ساڵانێكە پاركی گەورە لە سلێمانی دروست نەكراوە و پێویستە گرنگی بە ژینگە بدرێت

:: PM:08:49:24/04/2025 ‌

گوتەبێژی باخچەكانی سلێمانی رای دەگەیەنێت كە چەندین ساڵە هیچ پاركێك لە شاری سلێمانی دروست نەكراوە، هۆكارەكەش ئەوەیە هیچ بودجەیەك لەبەردەست نەبووە، چونكە دروستكردنی پارك پێویستیی بە بودجەیەكی زۆر هەیە و چەندین دۆنم زەوی دەگرێتەوە.

لە ماوەی پێنج بۆ 10 ساڵی رابردوو، هیچ پاركێكی نوێ لە شاری سلێمانی لە لایەن بەشی پاركەكان و باخچەكانی شارەكە دروست نەكراوە كە سەر بە شارەوانیی سلێمانییە، تەنیا پاركێك دروست كراوە ئەویش لە لایەن كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتەوە بووە، شارەزایەكی ژینگە دەڵێت، گرنگیدان و دروستكردنی پارك و باخچە بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی و ژینگە زۆر گرنگە.

عەلی حامید گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەكانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، دروستكردنی باخچە و پارك و بلوار پێویستیی بە پارە و بودجەیەكی زۆر هەیە بەتایبەتی دروستكردنی پارك، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لە شاری سلێمانی هیچ پاركێكی نوێمان دروست نەكردووە وەك پاركی گەورە، ئەوانەی لە ناو شار هەن وەك پاركی دایك و شەهیدان و پاركەكانی تر.

روونی كردەوە، دروستكردنی پارك پارەیەكی زۆری دەوێت، ئەمەش لەو چەند ساڵە قورس بووە، چونكە بودجەی بۆ تەرخان نەكراوە، دروستكردنی پارك زەویەكی زۆری دەوێت، تەنیا پاركێك لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو كاری لەسەر كراوە پاركی مەولانا بووە كە لە لایەن كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت دروست كراوە و حكوومی نەبووە.

 گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەكانی سلێمانی دووپاتی كردەوە، باخچە و بلوارەكانی تر لەجیاتی سەوزكردنیش ئەوانەی كە دروست كراون لەو چەند ساڵەی رابردوو لە لایەن كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكانەوە بووە، ئەوانیش لە لایەن باخچەكانەوە دروست نەكراون، بەڵام ئەوانە زۆر كران، بەتایبەتی لە بری سەوزكردن كە ئەوە هەڵمەتێكی فراوان بووە.

بەپێی ئەو ئامارەی لە بەڕێوەبەرایەتیی باخچەكان بە "وشە" دراوە، لە شاری سلێمانی سەرو 500 باخچە و بلوار هەن، هەروەها حەوت پاركی گەورە هەیە، پاركی ئازادی گەورەترین پاركە لە شارەكە و لە ماوەی رابردوو دەست كراوە بە نۆژەنكردنەوەی ئەو پاركە و ئێستە لە قۆناغی كۆتاییدایە.

هاوكات شارەزایەكی ژینگە رای دەگەیەنێت كە دروستكردنی باخچە و پارك بەتایبەتی، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەرزكردنەوەی رێژەی سەوزایی و ژینگەی هەر شارێك دەبێت، بۆیە پێویستە گرنگی بە دروستكردنی پاركی گەورە نۆژەنكردنەوەی باخچەكان بدرێت.

سوبحان حوسێن شارەزای بواری ژینگە بە "وشە"ی گوت، بوونی پارك و سەوزكردنی شارەكان كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بەرزكردنەوەی رێژەی سەوزایی دەبێت، بەو پێیەی ساڵ بە ساڵ هۆكارەكانی پیسكردنی ژینگە زیاتر دەبن، بۆیە گرنگە لە بەرانبەردا گرنگی بە سەوزكردن بدرێت و شارەكان و دەرەوەی شارەكان بە درەخت سەوز بكرێن بۆ ئەوەی رێژەی سەوزایی زیاتر بكرێت كە لە هەمانكاتدا كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژینگە هەیە، چونكە هەموو سەنتەری شارەكانی بۆ ئەوەی ژینگەیەكی خاوێنیان هەبێت پێویستە سەوزكردن فراوان و زۆر بكرێت، چونكە هەر پاركێك كە دروست دەكرێت سەتان داری تێدا دەچێنرێت، ئەوەش هەوا پاك دەكاتەوە.

روونی كردەوە، ئەو رووبەرەی كە تەرخان دەكرێت بۆ پارك لە ناو شاردایە، ئەگەر هەمان رووبەر بكرێتە پڕۆژە و شوێنی نیشتەجێبوون، كاریگەریی خراپی لەسەر ژینگە و رێژەی سەوزایی هەیە و بۆ گەرماش كاریگەریی خراپی هەیە، بەڵام كە كرا بە سەوزایی مەودای بینین باشتر دەكات، پیسبوونی هەوا لە ناو شارەكانی زیاترە، ئەمە وا دەكات ژینگەی هەوا خاوێنتر بكرێتەوە.

وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل