لە دوای گوشارێكی گەورەی ئەمەریكا، بە سەپاندنی سیاسەتی ئەوپەڕی سزا و كۆكردنەوەی هێزێكی گەورەی سەربازی لە ناوچەكە، گفتوگۆ ناراستەوخۆكانی ئەمەریكا و ئێران لە 12ی ئەم مانگە لە مەسقەتی پایەتەختی عومان بە میانگیریی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەستی پێ كرد، دوێنێ دووەم گەڕی گفتوگۆكان بەڕێوە چوو، بڕیارە هەفتەی داهاتوو سێیەم گەڕ ساز بكرێت، شارەزایان دەڵێن ئەم گەڕەی گفتوگۆكان جیاواز دەبێت.
شارەزایان پێیان وایە گەڕی سێیەمی داهاتوو گفتوگۆكانی هەردوولا یەكلاكەرەوە دەبێت لەبارەی گەیشتنی گفتوگۆكان بۆ ئاستی باسكردنی رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی، چونكە بەر لە دانیشتنی شەمووی داهاتوو، رۆژی چوارشەم، تیمی شارەزا و تەكنیكارانی هەردوولا دادەنیشن، ئەوان تاوتوێی شێوەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەكەن لە حاڵەتی رێككەوتن لەسەر هێڵە سەرەكییەكان، بەتایبەتی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم و وردەكارەكانی تر، كە ئەوەش پێویستی بە ئارامگرتن و كات هەیە.
ئەحمەد یاسین شارەزا لە كاروباری ئەمەریكا دەڵێت، ئەوەی بە ئاشكرا دەگوترێت لەبارەی گوشارەكانی سەر ئێران لەوەی لە گفتوگۆكان هەیە جیاوازە، واشنتن وا پێشان دەدات دەیەوێ بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بە تەواوەتی لێكهەڵوەشێنێتەوە، كەچی ئەوەی لە مەسقەت و رۆما باسی كراوە گەرەنتیدانی تارانە بە ئاشتیانەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی و رێگەدان بە پشكنەرانی نێودەوڵەتی بۆپشكنینی كتوپڕی تەواوی دامەزراوە ئەتۆمی و توێژینەوە و سەربازییەكانی ئەو وڵاتە كە گومانی بەكارهێنانیان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لێ دەكرێت.
روونی كردەوە، بۆیە گەڕی داهاتووی گفتوگۆكان جیاوازە و شارەزایانی تەكنیكی هەردوولا دەگرێتەوە و شێوەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دیاری دەكرێت، لەسەر بنەمای رێككەوتن لەسەر رێژەی پیتاندنی یۆرایۆم و میكانیزمی پشكنین لە داهاتوودا، لە گفتوگۆكانی رۆما باسی مەرجەكانی ترەمپ كراوە، لەوانە رێگرتن لە ئێران لە گەیاندنی رێژەی پیتاندن بۆ 90% و رێگرتن لە بەرهەمهێنانی مووشەكی هەڵگری كڵاوەی ئەتۆمی و گواستنەوەی ئەمباری یۆرانیۆمی ئێران بۆ وڵاتێكی تر، ئەو خاڵانەش ئاڵۆزن و پێویستیان بە كات و هەناسەردرێژی هەیە.
لای خۆیەوە د. عەمرۆ حوسێن شارەزای پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان دووپاتی كردەوە كە ترەمپ هەوڵ دەدات وا خۆی پێشان بدات كە ئەو سەرۆكەیە توانیویەتی ئێران ملكەچ بكات، لەوكاتەی ئۆباما و بایدن و ئەوروپا سەرەڕای گوشار و سزاكان لەوە شكستیان هێنا، گرنگترین بابەتەكانی لە گفتوگۆ ناراستەوخۆكان خراوەتە روو پێوەستن بە پابەندبوونی ئێران بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەیەك رێگە بە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی نەدات، لەگەڵ كەمكردنەوەی ژمارەی ئامێرەكانی سەنتەرفیوچ بۆ نیوەی ئێستە، واتە لە 10 هەزارەوە بۆ پێنج هەزار ئامێر، وەك ئەوەی لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی تۆمار كراوە.
ئەو شارەزایە ئاماژە دەكات كە لەو خاڵانەی پێشبینی دەكرێت لە گفتوگۆكانی هەردوولا جیا لە میكانیزمەكانی بەئاشتیكردنی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران كە ناكۆكی و كێشەی لێ بكەوێتەوە، ماوەی رێككەوتنەكەی هەردوولایە، تاران دەیەوێ رێككەوتنەكە كاتی و بۆ ماوەی سێ ساڵ بێت و دوای ئەوە سێ ساڵی تر لە دوای لابردنی سزاكان بە تەواوەتی نوێ بكرێتەوە، لەوكاتەی واشنتن سوورە لەسەر ئەوەی رێككەوتنەكە درێژخایەن و بۆ ماوەی 25 ساڵ بێت.
شارەزایان پێیان وایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە رێگەی گفتوگۆكانەوە هەلی سێ بردنەوەی لە ئێران لەپێشە، رێگرتن لە تاران لە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی و رێگرتن لە دروستبوونی شەڕ لەگەڵ ئێران و دابینكردنی هەلی كارێكی زۆر بۆ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان لە ئێران، بەتایبەتی بەپێی توێژینەوەیەك لە 2014 دەركەوت سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێران لە نێوان 1995 و 2012 زیانی لە نێوان 135 بۆ 175 ملیار دۆلار لە داهاتی هەناردن بۆ ئەو وڵاتە بۆ ئەمەریكا هەبووە، بۆیە ترەمپ پێی وایە سزاكانی سەر ئێران زیانی بە كۆمپانیاكانی ئەمەریكیش گەیاندووە.