"دەبێت ئەو مامەڵەی بەغدا شەرمەزار بكرێت كە سووكایەتی بە كورد دەكات"

:: PM:08:50:08/05/2025 ‌

بەغدا فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان برسی دەكا و مووچەیان پێ رەوا نابینێت، جارێك لە رێگەی دواخستنی مووچە و جارێكیش بە لێبڕین و نەناردنی تەواوی پارەی مووچە، ئەوە بەس نەبوو نزیكەی دوو ساڵە بە بەردەوام مووچەی دوا خستووە، دوای رێككەوتنێك بۆ ساڵی 2025 و پابەندبوونی هەرێمی كوردستان، جارێكی تر دەیەوێ سووكایەتی بە كورد بكات، ئەویش بە بەكارهێنانی مووچە و پارە.

لەوەتەی بەغدا مووچە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، هەموو مانگێگ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەر جارە و بە بیانوویەك دوا خستووە، چەندان رێككەوتن كراوە، بەڵام هەر دەچێتەوە سەر سیاسەتەكەی خۆی كە دەیەوێ كورد بە زەلیلی و برسیەتی ببینێت، ئەوەش دەری دەخات كە ئامانجی بەغدا ئەوەیە هەموو هەرێمی كوردستان بە مووچەوە سەرقاڵ بكات، لەكاتێكدا چەندین جار حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی رێككەوتنیان كردووە و بەغداش بڕیاری كۆتاهاتنی كێشەی مووچەی داوە، بەڵام هیچ كات پێوەی پابەند نەبووە.

ئیدریس ئیسماعیل ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لەو ساتەی گوتیان مووچە بخرێتەوە سەر بەغدا و مووچە لەسەر بەغدایە، مانگ لە دوای مانگ بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دوا دەخا و هەر مانگێك بە بیانووی جۆراوجۆرەوە، سیاسەتی بەغدا و عەرەب بەرانبەر بە كورد هەر ئەو سیاسەتەیە كە چەندین ساڵە لە حكوومەت و دەسەڵاتە یەك لەدوایەكەكان شۆڕبووەتەوە، هەرێم پابەند بووە و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دێتە سەر شاشە و بە خەڵك دەڵێت پابەند بووین، كەچی تا ئێستە بەغدا شتێكی لەبەردەست نییە كە بۆچی مووچە دوا دەخا و هۆكارەكەی چییە.

روونی كردەوە، دوایین جار بڕیاریان دا مووچە دوا نەخەن و رێككەوتن بۆ ساڵی 2025 كراوە كە هەردوولا پابەندبوونی خۆیان جێبەجێ بكەن، دادگای فیدراڵیش هەمان بڕیاری دا، بەڵام ناردنی مووچە لە لایەن بەغدا بەردەوام دوا دەكەوێت، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیكا بە تەواوی مامەڵەیەكی خراپە، لەم ساڵە بەغدا چەندین جار گێرەشێوێنیی بە هەرێم كردووە و مووچەی بەكار هێناوە، دەبێت ئەم مامەڵەی بەغدا شەرمەزار بكرێت كە بۆ پارە سووكایەتی بە كورد دەكات.

لای خۆیەوە نەژاد ساڵح رۆشنبیر و نووسەری سلێمانی بە "وشە"ی گوت، بەغدا دەیەوێ كوردستان برسی بكا و هەموو كوردستانی بە مووچە سەرقاڵ كردووە، كە ئەمە مافێكی زۆر بچووكی خەڵكی كوردستانە، بەغدا هیچ كات رێككەوتنێكی نەكردووە كاری پێ كردبێت، هەمیشە بەو لایەنە كاری پێ كردووە كە چۆن وا بكات كورد ژێردەستە بكات، دوای بخات و لاوازی بكات، كورد بێهێز و بێدەسەڵات بكات.

باسی لەوەش كرد، بۆیە هیچ كات بەغدا دڵسۆزی خەڵكی كوردستان نەبووە و ئەوەی حكوومەتی خۆمان دەیكات، هەرگیز بەغدا نایكات، بابەتەكە ئەوەیە كە بەغدا نایەوێ خزمەتی خەڵكێك بكات كە خاوەن حكوومەتی خۆیانن.

هیوا رەشید چاودێرێكی سیاسییە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، بەهۆی ئەوەی ئێستە لە بەغداوە پارە رەوانە دەكرێت، نەك هەر مووچە، كە چەند مانگێكە كێشە بۆ هەرێم و فەرمانبەران دروست كراوە، دەیەوێ بە چەندین بڕیاری دژ كە پێچەوانەی یاسایە، هەرێمی كوردستان لاواز بكات، ئامانجی بەغدا ئەوەیە، هەرێمی كوردستان لاواز بكات و بۆ ئەوەش مووچە بەكاردێنێت، هەر لە سەرەتاوە نیازی باش نەبوو، مووچە لە لایەن بەغداوە وەك كارتی گوشار بەكاردێت.
 
 وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل