"پێگەی هەرێمی كوردستان روو لە بەهێزییە و ئەوەش بۆ سیاسەتە هاوسەنگەكانی دەگەڕێتەوە"

:: PM:09:21:17/04/2025 ‌

شارەزایەكی بواری پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەبارەی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، باس لەوە دەكات كە كوردستان گەیشتووەتە ئاستێكی پێشكەوتوو و كوردستان شان بە شانی وڵاتە گەورەكان سیاسەت دەكا و لە دەرەوە پێگەی هەیە.

چەند ساڵێكە هەرێمی كوردستان جیا لە عێراق، كە خۆی بە كێشە و بەرە سیاسییەكانی ناوچەكە وابەستە كردووە، لە بواری پێوەندییەكان و دیپلۆماسیەتەوە هەنگاوی گەورەی ناوە، بەتایبەتی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی رابردوو و ئێستەش ئەو رۆڵە گەورەی گێڕاوە و دەگێڕێت.

دڵشاد نامیق شارەزا و خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە پێوەندییەكی زۆریان بە دۆزی كورد بە گشتی هەیە، پێوەندییان بە رۆڵی كورد و هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە هەیە، چونكە شەڕی غەزە وەك شەڕێكی هەرێمایەتی لێ هاتووە و بەهۆی دەرەنجامی شەڕەكەوە نەخشەی ناوچەكە لە رووی سیاسییەوە خەریكە دادەڕێژرێتەوە و تەرازووی هێز گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

روونی كردەوە، رژێمی ئەسەد لە سووریا رووخا و میلیشیاكان لە لبنان لاواز بوون و لە یەمەن لە ژێر هێرشی بەردەوامی ئەمەریكادان، ئێرانیش لە دۆخی هێرشكردنەوە چووەتە دۆخی بەرگری و خۆپاراستن لە گورزی ئەمەریكا، ئێستە گوشاری ئەمەریكا لەسەر ئیران لە ئاستێكدایە كە تاران ئامادەیە گشت پاشكۆ و میلیشیاكانی بكاتە قوربانی بۆ ئەوەی خۆی بپارێزێت، لەم ناوەدا هەرێمی كوردستان لە پێوەندییەكی باشدایە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق، ئەوەش بەهۆی لاوازبوونی رۆلی ئێران و كزبوونی جموجوڵی میلیشیاكانە.

"پێگەی هەرێم لە عێراق بەرەو بەهێزبوونەوە دەچێت و هێزە میانڕەوەكان دەرفەتی دەركەوتنیان زیاترە، لەسەر ئاستی پێوەندییە دەرەكییەكانی هەرێمیش ئێستە كە هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە نموونەی دەوڵەتانی كەنداو و توركیا پێگە و رۆڵیان بەهێزە، هەرێمی كوردستانیش لە پێوەندیەكی بەهێزدایە لەگەڵ ئەو  وڵاتانە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی روون و ستراتیجی و هاوسەنگی هەرێمی كوردستان، كە هەرگیز نەبووەتە بەشێك لەو ململانێیانەی ناوچەكە و هەمیشە بڕوای بە ئاشتی و پێكەوەژیان و دابینكردنی مافی گەلانی ناوچەكە هەبووە"، دڵشاد نامیق شارەزا لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان وای گوت.

دووپاتی كردەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەم یەكێتی ئەوروپا و هەم ئەمەریكاش بە مكوڕی و پشتیوانی لە هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دەكەن بۆ بازاڕەكانی جیهان، ئەمەش وەك پشتیوانیەك بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، كە ئەو وڵاتانە هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەكی ئارام بۆ گشت پێكهاتەكان تەماشا دەكەن.

بە گوتەی ئەو شارەزایە گشت رووداوەكانی ناوچەكە ئەوە لە كورد دەخوازن بە یەك دەنگی و یەك گوتاری پشتیوانی قەوارە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن و سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی كوردستان لە عێراقدا نەكەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەنە خاوەن دەسەڵاتی تەواو لە هەرێمی كوردستان و پشتیوانی لە سیاسەتەكانی بكەن بۆ ئەوەی پێگەكەی بەهێزتر بێت لای دۆستانی و نەیارانیشی توانای فشار و گوشاریان نەبێت.

نامیق ئاماژەی كرد، ئێستە پێوەندییەكانی كوردستان لە ئاستێكی زۆر بەهێزدایە و وڵاتە گەورەكان مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكەن و حیسابی تایبەتی بۆ دەكەن، ئەمە بۆ هەرێم گەورە و كاریگەر و پشتیوانییە، سەرۆكی حكوومەت دەچێتە وڵاتە گەورە و بەهێزەكان لە بواری سەربازی و ئابووری و پیشەسازی و پێشوازی لێ دەكرێت و پێوەندی لەگەڵ دروست دەكرێت و كۆمپانیاكان دەهێنرێنە هەرێم و كاری سەرمایەدار و وەبەرهێنان دەكەن، ئەمەش بۆ هەرێم كەم نییە.

وشە/ هۆشیار عەلی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل