كابینەی نۆ كاری گەورەی لە ژێرخانی ئاو كردووە پڕۆژەی ئیفرازی چواری هەولێر هەزار بیر لەكار دەخات

:: PM:09:19:27/04/2025 ‌

ساڵ بە ساڵ بەهۆی كەمبوونەوەی باران لە وەرزەكانی زستان و بەهاردا، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە رێژەیەكی بەرچاو دادەبەزێت و ئەوەش مەترسیی كەمئاوی زیاد دەكات، بەپێی شارەزایەكی بواری ئاوی ژێرزەوی، لێدانی بیری نایاسایی بە شێوەیەكی خراپ و راستەوخۆ، كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی هەبووە، بەهۆیەوە ئاستی ئاوی ژێرزەوی زیاتر دادەبەزێت.

بەو پێیەی بەرزبوونەوە و زیادبوونی ئاستی ئاوی ژێرزەوی پێوەندی بە بارانەوە هەیە، ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی لە تەواوی ناوچەكان باران كەم باریوە، بەهۆیەوە ئاوی ژێرزەوی كەمی كردووە، لە شاری هەولێر بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەی كەمیی ئاوی خواردنەوە بكرێت، پڕۆژەی ئیفراز چوار وەك پلانێكی ستراتیجیی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاری تێدا دەكرێت، بە تەواوبوونی بارتەقای هەزاران بیر ئاو دابین دەكات.

عەباس عەلی شارەزای بواری ئاوی ژێرزەوی بە "وشە"ی گوت، تا ئێستە نەگەیشتووینەتە ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەسەر وشكەساڵی بدرێت، وشكەساڵی چەند جۆرێكی هەیە، وشكەساڵیی كەشوهەوا، وشكەساڵیی كشتوكاڵی، وشكەساڵیی هایدرۆ و وشكەساڵیی ئابووری، ئەمساڵ وشكەساڵیی كەشوهەوا هەیە، چونكە لە سەرەتاوە باران كەم باریوە، جگە لە مانگی كانوونی دووەم نەبێت، ئەمەش وای كردووە كاریگەریی لەسەر ئاوی ژێرزەوی هەبووبێت.

روونی كردەوە، بەشێكی ئەو بارانەی كە دەبارێت 20%ی دەچێتە ناو حەوزە ئاوییەكانی ژێرزەوی، ئەمساڵ زەوی تێرئاو نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاوی ژێرزەوی بەراورد بە ساڵی رابردوو كەمتر بووەتەوە، ئەو بارانانەی لە ماوەی مانگی چوار باریون زۆر كاریگەرییان نەبووە، چونكە چەند ملیمێك باران بەس نییە، بۆ ئەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەویی سلێمانی بوەستێت و دانەبەزێت، 550 بۆ 650 ملم بارانی ساڵانەی دەوێت.

ئەو شارەزایە باسی لەوەش كرد، كەمبارانیی ئەمساڵ وای كردووە بەشێك لە بیرە نایاساییەكان وشك بن، بیرە زۆر قوڵەكانیش ئاستی ئاویان دابەزیوە، لێدانی بیری نایاسایی بە شێوەیەكی خراپ كاریگەریی لەسەر ئاستی ئاوی ژێرزەوی هەبووە، چونكە ئەو بیرە نایاساییانە زیان لە ئاوی ژێرزەوی دەدەن و وەك بیری یاسایی نین، هەر بۆیە زوو وشك دەبەن و لە 15 ساڵی رابردوو لە سنووری سلێمانی سەرو 10 هەزار بیری نایاسایی وشك بوون.

لای خۆیەوە خومار حەمەنەجم بەڕێوبەری ئاوی ژێرزەوی بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە راپۆرتی كۆتاییمان لەبارەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە سلێمانی ئامادە نەكردووە، چونكە ئەو راپۆرتە سێ مانگ جارێك دەكرێت، دەبێت ئەوەش بڵێین، هەر كاتێك باران دەبارێت، راستەوخۆ ناچێتە سەر ئاوی ژێرزەوی، ئەمڕۆ باران ببارێت، سبەی ئاوی ژێر زەوی بەرز بێتەوە، بەڵام ئەوە روونە ئاستی ئاوی ژێرزەوی دابەزیوە، لێدانی بیری نایاساییش كاریگەریی لەسەر ئاوی ژێر زەوی هەیە.

لە لایەكی ترەوە، ئەمڕۆ یەكشەم بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی هەولێر رای گەیاند، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاری گەورەی لە بواری ژێرخانی ئاو كردووە، لە دروستكردنی پۆند و بەنداو و پڕۆژەی راكێشانی ئاو، هەروەها دروستكردنی بۆری ئیفرازی چوار، كە لەگەڵ تەوابوونی هەزار بیر لەكار دەخرێن.

روونی كردەوە، دۆخی سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان و هەولێر زۆر خراپە، ئەو سەرچاوە ئاویانەی بەراورد بە ساڵانی رابردوو خراپ بووە، بەڵام پێویستە كۆمەڵگە وشیار بێت و بزانێت چۆن ئاو بەكار دێنێت، پێدانی مۆڵەتی بیر بەپێی یاسای پەرلەمانە، بەدەر لەوە لێدانی بیر نایاساییە، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە سەتان ئامێری لێدانی بیر دەستی بەسەردا دەگیرێت و پارچە پارچە دەكرێن و وەك ئاسن دەفرۆشرێن، لێدانی بیری نایاسایی كاریگەریی خراپی لەسەر ئاوی ژێرزەوی هەیە.

بەپێی داتایەك لە ساڵی 2009 لە سنووری سلێمانی زیاتر لە هەزار و 300 ملم باران باری، ئاستی ئاوی ژێرزەوی چوار مەتر بەرز بووەوە، بەنداوەكان پڕ بوون، بەڵام لە دوای ئەوە لە ساڵانی 2020 و 2021، باران زۆر كەم بووەوە، 400 بۆ 500 ملم بوو، ئەوەش وای كرد ئاستی ئاو 12 مەتر دابەزێت كە دابەزینێكی زۆر بوو، هەروەها بەشێكی چەم و رووبارەكانیش وشك بوون، بەڵام لە 2022 و 2023 رێژەی باران بۆ 800 ملم بەرز بووەوە و ئاستی ئاوی ژێرزەوی زیاتر لە مەترێك بەرز بووەوە، ساڵانەش بەشێوەیەكی گشتیی سنوورەكە پێویستی بە 650 ملم باران هەیە.

وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل