له ماوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌رۆكایه‌تیى خۆى؛ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا، كه‌وته دژایه‌تى و هێرشكردنه سه‌ر مافیاكانى ئێم ئێس 13 (MS-13) به‌ڵام ئه‌مجاره له ماوه‌ى دووه‌مى سه‌رۆكایه‌تى، كه‌وتووه‌ته دژایه‌تیى مافیاكانى"ترێن دى ئۆراگوا"، چیرۆكى دژایه‌تیى ئه‌م گرووپه‌ى مافیا له‌كوێوه ده‌ست پێ ده‌كات؟ ئه‌وان كێن كه تره‌مپ به‌م چڕییه كه‌وتووه‌ته گرتن و دوورخستنه‌وه‌یان؟
له ماوه‌ى یه‌كه‌مى
سه‌رۆكایه‌تیى دۆناڵد تره‌مپ، دژایه‌تییه‌كى توندى مافیاكانى ئێم ئێس 13ى ده‌كرد. هه‌رچه‌نده ئه‌و گرووپه مافیایه له ناوخۆى ئه‌مه‌ریكا له سه‌ره‌تاى هه‌شتاكانی سەدەى ڕابردوو ده‌ركه‌وتبوون، به‌ڵام زۆربه‌ى ئه‌ندامه‌كانى سلڤادۆری بوون، بۆیه له ماوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌رۆكایه‌تیى تره‌مپ، كه‌وتنه به‌ر شاڵاوى پۆلیس و ده‌زگاكانى ئاسایشى ئه‌مه‌ریكا، تره‌مپ ئه‌وكات بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌كرد زۆرێك له‌و مافیایانه‌ى دوورخستووه‌ته‌وه و زیندانى كردوون.
به‌ر له ماوه‌ی دووه‌مى سه‌رۆكایه‌تیی ترەمپدا، كاتێك له 10ى ئه‌یلوولى 2024، تره‌مپ له‌گه‌ڵ كه‌مالا هاریس كاندیدى دیموكراته‌كان له گفتوگۆ بوون، هاریس باسى له‌وه كرد دیموكراته‌كان پڕۆژه یاسایه‌كانیان بۆ كۆنترۆڵكردنى سنووره‌كان و رێكخستنى كۆچبه‌ره‌كان هه‌یه، به‌ڵام تره‌مپ داواى له كۆمارییه‌كان كردووه له كۆنگرێس دژایه‌تیى تێپه‌ڕبوونى بكه‌ن. كاتێك له دیبه‌یته‌كه پرسیارى هۆكاره‌كه له تره‌مپ كرا له وه‌ڵامدا گوتى، "له شاره‌كانى وه‌ك ئۆرۆرا و سپرینگفیلد كۆچبه‌ره‌كان ئاژه‌ڵى ماڵى دانیشتووانه‌كان ده‌خۆن، ئه‌گه‌ر هاریس ببێته سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا ئه‌وا چاره‌نووسمان وه‌ك ڤه‌نزوێلا ده‌بێت".
ره‌نگه له‌و دیبه‌تدا قسه‌كانى تره‌مپ وه‌ك خۆده‌ربازكردن بووبێت، یان بۆ شكاندنى ركابه‌ره‌كه‌ى بووبێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى، ده‌ركه‌وت ناوهێنانى شارى ئۆرورا و كۆچبه‌ره‌كان، یان بوون به ڤه‌نزوێلا هه‌ندێك ئاماژه‌ى پێشبینه بوون بۆ جه‌نگێك كه هه‌ر كه ده‌ستى به كۆشكى سپى گه‌یشت، ده‌ستى به هه‌ڵگیرسانى كرد، ئه‌ویش له دژى مافیاكانى "ترێن دى ئۆراگوا" بوو، به‌ڵام ئه‌مانه كێن و بۆچى تره‌مپ دژایه‌تییان ده‌كات؟
ترێن دى ئۆراگوا (Tren de Aragua) دوو وشه‌ى ئیسپانییه و بەماناى "شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ى ئۆراگوا" دێت، ئه‌مه چیڕۆكى گرووپێكى مافیایه له شارى ئۆراگواى ناوه‌ڕاستى ڤه‌نزوێلا ده‌ركه‌وتووه له‌سه‌ر ده‌ستى كه‌سێك به‌ناوى نینۆ گیریرۆ (Niño Guerrero)، راگه‌یاندن گیریرۆ به "به‌ڕێوه‌به‌رى گرتووخانه راقییه‌كه" ناوى ده‌به‌ن، ئه‌و نازناوه‌ش وه‌ك توانجێك؛ له‌وه هاتووه کە نینۆ له گرتووخانه گرووپێكى مافیاى به‌ڕێوه بردووه، دواتر هه‌ر له‌و رێگه‌یه‌وه داهاتێكى ئه‌وتۆى ده‌ستكه‌وتووه كه بتوانێ "باخچه‌ى ئاژه‌ڵان و یانه‌ى شه‌وانه و بانك"ی هه‌بێت.
