاوەڕوانیی خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی تاران. بەرپرسانی ئێرانی باوەڕیان وایە کە تەنیا شتێک مەترسیدارتر بێت لە چێشتنی سزاکانی ئەمریکا خۆ بەدەستەوەدانیانە بۆ داواکاری توندڕەوانی ئێران.
ئەمە بەو مانایە نییە کە فشار هیچ جێگایەکی لە دیپلۆماسیەت لەگەڵ ئێران نەبێت. کۆماری ئیسلامی زیاتر ئامادەیە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ قسە بکات وەک لە ئیدارەی بایدن، چونکە کاریگەریی کەڵەکەبووی سزاکان ئابووری ئێرانی خستووەتە بارودۆخێکی خراپەوە و ئێرانیش لاوازترە لەچاو دەیەی پێشوو. هەژدە مانگ شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل تۆڕی هاوپەیمانانی ئێرانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە و بەرگری ئاسمانی ئێرانیش لاواز بووە.
بەڵام فشارەکانی ئەمەریکا دەبێت ببەسترێتەوە بە ئامانجە واقیعییەکانەوە. ئاخر ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 تەنها بەهۆی سزای زیادەی ئابورییەوە نەبوو بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەمریکا ئامادەبوو مەرجەکەی هەڵبگرێت کە تاران بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە تەواوی دابخات، بە مەرجێک کە کۆگاکانی یۆرانیۆم و موشەکی ئێران بە شێوەیەکی توند سنووردار بکرایە و بە شێوەیەکی بەرفراوان چاودێری بکرایە. ئەگەر ترەمپ بەڕاستی بیهەوێت ڕێککەوتنێک واژۆ بکات، ئەوا دەبێت وەک ئێران ئامادەبێت لانی کەم تا ڕادەیەک خۆی بگونجێنێت. بۆ نموونە دەبێ ئامادە بێت ئێران توخمەکانی بەرنامەی ئەتۆمی یان بەرنامەی مووشەکی خۆی بپارێزێت و لە لە گەڵ کەمکردنەوەی سزاکان ، لەوانەش لەبارەی بازرگانی نەوتیی ئێران و دەستڕاگەیشتن بە سەروەت و سامانی ڕاگیراو. ئەگەرنا، ڕەنگە گفتوگۆکان لەکار بکەون و شەڕێکی ناوچەیی بسەپێنن کە کەس نایەوێت و ئەوەش بە دڵنیاییەوە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لە ساڵی 2015، هەرچەندە ئاڵۆزە، بەڵام مامەڵەیەکی تاڕادەیەک ڕاستەوخۆ بوو. کۆماری ئیسلامی سنووردارکردن و ڕێوشوێنی شەفافیەتی لە بەرنامەی ئەتۆمی خۆیدا قبوڵ کرد و لە بەرامبەردا سزا و گەمارۆکانی سوک کرا. بەڵام ڕێککەوتنەکە بەرنامەی مووشەکی ئێران و پشتگیرییەکانی بۆ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەم نەکردەوە، تاران لە چوارچێوەی دانوستانەکاندا نەچووە ژێڕ باری هیچەوە. بەڵام ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ئەنجامدا هاتە ئاراوە هێشتا سنوورێکی جددی بەسەر ڕەفتاری ئێراندا سەپاند. وڵاتەکە سنووری پیتاندن و کۆکردنەوەی یۆرانیۆمی دانا و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بۆ چاودێریکردنی توندی نێودەوڵەتی کردەوە.
پاشان لە ساڵی 2018دا ترەمپ وازی لە ڕێککەوتنەکە هێنا و بەمەش گەشەسەندنی ئەتۆمیی وڵاتەکە خێراتر بوو. ئەمڕۆ تاران توانای ئەوەی هەیە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا کڵاوەی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت و خاوەنی کۆگایەکی وەهایە کە دەتوانێت ڕێگەی پێ بدات چەندین چەک دروست بکات. زۆربەی خەمڵاندنەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەگەر بیهەوێت، ئێران دەتوانێت تەنیا لە ماوەی چەند مانگێکدا بۆمبی کارا دروست بکات. بە واتایەکی تر کۆماری ئیسلامی لە بەربەستی بوون بە دەیەمین هێزی ئەتۆمی جیهاندایە.
زۆرێک لە نوخبە سیاسییەکانی ئێران دەستیان کردووە بە داواکردنی ئەوەی وڵاتەکەیان ببێتە دەوڵەتێکی ئەتۆمی. تۆڕی هاوپەیمانانی ئێرانیش لە سەرانسەری ناوچەکەدا ئەوەی پێی دەگوترێت بەرەی مەقاوەمە ئەمڕۆ لاوازترە لە ساڵانی ڕابردوو، ئەمەش وایکردووە هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل و ئەمەریکا قورستر بێت بۆ ئێران. بۆ ئێران، لاوازبوونی حزبوڵا لە لوبنان پاشەکشەیەکی گەورەی تایبەتە. تاران ئەو گرووپەی وەک ڕێگریی سەرەکیی خۆی لە دژی ئیسرائیل دەبینی، بەڵام دواتر ئیسرائیل کۆگای مووشەکەکانی لەناوبرد و فەرماندە باڵاکانی کوشت. لایەنە توندڕەوەکان لە تاران جەخت لەوە دەکەنەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئێران پێویستییان بە چەکی ئەتۆمی هەیە. بە پێچەوانەوە، پێدەچێت خامنەیی هێشتا بەرنامەی ئەتۆمی وەک هێڵی دانوستاندن سەیر بکات. هەروەها لەوانەیە ترسی ئەوە هەبێت کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل یان ئەمەریکا سەرنجی خۆپڕچەکردنیان بدەن و ببێتە هۆی لێدانیان. بەڵام لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان، پێدەچێت ئێران ڕووبەڕووی فشاری زیاتر ببێتەوە لە ناو دامەزراوەی ناوخۆییەوە.
ئێران لەبەردەم بەربەستی بوون بە دەیەمین هێزی ئەتۆمیی جیهاندایە
کات بۆ ڕێگاکانی تریش تەواو دەبێت. ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 میکانیزمێکی ڕیکەڤەری''سناپباک''ی تێدابوو، کە بە شێوەیەک داڕێژرابوو کە ڕێگە بە هەر یەکێک لە لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە بدات سزا نێودەوڵەتییەکان بسەپێننەوە. بەڵام ئەم بڕگەیە لە مانگی ئۆکتۆبەردا کۆتایی دێت و کاتی بەکارهێنانی تەواو دەبێت. بەبێ چارەسەریی ئاشتییانە بۆ پاشەکشەکردنی پێشکەوتنە ئەتۆمییەکانی ئێران، پێدەچێت فڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا ئەو پاشەکشەیە دەست پێ بکەن. ڕەنگە چین و ڕووسیا بیانەوێت ڕێگری لە جێبەجێکردنی بکەن، بەڵام دەسەڵاتی ئاسایی ڤیتۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لەم بارودۆخەدا کاری پێ ناکرێت ''بەهۆی بڕگەیەکی ڕوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمی''. زلهێزە ڕۆژئاواییەکان – لانی کەم لەسەر کاغەز جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە کەوتووەتە ژێر سنووردارکردنی پێش ساڵی 2015.
ئێران هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر گەمارۆکان بگەڕێنەوە، لە پەیمانی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی دەکشێنەوە، ئەمەش ڕێگا بۆ تاران خۆش دەکات تا نزیکەی هەموو چاودێرییە فەرمییەکانی بەرنامەکەی کەم بکاتەوە. لە بەرامبەردا ترەمپ لە واشنتن ڕووبەڕووی فشاری زیاتری هەڵۆکان و ئیسرائیل دەبێتەوە بۆ لێدانی ئیران. تەنانەت ڕەنگە ئیسرائیل بیر لە هێرشکردنە سەرئێران بکاتەوە بە تەنیا- کە بە دڵنیاییەوە ئەمریکا ڕادەکێشێت بۆ شەڕەکەی.
بەڵام تەنانەت هێرشێکی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیلیش پێناچێت کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بهێنێت. کۆماری ئیسلامی بە سادەیی یۆرانیۆمی پیتێنراوی زۆری هەیە و سەنتەرکۆگاکردنی پێشکەوتووی زۆری لە زۆر شوێن هەڵگرتووە بۆ ئەوەی سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل نەتوانن بەڕەهایی هەمووی لەناوببەن. هەروەها خاوەنی چەندین پسپۆڕی ئەتۆمییە کە دەتوانرێت ئەرکی زیندووکردنەوەی بەرنامەیەک لە داروپەردووەکانیان پێ بسپێردرێت. تەنانەت هەواڵگری ئەمەریکا خۆی پێشبینی دەکات کە پاشەکشەی بەرنامەکە لەڕێی هێرشێکی سەربازییەوە تەمەنی کورت دەبێت و ڕەنگە تەنیا چەند مانگێک. ئەمەریکا بۆ ئەوەی بەڕاستی بەرنامەی ناوکی بە بەکارهێنانی هێز بوەستێنێت، پێویستی بە دووبارەکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان دەبێت بە شێوەیەکی بەردەوام یان هەوڵی ئەنجامدانی هەڵمەتێکی گۆڕینی ڕژێم، کە ئەنجامەکەی هەم وێرانکەر و هەم زۆر نادیار دەبێت.
جگە لەمە لێدانی ئێران دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژی گەورەی ناوچەیی. ڕەنگە تۆڕی هاوپەیمانانی ئێران لاواز بێت، بەڵام وڵاتەکە هێشتا بژاردەی هەیە، بە تایبەتی لە ڕێگەی حوسییەکان یان گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، هەروەها کۆگاکانی مووشەکی بالیستیکی خۆی. دەتوانێت تۆڵە بکاتەوە لە ئیسرائیل و پێگەی ئابوری و سەربازی لە ناوچەکە. وەک لە هەڵسەنگاندنێکی هەواڵگریی ئەم دواییەی ئەمریکادا ئاماژەی پێکراوە، ئێران هێشتا توانای خۆی هەیە بۆ "زیاندگەیاندن بە سەرچاوەی هێرشەکان، جێبەجێکردنی هێرشی ناوچەیی و تێکدانی کەشتیوانی". تەنانەت ئێران دەتوانێت ژێرخانی نەوتی کەنداو تێکبدات و نرخی نەوت بەرزبکاتەوە.
گەیشتن بە بەڵێ
ئەم ڕاستیانە هەموویان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە تاریکن. بەڵام کەس سوودمەند نابێت لە شەڕی ئەمریکا و ئێران، بۆیە هەمووان هاندەرێکیان هەیە بۆ ئەوەی خۆیانی لێ بەدوور بگرن. ئەوەش دەرفەت دەدات بە دیپلۆماسی.
دانوستانەکانی داهاتوو کە بڕیارە ئەمڕۆ لە عومان بەڕێوە بچێت، دەتوانێت شتەکان بخاتە سەر ڕێڕەوێکی ئومێدبەخش. پێویستە لایەنەکان هەوڵ بدەن دوو ئامانج بەدی بهێنن: ڕوونکردنەوەی فۆرماتی بەشداریکردن و خستنەڕووی مەودای بەرفراوانی یاریی کۆتایی.
تاران بەردەوامە لە پابەندنەبوون سەبارەت بەوەی کە ئایا ڕاستەوخۆ کارلێک لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا دەکات یان نا، ئەمەش ناکارامەیە. گرەوەکان زۆر زۆرن و کات زۆر کورتە بۆ ئەوەی ئێرانییەکان خۆیان لە پێوەندیی ڕووبەڕوو لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکانیان بەدوور بگرن. لای خۆیەوە ئەمەریکا پێویستە بە ئاگادارییەوە لە دانوستانەکان نزیک بێتەوە کە پێناچێت "مۆدێلی لیبیا" وەک بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشنیاری کرد، بۆ داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی ژێرخانی ئەتۆمی ئێران کار بکات. لە بەرامبەردا سنووردارکردن و شەفافیەت دەتوانێت چارەسەری نیگەرانییەکانی بڵاونەبوونەوەی چەکی ناوکی مسۆگەر بکات ئەگەر ڕێگاکە زۆریش بخایەنێت، ئەمەش بە شێوەیەکی ئاشکرا بەرنامەی کۆماری ئیسلامی لە ئاستەنگی ئەتۆمی دوور دەخاتەوە. دۆزینەوەی ڕوونی و بە شێوەیەکی ئایدیاڵ، خاڵی هاوبەشی پێویست لەسەر ئەم پرسانە دەتوانێت دواتر ئاسانکاری بکات بۆ گفتوگۆی چڕتر لەسەر خاڵە وردەکان.
بۆ ئەوەی دانوستانەکان کاربکەن، تاران و واشنتن دەبێ دان بە پێداویستیی دیپلۆماسیی فراوانتردا بنێن. ئەگەر واشنتن دەمانچەیەک لەسەر سەری ئێران دابنیت، ئێران وەک پێویست دانوستان ناکات. ئەگەر ترەمپ بەڕاستی بیهەوێت دەبێت بەشداریی ئەو جۆرە دیپلۆماسییە ڕاستەوخۆ و کەسییە بکات کە خۆی ئارەزووی دەکا. واتە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران کارەکە ئەنجام بدات بە واتایەکی تر، هەردوولا پێویستیان بە ڕێککەوتن هەیە دەبێت بەستێنی هاوبەش بهێننە کایەوە ئەگەر بیانەوێت خاڵی هاوبەش بدۆزنەوە.
یەکێک لە ڕێگاکانی بەهێزکردنی دانوستانەکانی عومان ئەوەیە کە ترەمپ ڕاستەوخۆ هەنگاو بنێتە ناو پرۆسەی دیپلۆماسییەوە. لە تۆماری یەکەمی خولی یەکەمی ترەمپ ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ترەمپ زۆر توندە لە سەر ئێران. ئەگەر بڕیار بێت ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی هەبێت، ئەوا ڕەنگە ترەمپ پێگەیەکی ناوازەی هەبێت بۆ ئەوەی هەڵۆ ئەمریکییەکان پشتگیری لێ بکەن، هەروەک چۆن ڕیچارد نیکسۆن سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا توانی سەردانی چین بکات و پێوەندییەکانی نێوان پەکین و واشنتنن چاک بکاتەوە. ترەمپ دەتوانێت پرۆسەکە پێش بخات بە کردنەوەی دەرگا بەڕووی دیپلۆماسی ئاستی باڵادا، بە شێوەیەکی کاتی سزاکانی زۆرترین فشار ڕابگرێت لە بەرامبەر ئەوەی ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی ساڵێک ڕابگرێت. ئەوەش دەتوانێت زەمینە خۆش بکات بۆ کۆبوونەوەی لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی ترەمپ و پزیشکیان کە ترەمپ ماوەیەکی زۆرە بەدوایدا دەگەڕێت. ئەگەر خوازیاری پێشخستنی دانوستانەکان بن، پێویستە عومان، سعوودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، یان ناوبژیوانێکی تر کە ترەمپ ڕێزی لێدەگرێت، ڕێکخستنێکی لەو شێوەیە پێشنیار بکەن. پاشان دەتوانن میوانداری هەردوو کۆبوونەوەی ئاستی باڵا ڕوو بدات و گفتوگۆ تەکنیکییەکانی تر دواتر ئەنجام بدەن.
ئێران و ئەمریکا مێژوویەکی تاڵ و دژایەتییان هەیە. کەلێنێکی بێمتمانەیی لە نێوان هە ردوو وڵاتدا هەیە کە دیپلۆماسی بۆ ئەوەیە کەلێنەکە پڕ بکاتەوە. بەڵام ئێران پێویستی بە ڕێککەوتنەکەیە. ترەمپ ڕێککەوتنی دەوێت. هەر ڕێگایەکی تری دەرەوەی ڕێککەوتن و درپلۆماسی کارەساتبار.
کۆمفۆرت ئیرۆ سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی قەیرانی نێودەوڵەتییە.
وەرگێڕانی\ ڕامیار محمود