نرخی دۆلار چی بەسەر دێت؟

:: PM:05:12:08/05/2025 ‌

ئێستە نرخی دۆلار لە بۆرسە و بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دابەزیوە، هەندێك لە شارەزایان هۆكارەكەی بۆ رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندی دەگەڕێننەوە، ئەگەرچی تەنگژەی سەرەكیی عێراقییەكان ئەوە نییە، بەڵام هیوایەكیان هەیە بەوەی تەنگژەیەك چارەسەر بێت، شارەزایەكی ئابووری گومان دەخاتە سەر ئەو دابەزینەی نرخی دۆلار و بە بەردەوامبوونی بە  هەندێك شت دەبەستێتەوە.

ماوەیەكە نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان رووی لە دابەزین كردووە، ئەمڕۆ ئێوارە لەگەڵ داخرانی بۆرسەكانی حارسییە و كیفاح لە بەغدا نرخی 100 دۆلار گەیشتە 142.700 هەزار دینار، دوای ئەوەی نرخەكەی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم 142.000 هەزار دینار بوو، لە بازاڕیش نرخی 100 دۆلار بۆ 144.000 هەزار دینار بەرز بووەوە، لە هەولێر نرخی 100 دۆلار فرۆشتن بووە 142.900 هەزار دینار و كڕین 142.800 هەزار دینار. 

ئێستە خەڵك بە وریاییەوە چاودێریی ئەو دابەزینەی نرخی دۆلار دەكات، مستەفا حەنتووش شارەزای ئابووری دەڵێت، لەگەڵ دەست پێكردنی گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا مەترسی لەسەر بازرگانی لە نێوان عێراق و ئێران نەماوە، بانكی ناوەندی دۆلار بۆ ئەو بازرگانییە دابین دەكات و گوشار لەسەر بازاڕ هەستاوە، واتە دۆلار بۆ ئەو بازرگانییە لە بازاڕ ناكڕدرێت.

روونی كردەوە، ئەگەر ئەو بابەتە و بابەتی دابینكردنی دۆلار بۆ گەشتیاران بۆ وڵاتانی سزای ئەمەریكایان لەسەرە چارەسەر بكرێت، جیا لەو كێبەركێیەی لە نێوان بانكەكان هەیە، نرخی دۆلار دادەبەزێت و دەگاتە ئاستی 135.000 هەزار دینار بۆ 100 دۆلار، بەڵام ئەگەر چارەسەری ئەو بابەتانە نەكرا، نرخەكە بەو شێوەیە هەڵبەز و دابەزین دەكا و دابەزینی وەك ئێستەی نرخی دۆلار كاتی دەبێت.  
نرخی دۆلار بۆچی دابەزی؟

ماوەیەك بوو نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار لە بازاڕەكانی عێراق لەسەر ئاستی 150 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار جێگیر بوو، لەگەڵ هەڵبەز و دابەزینێكی كەم، ئێستە وەك تێكڕا پێنج بۆ شەش هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار دابەزیوە، رەنگە ئەوەش سەرسڕمانیی لای شارەزایان ئابووری و دارایی دروست كردبێت، ئاخۆ هۆكارەكەی چییە؟  

عەلا فەهد شارەزای دارایی و ئابووری لەوبارەوە دەڵێت، لە ماوەی داهاتوو نرخی دۆلار لە دابەزین بەردەوام دەبێت و جیاوازی لە نێوان نرخی فەرمی و بازاڕ لە نەمان نزیك دەبێتەوە.

روونی كردەوە، بانكی ناوەندیی عێراق بە هاوكاریی بانكەكان، زنجیرەیەك رێوشوێنی وەرگرتووە دیارترینیان دابینكردنی دۆلار راستەوخۆ بۆ كاری بازرگانی، ئەوەش وای كرد جیاوازیی نێوان نرخی فەرمیی دۆلار و نرخی لە بازاڕ كەم ببێتەوە.

فەهد دووپاتی كردەوە، جیا لەوە بەردەوامیی بانكی ناوەندی لە دابینكردنی دۆلار بۆ بازرگانیی دەرەكی و فرۆشتنی بە رێكوپێكی بۆ بانكەكان، ئەوانە وا دەكەن نرخی دۆلار لە بازاڕ زیاتر داببەزێت و پێشبینی دەكەین بەمنزیكانە نرخی دۆلار لە بازاڕ بگاتە ئاستی نرخی فەرمی.

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، كەمبوونەوەی خواست لەسەر دۆلاری كاش بەهۆی زیادبوونی بەكارهێنانی كارتی پارەدانی ئەلیكترۆنی و پشتبەستنی گەشتیاران بەو كارتە تا رادەیەكی زۆر هۆكارێكی دابەزینی نرخی دۆلار بوو، جیا لەوە ئاسانكاری بۆ دابینكردنی دۆلار بۆ بازرگانیی دەرەكی بۆ كەرتی تایبەت لە رێگەی بانكە نیشتمانییەكانەوە بە نرخی فەرمی كە 1320 دینارە بۆ دۆلارێك، وای كرد لە دوای نەمانی سەكۆی ئەلیكترۆنیی پێشوو هەبووە، بە ریكوپێكی دۆلاریان دەست بكەوبَت، هۆكارێكی تری دابەزینەكە بوو، ئەوانەی باس كران بە گشتی بوونە هۆی كەمبوونەوەی خواست لەسەر دۆلاری كاش لە بازاڕەكان. 

مەحموود داغر شارەزای دارایی و بەرپرسی پێشوو لە بانكی ناوەندیی عێراق دەڵێت، هێشتا زووە بڵێن دابەزینی نرخی دۆلار بەهۆی باشبوونی دۆخی دارایی و سیاسەتی نەختێنەی عێراقە، بگرە هۆكاری تر هەن، وەك كاریگەریی ئەو گۆڕانكارییەی لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی بازرگانی ترەمپ لەسەر دنیا و دابەزینی هێزی دۆلار لە دنیا دروست بوو.

هیلال تەعان شارەزای ئابووری روونی دەكاتەوە، بانكی ناوەندی زنجیرەیەك رێوشوێنی لە چوارچێوەی سیاسەتی نەختێنەیی جێبەجێ كردووە، بوونە هۆی دابەزینی بە هەنگاوی نرخی دۆلار، بەڵام مەترسییەكان لە ناسەقامگیریی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی ئێمە بەتایبەتی، رەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.

مستەفا حەنتووش شارەزای دارایی و بانكی ئاماژەی كرد، چەند هۆكارێكی ناوخۆیی و دەرەكی وایان كرد نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار داببەزێت، لەوانە گفتوگۆكانی ئەمەریكا و ئێران، كە رەنگە رێخۆشی بۆ قۆناغێك لە كەمبوونەوەی خواست لەسەر دۆلار بۆ مەبەستی بازرگانیكردن لەگەڵ ئێران بكەن.

ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە، پاڵپشتیكردنی ماستەر كارت بە بڕی پێنج هەزار دۆلار، كە لە لایەن بازرگانانی بچووك بۆ پارەدان بەكار دەهێنرێت، هۆكارێكی تری دابەزینی نرخی دۆلار بوو، بابەتی دانی دۆلاری كاشیش بە گەشتیارانی حەج، هەستێكی ئەرێنی لەبارەی سیولەی دۆلار لە عێراق دروست كرد.         



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل