بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەك كە تێیدا هەنگەوانانی كوردستان باڵندەی رەنگاڵە دەكوژن، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەرا دەنێتەوە.
لە وەرزی بەهاردا باڵندەی رەنگاڵە دێنە باشووری كوردستان و زیان بەهەنگەوانان دەگەیەنن، بەشێك لە هەنگەوانان ئەو باڵندەیە لەناو دەبەن.
لە چەند رۆژی رابردوو و لە چەند گرتە ڤیدیۆیەكدا بڵاو كرانەوە، دەردەكەوێت لەلایەن هەنگەوانانەوە بۆ پاراستنی هەنگەكانیان، بەكۆمەڵ باڵندەی رەنگاڵە دەكوژن، بەشی زۆر هاووڵاتییان دژی ئەم كارەن و هەنگەوانانیش داوای پاراستنی هەنگەكانیان دەكەن.
ئەحمەد پشدەری سەرۆكی رێكخراوی هەنگەوانانی كوردستان، لەمبارەیەوە بە"وشە"ی راگەیاند، ئەو باڵندەیە زیانی زۆری بەهەنگەوانان گەیاندووە، چونكە لە گەرمەی وەرزی كاركردنی هەنگدا دێتە كوردستان و خواردنی سەرەكیشی هەنگە، بۆیە دەبێت رێگەیەك هەبێت بۆ رێگریكردن لە خواردنی هەنگی هەنگەوانان.
سەرۆكی رێكخراوەكە ئەوەشی گوت، ئەگەرچی ئەو باڵندەیە زیانی زۆر دەدات، بەڵام نابێت هەنگەوان رێگەی كوشتن بگرێتەبەر، ئەوە تاوانە و زیان لە ژینگەی كوردستان دەدات.
بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە، پشدەری پێشنیار دەكات ئامێری دەنگ لە بازاڕ هەیە لەناو هەنگەڵانەكاندا دابنرێت و ئەو باڵندەیە ناوێرێت بێتە نزیكی سندووقی هەنگەكان، بەبڕوای پشدەری ماوەی مانەوەی ئەو باڵندەیە لە باشووری كوردستان زۆر نییە، بۆیە دەبێت هەنگەوانان ددان بەخۆیاندا بگرن.
ئەحمەد پشدەری باسی لەوەش كرد، ئەو باڵندەیە تەنیا رۆژانی هەور و باران زۆرتر پەلاماری هەنگەڵانی هەنگەوانان دەدات، ئەوەش بەڕێگەی تر دەكرێ هەنگەوان رێگە لێ بگرێت نەك بەكوشتن و لەناوبردنیان، چونكە وەك پشدەری دەڵێت: ئەو باڵندەیە تەنیا زیانی نییە، سوودیشی هەیە.
بەبڕوای سەرۆكی رێكخراوی هەنگەوانان، ئەو باڵندەیە زەردەواڵە و زەردەزیڕە و چەندان شتی تر دەخوات كە ئەوانیش مەترسین بۆ سەر هەنگ.
باڵندەی رەنگاڵە لە كوردستان ناوی جیاجیای هەیە، ڕەنگاڵە، ڕەنگڕژە، ڕەنگڕێژە، قاژقاژ، كەنەسمە، كەناوەسمە، مێشخۆرە، مێشخۆركە، واوەخورە، ھەنگ چنە، ھەنگە چینە، ھەنگە خۆركە، ھەنگەخۆرە.