ئەمەریكا چی لە مەسروور بارزانی دەوێت؟

:: PM:02:11:25/04/2025 ‌
دوای گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، پەلەكردنێك لەلایەن رۆژئاوا بە گشتی و ئەمەریكا بە تایبەت بەدی دەكرێت لە هاندانی لایەنی كوردی بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێزی نوێی كوردی بە جۆرێك لەم چەند رۆژەی دواییدا دوو شاندی باڵای ئەمەریكا بە مەسروور بارزانییان راگەیاندووە كە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، بەڵام پرسیار ئەوەیە پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم لە كوێی بەرژەوەندییەكانی رۆژئاوا و ئەمەریكایە؟ 

لە 13ی ئەم مانگە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا كرد، بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە شاندی ئەمەریكا هاوشێوەی لایەنی كوردی، دووپاتیان لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەریمی كوردستان كردووەتەوە لە زووترین كاتدا و هەر دوو رۆژ دوای ئەم كۆبوونەوەیش لە 15ی ئەم مانگە، شاندێكی تری ئەمەریكی بە سەرۆكایەتی ڤیکتۆریا تەیلەر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سەردانی مەسروور بارزانییان كرد و دووپاتییان كردەوە كە پێویستە لە زووترین كاتدا كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم پێكبهێنرێت. 

لەمبارەوە د. عادل باخەوان بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمەریكا و رۆژئاوا هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا بە هاوپەیمان دەبینن و سیاسەتی فەرمی ئەمەریكا و رۆژئاوا لەبارەی هەرێمی كوردستان زۆر روونە و یەك رستەیە ئەویش " حكوومەتێكی هەرێمی كوردستانیی بەهێز" لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوودا. 

بە بڕوای عادل باخەوان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند بەهێزبێت، ئەوەندە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەمەریكایە لە عێراقدا، بە پێچەوانەوەیش چەند حكوومەتێكی كزۆڵ و بنكۆڵی كوردی لە عێراق بوونی هەبێت، ئەمەریكا بە مەترسی دەبینێت لەسەر بەرژەوەندییەكانی. 

دوای سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی رابردوودا، هەر زوو سەرۆك بارزانی رای گەیاند كە بنەماكانی پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بریتی دەبێت لە یەك حكوومەت، یەك هێزی پێشمەرگە و یەك پەرلەمان، لەمبارەیشەوە عادل باخەوان ئەوەی گوت كە یەكێك لە هاندانەكانی ئەمەریكا بۆ دەسەڵاتی كوردی لەم قۆناغەدا ئەوەیە كە هێزی پێشمەرگە یەك بخەنەوە. 
 
لای خۆشییەوە ژووری توێژینەوە و هەواڵی "وشە" بەپشتبەستن بە خوێندنەوە بۆ واقعی سیاسیی هەرێمی و ناوخۆیی و نێودەوڵەتی گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی كە رژدبوونی ئەمەریكا و پەلەكردنی لە مەسروور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێتەوە كە دیاریتریان بە كورتی ئەمانەی خوارەوەن: 

1. كەسایەتی مەسروور بارزانی لای ئەمەریكییەكان قبووڵكراو و متمانەپێكراوە، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی سیاسەتی ئەم سەرۆك حكوومەتە لە كابینەی رابردوو دەركەوت گرنگیدانە بە رەوشی تەناهی و خزمەتگوزاری و سوودبینین لە تەكنەلۆجییای نوێ و هاوكات پێوەندیی و هەڵوێستە سیاسییەكانی زیاتر بەرەو رۆژئاوا بووە. 

2. ئەمەریكا زۆر لای گرنگە كە دۆلارەكەی بۆ چەند وڵاتێكی ئیقلیمی نەڕوات و رێگە لە سپیكردنەوەی پارە بگرێت، بۆ جێبەجێبوونی ئەم هەنگاوەیش، ئەمەریكا زۆر رژدە لەسەر هێنانەكایەی سیستمێكی كارای بانكیی لە تەواوی عێراق، چونكە سیستمێكی شەفافی بانكی رێگر دەبێت لە سپیكردنەوە و هەناردەی دۆلار بۆ وڵاتانی تر، ئەم ئامانجەی ئەمەریكا بە تەواوی روونتر بوو كاتێك 13ی ئەم مانگە پێنج كۆنگرێسمانی ئەمەریكی "ئادەم سمیس ، مایکل باومگارتنەر ، سارا جاکۆبس ، وێسلی بێڵ ، جۆرج وایتسایدز " و شاندێكی یاوەری لە سەردانێكیان بۆلای مەسروور بارزانی کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان خستەڕوو و ئاماژەیان بە پێگەی گربگیی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە کرد و پشتیوانی ئەمەریکایان بۆ هەرێم دووپات کردەوە و تیشكیان خستە سەر چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم بە تایبەت لە بواری بانكیدا، ئەم شایەتیدانەی ئەمەریكایش دوای ئەوە دێت لە كابینەی نۆیەم بۆ یەكەمجار هەوڵدرا هەموو مووچەخۆرێك هەژماری تایبەت بەخۆی بۆ بكرێتەوە و وەك هەنگاوی یەكەم ژیانی مووچەخۆر بەبانكیی بكرێت. 

3. ئیدارەی نوێی ئەمەریكا چاوی لە وەبەرهێنانە لە وڵاتە جیاوازەكان: یەكێك لە سیاسەتەكانی كابینەی نۆیەم و مەسروور بارزانی كە زۆر دووپاتی لەسەر كردووەتەوە، بریتی بووە لە هێنانی كۆمپانیا بیانییەكان و داوەتكردنیان بۆ كوردستان تا وەبەرهێنان بكەن، ئەمەیش بۆ فرەچەشنكردنی داهات و زیادبوونی هەلی كار، ئەم تێگەیشتنەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ وەبەرهێنان دەكرێ هۆكارێكی تر بێت لەوەی كە ئەمەریكا چاوی لە هەرێمێكی سەقامگیر و خاوەن حكوومەتێكی بەهێز بێت، بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی خۆی لەم هەرێمە وەبەرهێنان بكەن. 

4. هەڵكەوتەی جیۆگرافی كورستان وای لە كوردستان كردووە كە ببێتە خاوەن جیۆگرافیایەكی سیاسیی دڵخواز بۆ ئەمەریكا، بە هۆی ئەوەی وڵاتەكانی دراوسێی كوردستان كۆكنین لەگەڵ سیاسەتەكانی ئەمەریكا و بگرە هەندێكیان كێشەی قووڵیان لەگەڵ ئەمەریكا هەیە، وەك ئێران. بە بڕوا و لێكدانەوەی ئەمەریكا بوونی حكوومەتێكی بەهێزی یەكگرتووی كوردیی هاوپەیمانی ئەمەریكی، زۆر گرنگە بوونی هەبێت لە ناوچەیەك كە لە رۆژهەڵاتییەوە ئێران و لە رۆژئاوایشییەوە سووریایەكی ناڕوون و لە باشووریشییەوە عێراقێكی كۆنترۆڵكراو لەلایەن ئێرانەوە هەن. لەلایەكی تریشەوە توركیا لە باكوریەتی كە هێشتا تەواو یەكلایی نەبووەتەوە كۆكە یان دژی سیاسەتە نوێیەكانی ئیدارەی ئەمەریكایە. 

5. كوردستان هەمیشە بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان و ڕۆڵێکی گرنگیشی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەبووە كە ئەمە بۆ ئەمەریكا زۆر گرنگە لە ناوچەكەدا، بە تایبەت لەو كاتەیدا پێكهاتە و ئاینەكانی تر لە ناوچەكانی تری عێراق لە ترس و رەوشێكی ناسەقامگیر دەژین و لە 11ی ئەم مانگەیش كاتێك مەسروور بارزانی و مارك رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا زۆر بە روونی ئەمە باس كرا بوو و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان. 

دەرەنجام: 
ئەمەریكا چاوی لە پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێی بەهێزی كوردییە و بۆ ئەم مەبەستەیش متمانەی تەواوی بە سیاسەتەكانی مەسروور بارزانی هەیە لەوەی دەتوانێت حكوومەتێكی یەكگرتووی بەهێز پێكبهێنێت و تیایدا سیستمی بانكیی و بنەماكانی حكوومەتێكی دیجیتاڵی زیاتر بەرەو پێش ببات و سەقامگیرییەكەیشی بپارێزێت و هەروەك چۆن پێشووتریش زۆر گرنگی داوە بە هاندانی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ وەبەرهێنان لە كوردستان بەردەوام بێت لە پراكتیزەكردنی ئەم سیاسەتە.




وشە - پۆڵا مەحموود