نینۆ له ساڵى 1983 له ئۆراگواى ڤه‌نزوێلا له‌دایك بووه، سه‌ره‌تاى 2000 ده‌ستى به كارى ماده‌ى هۆشبه‌ر كردووه تا ساڵى 2010 گیرا. هه‌رچه‌نده گیرا بوو به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت له گه‌ڕه‌كه‌كانى ژێر ده‌ستى مافیاکان، وه‌ك سه‌رۆكى مافیا له ده‌ره‌وه ده‌بینرێت، بۆیه جارێكى تر له 2018 گیرایه‌وه، كه‌چى له‌و ماوه‌یه‌دا گرتووخانه‌ى كرد به باره‌گایه‌ك بۆ تاوانه‌كانى، شوێنى حه‌وانه‌وه‌ى له گرتووخانه دوو نهۆم بوو، له‌وپه‌ڕى خۆشگوزارانى ده‌ژیا و كاره‌كانیشى به‌ڕێوه ده‌برد. له ساڵى 2020 نزیكه‌ى هه‌زار پیاوى هه‌بوو كه له‌ژێر فه‌رمانى ئه‌و بوون، بۆیه حكوومه‌تى ڤه‌نزوێلا كه‌وته جووڵه، 11 هه‌زار سه‌رباز و پۆلیسى ته‌رخان كرد بۆ ئه‌وه‌ى به‌دواى بگه‌ڕێن كه‌چى له‌ناو گرتووخانه و له ده‌ره‌وه‌ش نه‌یان دۆزیه‌وه.
له ساڵانى دواییدا ژماره‌یه‌كى زۆر له كۆچبه‌ره‌كانى ڤه‌نزوێلا روویان له شارى ئۆرورا كرد له‌گه‌ڵ ویلایه‌تى كولورادۆ، ئه‌مه‌ش ئه‌و شوێنانه بوون كه تره‌مپ له گفتوگۆكه‌ى له‌گه‌ڵ هاریس باسى كرد. میدیاكانى ئه‌مه‌ریكا باس له‌وه ده‌كه‌ن، رۆژ له دواى رۆژ تاوانه‌كانى مافیاى ترێن دى ئۆراگوا، له‌گه‌ڵ زیادبوونى ڤه‌نزوێلییه‌كان زیاتر ده‌بێت، له 2023 ژماره‌یان گه‌یشتووه‌ته 50 هه‌زار كه‌س، کە له‌وانه‌یه ته‌نیا چه‌ند سه‌ت كه‌سێك سه‌ر به مافیاكه بن.
میدیاكانى ئه‌مه‌ریكا باسیان له جۆره‌كانى تاوانى ئه‌و كه‌سانه كردووه له‌وانه: دزینى ئۆتۆمبێل، وه‌رگرتنى سه‌رانه له خه‌ڵك، بازرگانیى ماده‌ى هۆشبه‌ر، له‌شفرۆشى، رفاندن و ئه‌شكه‌نجه‌دانى خه‌ڵك. له‌گه‌ڵ زیادبوونى ئه‌و تاوانانه‌ش له ئه‌مه‌ریكا، زیاتر رۆشنایى ده‌خرێته سه‌ر مافیاكانى تێرن دى ئۆراگوا.
وه‌ك تێبینى ده‌كرێت له ماوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌رۆكایه‌تى، تره‌مپ هێرشى ده‌كرده سه‌ر مافیاكانى ئێم ئێس 13، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌مجاره جیاوازە ئه‌وه‌یه، هه‌ر له 100 رۆژى یه‌كه‌مى سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى هێرشى بۆ سه‌ر ترێن دى ئۆراگوا ده‌ست پێ كردووه. له‌وه‌ش سه‌یرتر؛ تره‌مپ له دژى ئه‌و مافیایانه یاسایه‌كى كۆنى به‌كارهێناوه، كه مێژووه‌كه‌ى بۆ ساڵى 1798 ده‌گه‌ڕێته‌وه، له مێژووى ئه‌مه‌ریكاش ته‌نیا سێ جار به‌كارهاتووه، ناوى یاساكه "یاساى دوژمنه بیانییه‌كانه". ئه‌و یاسایه رێگه به سه‌رۆك ده‌دات، هاووڵاتییانى سه‌ر به وڵاتێكى تر له‌ناو ئه‌مه‌ریكا بگرێت و ده‌ریان بكات، به‌ڵام له كاتێكدا وڵاته‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له حاڵه‌تى شه‌ڕ بێت.
تره‌مپ به‌و یاسایه له چه‌ند رۆژى رابردوودا 200 كه‌سى ده‌ركردووه، هه‌روه‌ها به‌ڵێنى داوه هه‌زارانى تر ده‌ربكات به تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى پێوه‌ندییان به یه‌كێك له دڕنده‌ترین گرووپى مافیاى سه‌ر گۆى زه‌وى هه‌یه. شاره‌زایان پێیان وایه ئامانجى سه‌ره‌كیى تره‌مپ ته‌نیا لێدانى مافیاكان نییه، به‌ڵكو زیاتر مه‌به‌ستى ده‌ركردنى كۆچبه‌رانه.