رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له راپۆرتێكدا باس له ناوه‌ڕۆكى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه ده‌كات كه له نێوان شاندێكى ده‌م پارتى و وه‌زیرى دادى توركیا ئه‌نجام دراوه، تێیدا تاوتوێى رێكارییه یاساییه‌كانیان كردووه بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشتى له توركیا.
ماڵپه‌ڕى رۆژنامه‌ى
شه‌رق ئه‌وسه‌ت، راپۆرتێكى له‌سه‌ر پرۆسه‌ى ئاشتى له توركیا بڵاو كردووه‌ته‌وه به ناونیشانى، "توركیا و په‌كه‌كه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بانگه‌شه‌كه‌ى ئۆجه‌لان بۆ ئاشتى ده‌كه‌ن؟" له سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، "ژماره‌یه‌ك پرسیار له‌باره‌ى ئاراسته‌ى جێبه‌جێكردنى بانگه‌شه‌ى ئۆجه‌لان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌كه‌كه و چه‌كدادانى ده‌كرێن، له‌گه‌ڵ شێوازى مامه‌ڵه‌كردنى سه‌ركرده‌كانى په‌كه‌كه له قه‌ندیل و ده‌وڵه‌تى توركیا له‌م قۆناغه‌دا".
له راپۆرته‌كه‌دا زیاتر باس له چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردنى توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌و قۆناغه كراوه كه سه‌ره‌تا ده‌بێت له ره‌هه‌ندێكى یاساییه‌وه بێت. بۆیه ئاماژه بۆ ئه‌و دیداره ده‌كرێت كه چه‌ند په‌رله‌مانتارێكى ده‌م پارتى "پارتى دیموكراسى و یاساى گه‌لان" له‌گه‌ڵ یه‌ڵماز تونج وه‌زیرى دادى توركیا ئه‌نجامیان داوه، تێیدا كۆمه‌ڵێك داواكارییان پێشكه‌شى وه‌زیرى داد كردووه، له‌وانه كۆتاهێنان به گۆشه‌گیریى ئۆجه‌لان و پێدانى ئازادیى زیاتر له هه‌ڵسوكه‌وت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش داوایان كردووه، دیداره‌كانى ته‌نیا له‌گه‌ڵ سیاسییه‌كان نه‌بێت، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان و كه‌سانى سه‌ربه چینه‌كانى تریش بێت.
شانده‌كه‌ى ده‌م پارتى له په‌رله‌مانتاران گوڵستان كلیچ كۆچیگیت، سیزاى ته‌ملى، ئوزتورك دۆغان جێگرى هاوسه‌رۆكى پارته‌كه پێكهاتبوون، جیا له وه‌زیرى داد ره‌مه‌زان جانى جێگرى له كۆبوونه‌وه‌كه به‌شدار بوون. دواى كۆبوونه‌وه‌كه كه سه‌عاتێك و 45 خوله‌كى خایاندووه، كۆچیگیت گوتی هه‌لێك ره‌خساوه بۆ تاوتوێى كردارى ئه‌و پرۆسه‌یه كه له تشرینى یه‌كه‌م ده‌ستى پێ كردووه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا له‌گه‌ڵ وه‌زیرى داد، باس له بارودۆخى ته‌ندروستى ئۆجه‌لان كراوه له گرتووخانه‌ى ئیمراڵى.
گوڵستان كۆچیگیت ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسى ره‌هه‌ندى یاسایى ئه‌وه نه‌كراوه كاتێك ئه‌ندامانى په‌كه‌كه چه‌كه‌كانیان داده‌نێن و پارته‌كه‌یان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، چاره‌نووسیان چى ده‌بێت، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى تاوتوێى بارودۆخى ئۆجه‌لان كراوه، له‌گه‌ڵ مافى وه‌رگرتنى هه‌واى پاك و به‌ده‌ستهێنانى مۆبایل. له‌باره‌ی هه‌ڵوێستى یه‌ڵماز تونج له‌سه‌ر داواكارییه‌كانى ئه‌وان، په‌یامى ئه‌وه‌ى داوه كه ده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌كى گه‌وره بارودۆخى ئۆجه‌لان باشتر بكرێت. هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌و داواكارییانه‌ى ده‌م پارتى له چوارچێوه‌ى یاساكان هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكرێت. هه‌ر به‌گوێره‌ى یاسایش هه‌نگاویان بۆ بنرێت.
له‌باره‌ى ئه‌و هه‌ڵوێسته گوڵستان ده‌ڵێ، "زیاتر له‌وه‌ى پێشبینیمان كردبوو، بابه‌ته‌كان ئه‌رێنى بوون".
شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئه‌وه‌شى روون كردووه‌ته‌وه، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى له‌گه‌ڵ یه‌ڵماز تونج كۆبوونه‌ته‌وه، به چه‌ندان هۆكارى جیاواز هیچ ئه‌ندامێكى شاندى ئیمراڵیان له‌گه‌ڵ نه‌بووه، هه‌روه‌ها هیچ داواكارییه‌كیش له‌باره‌ى ئه‌وه پێشكه‌ش نه‌كراوه، له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئۆجه‌لان سه‌رپه‌رشتیى كۆنگره‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌كه‌كه بكات كه سه‌ركردایه‌تى په‌كه‌كه له قه‌ندیل داواى ده‌كات.
له راپۆرته‌كه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌تدا باس له‌وه كراوه، بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشتى له توركیا، ده‌بێت ده‌وڵه‌ت چه‌ندان یاسا هه‌موار بكاته‌وه، گوڵستانیش باسى له‌وه كردووه، پێویست توركیا یاساكانى هه‌موار بكاته‌وه، به تایبه‌تى یاساى له‌سێداره‌دان، یاساى گرتووخانه‌كان، یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر.
له‌باره‌ی هه‌ڵوێستى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا، له راپۆرته‌كه ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه، دوایین دیدارى شاندى ئیمراڵى بۆ گرتووخانه‌كه، رۆژى دووشه‌مى رابردوو بووه و چه‌ند رۆژێكیش پێشتر سه‌رۆكى توركیایان بینیوه، ئه‌و دووپاتى له‌سه‌ر سووربوونى خۆى بۆ به‌رده‌وامبوون له پرۆسه‌كه كردووه‌ته‌وه.