" پەیمانمان نوێ دەكەینەوە بۆ پاراستنی ئازادیی ئاینی"

:: PM:07:09:23/04/2025 ‌
بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی عێراق و كەسایەتییە ئایینی و سیاسی و كولتوورییەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە كوردستان، لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو .

سەرۆكی حكوومەت گوتارێكی بە زمانی ئینگلیزی پێشكەش كرد كە ئەمە دەقی گوتارەكەیە؛

خانمانی هێژا، برایانی بەڕێز
سەركردە باوەڕدارەكان
هاوڕێ بەڕێزەكانم لە پەرلەمان و حكوومەت
ئەندامە بەڕێزەكانی نێردە و شاندە دیپلۆماسییەكان

میوانانی هێژا
ئێوارەتان باش و بەخێرهاتنێكی گەرمی هەمووتان دەكەم بۆ گەڕی سەرلەبەیانیی یەكەم ڕۆژی نزای نیشتمانیی كوردستان.
بەخێر بێن بۆ كوردستان، بەخێر بێن بۆ ئەو خاكەی بانگی نوێژ، زەنگی كڵێساكان و ئەو سروودە ئارامانەی لە پەرستگە دێرینەكانەوە سەرچاوە دەگرن، چەندین سەدەیە تیایدا دەنگیان داوەتەوە...

مایەی شانازییەكی مەزن و خۆشحاڵیی زۆرە كە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەركردە و كەسایەتییە ئایینیەكان، نوێنەری پێكهاتەكان، دیپلۆماتكاران و پێڕەوكارانی ئایینە جیاوازەكان، لەبەردەم ئێوەی بەڕێزدا وەستاوم... ئامادەبوونی ئێوە، ڕەنگدانەوەیەكی تەواوی ڕۆحی كوردستانە، كوردستانی خاكی فرەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە و خۆڕاگری.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شارستانییەتەوە، كوردستان لانكەی كولتوور و ئایین و نەتەوەكان بووە. دەشت و دۆڵ و چیاكانی خاكەكەمان گەواهیدەری سەرهەڵدان و بەیەكەوەژیانی چەندان باوەڕی جیاواز و نەتەوە و پێكهاتە و گرووپی مرۆیی جیاواز بووە. لێرە، لەم خاكەدا بیروباوەڕەكان بە فۆرمە تایبەت و جیاوازەكانی خۆیان گەشەیان كردووە. خەڵك لەسەر ئەم خاكە لە پاشخانی نەتەوەیی جیاوازەوە، شان بە شانی یەكدی، بە ڕێز و شكۆوە پێكەوە ژیاون.

لە مێژووی نزیكماندا، گەلەكەمان بەبێ جیاكاریی نەتەوەیی، یاخود ئایینی، ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە، ڕژێمی زۆرداری سەدام حوسێن، لە ئەشكەنجەدان و چەوساندنەوەدا، هیچ جیاكارییەكی نەكرد لەنێوان كورد، عەرەب، توركمان، ئاشووری و كلدانییەكاندا، وەك چۆن جیاوازیی لە چەوساندنەوەی موسڵمان، كریستان و ئێزدییەكانیشدا نەدەكرد. لە هەڵمەتە پڕتوندوتیژی و كۆمەڵكوژییەكانیدا، هەوڵی پاكتاوكردن و سڕینەوەی ناسنامە و بێدەنگكردنی ئەوانەی دەدا كە دژی ڕژێمەكەی بوون.

نزیكتر لەو مێژووە، جارێكی دیكەش داعشی تیرۆریست و دڕندە، پێكهاتەكانی ئەم گەلەی بەبێ جیاوازی كردە ئامانج. كڵێساكانی سووتاند، پەرستگەی ئێزدییەكانی خاپوور كرد و خوێنی خەڵكی بێتاوانی ڕشت.

بەڵام سەرباری هەموو ئەو رووداوانە، لەو ڕۆژگارە سەخت و ڕەشانەدا، ڕۆحی كوردستان و خەڵكەكەی چۆكیان دانەدا. پێشمەرگە قارەمانەكان، كوڕ و كچەكانمان بۆ بەرگریكردن لە هەموو پێكهاتەكان ڕووبەڕووی داعش بوونەوە، نەك تەنیا وەك سەربازی پێڕەوكارانی یەك باوەڕ و ئەندامانی یەك نەتەوە، بەڵكوو وەك پارێزەران و بەرگریكاران لە هەموو خەڵكی كوردستان و عێراق و هەموو مرۆڤایەتی، ڕابوون.

پێشمەرگە موسڵمانەكان، هاوشان و لە یەك سەنگەردا لەگەڵ برا سەربازە ئێزدی و كریستیانەكان شەڕیان دژی داعش كرد، هەر یەكەیان ئامادە بوون ڕووبەڕووی مەرگ ببنەوە بۆ ئەوەی ئەم مزگەوتە بانگی تێدا بدرێت، ئەم كڵێسایە زەنگی تێدا لێ بدرێت، پەرستگەی ئێزدییەكان بە شكۆداری بمێننەوە و پێڕەوكارانی هەموو بیروباوەڕ و ئایینە جیاوازەكانی بە ئازادی و بەبێ ترس سەرلەنوێ سرووتەكانیان بەڕێوە بەرن و پەرستش بكەن.

ئەمڕۆ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بەم ئەركە پیرۆزەیەوە، ئێمە تەنیا خانوو و شارەكان بونیات نانێینەوە، بەڵكوو پەیمانمان نوێ دەكەینەوە بۆ پاراستنی ئازادیی ئایینی، پەرەپێدانی پێكەوەژیان و بەهێزكردنی ئاشتی لە هەموو سووچێكی خاكەكەمان.

شانازی بەوەوە دەكەین كە شاری عەنكاوە، لێرە لە هەولێر، تاكە شاری كریستیانشینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە گەورەبوون و فراوانبوون بەخۆیەوە دەبینێت و ژمارەیان ڕوو لە زیادبوونە، چونكە ژمارەی دانیشتوانی عەنكاوە لە ساڵی 2011-ەوە تا ئێستا، بووەتە دوو هێندە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر پابەندبوونمان بە فرەیی و پێكەوەژیان. لە هەمان كاتدا، كار لە بونیاتنانەوەی شوێنە پیرۆزەكانی خوشك و برا ئێزدییەكانماندا دەكەین، هاوكات پارێزگاری لە مزگەوت و كڵێسا و پەرستگەكانی تەواوی پێكهاتەكان دەكەین.

هاوشان لەگەڵ ئەم سێ باوەڕە سەرەكییەی ئاماژەم پێدان، كوردستان نیشتمانی زۆر لە ئایینەكانی دیكەیە، لەنێویشیاندا، كاكەیی، زەردەشتی، جوو و بەهائی. حكوومەتەكەمان كارایانە و چالاكانە كار دەكات بۆ بونیاتنانی مزگەوت، كڵێسا و پەرستگەی زیاتر، بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە هەموو دانیشتوانمان مافی بەڕێوەبردنی سرووتەكانیان و بەجێگەیاندنی ئەركە ئایینیەكانیان، بە ئاشكرا و بە سەلامەتی، پارێزراوە.

بواری پەروەردەش بە هەمان شێوە ڕۆڵێكی گرنگ لە داڕشتنی داهاتوویەكی تەبا و هاوسەنگ دەگێڕێت، بۆیە چاكسازی لە پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەكانماندا دەكەین بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی سرووشتی ڕاستەقینەی هەمەچەشنی و گشتگیریی كوردستان بێت. منداڵەكانمان تەنیا فێری نەریتەكانی خۆیان ناكەین، بەڵكوو نەریتی دراوسێكانیشیان فێر دەكەین بۆ ئەوەی كاتێك گەورە بوون، ڕێز لە یەكدی بگرن و بەیەكەوە ئاهەنگ بگێڕن.

لە پەرلەمان و حكوومەت و دامەزراوە گشتییەكاننماندا، پێڕەوكارانی بیروباوەڕە ئایینییە جیاوازەكان و پێكهاتە و نەتەوەكان، نوێنەرایەتییان هەیە و بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت. ئەم فرەكولتوورییە ئالنگارییەك نییە، بەڵكوو بەهێزییەكە لە بونیاتنانی كوردستانێكی پڕ ئاشتی، دیموكراتی و گەشەسەندوودا پشتمان پێی بەستووە.

دیدگای ئێمە بۆ كوردستان ڕوونە: هەرێمێك تێیدا پێڕەوكارانی هەموو بیروباوەڕەكان و پێكهاتە و نەتەوەكان بە سەربەستی بژین تیایدا، پێكەوە هەماهەنگیی تەواومان هەبێت و لە ئایندەی هاوبەشماندا هیوا بدۆزینەوە. پێویستە وەك بناغەی كۆمەڵگەیەكی خۆشگوزەران، خۆڕاگر و لێبوردە، جیاوازییەكانمان ببینین نەك جیاكارییەكان.

بۆ هەموومان جێگەی شانازی بوو كاتێك 2011 پاپا فرانسیس سەردانی هەولێری كرد و كۆبوونەوەیەكی گەورەی لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری ساز كرد، تێیدا هەزاران كەس بەشدارییان كرد. لە كۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێزیان لە هەولێر و لە ڕۆما، دركم بە پابەندبوونی ئەو بە ئاشتی و لێكگەیشتن كرد. هەموومان خەمبارین بە كۆچی دوایی بەڕێزیان و نزا دەكەین میراتییەكەی هانی یەكڕیزی بدات لەنێوان هەموو گەلانی جیهاندا.

هەر بۆیە ئەمڕۆ لێرە كۆ بووینەوە، بە باوەڕداری و نیازباشی یەكمان گرتووە، بەیەكەوە نزا دەكەین.
نزا بۆ ئەو بێتاوانانە دەكەین كە هێشتا گێرۆدەی ئازارن.
نزا بۆ ئەوانە دەكەین كە بەهۆی باوەڕیانەوە هێرشیان كراوەتە سەر و پەلامار دراون، بەڵام هەرگیز لەناو نەچوون.
نزا بۆ ڕۆحی شەهیدانمان دەكەین.
لە یەك كاتدا نزا بۆ كوردستان، عێراق، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانێك دەكەین كە تێیدا پێویست نەكات هیچ كەسێك بەهۆی بیروباوەڕیەوە، یان بەهۆی ئەو زمانەیەوە كە پێی دەدوێت، یان ئەو خاك و نیشتمان و وڵاتەی لە دڵیدا هەڵیگرتووە، گیرۆدە بێت.
هیواخوازین گەڕی سەرلەبەیانیی یەكەم ڕۆژی نزای نیشتمانیی كوردستان ببێتە نەریتێك، پەیوەندییەكانی نێوانمان بەهێزتر بكات و ببێتە رۆشناییەكی هاوبەش و یەكگرتوو بۆ نەوەكانی داهاتوو...
زۆر سوپاس



وشە - سه‌رخێڵ هاشم