خزمەتەكانی سەرۆكی حكوومەت بۆ سنووری سلێمانی بەردەوامە، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانەكان بۆ خزمەتكردن بێ جیاوازیی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، كاتێك پڕۆژەیەكی ستراتیجی لە بواری ئاو بۆ پارێزگاكە جێبەجێ دەكرێت و بەهۆیەوە سەتان هەزار كەس سوودمەند دەبن و بۆ ماوەی 25 ساڵ كێشەی ئاوی خواردنەوەی شاری سلێمانی و دەوروبەری كۆتایی پێ دێت.
بە شایەتیی هەمووان كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری گەشەكردن و ئاوەدانكردنەوە كاری گەورە و گرنگی ئەنجام داوە، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بەردەوام پلانەكانی بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان بە شێوەیەكی ورد داناوە، ئەوەشی كراوە هەنگاوێكی ئەرێنی بووە و لە كابینەی داهاتوو خزمەتكردن و پڕۆژە و ئاوەدانكردنەوە و گەشەسەندنی فراوان لە تەواوی هەرێمی كوردستان رەنگدانەوەی زیاتری دەبێت.
ئاری ئەحمەد بەڕێوبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پڕۆژەی هێڵی سێیەمی ئاوی دوكان- سلێمانی یەكێكە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییەكان بۆ خەڵكی شاری سلێمانی، پڕۆژەكە رەزامەندیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتەكانی دارایی و پلاندانانی بۆ وەرگیراوە و لە قۆناغی تەندەریندایە، پڕۆژەكە لە یەك بۆ دوو مانگی داهاتوو دەچێتە بواری جێبەجێكردن و دەست بە كاركردن دەكرێت.
روونی كردەوە، ماوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دوو ساڵ و نیوە، بەڵام بە دوو ساڵ تەواو دەبێت، بودجەكەی 293 ملیۆن دۆلارە، وەك هێڵی یەكەم و دووەمی ئاوی دوكان- سلێمانییە، بەهۆیەوە كێشەی ئاوی خواردنەوەی شاری سلێمانی بۆ ماوەی 25 ساڵ چارەسەر دەكات، ئاوی ئەو پڕۆژەیە مەبەست هێڵی سێیەم، لە ناو شار تێكەڵ بە ئاوی دوو هێڵەكەی تر دەكرێت و چارەسەری ئاوی ئەو ناوچە نوێیانە دەكات كە لە دەوروبەری شاری سلێمانی دروست كراون و كێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.
بەڕێوبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم باسی لەوەش كرد، جیا لەو پڕۆژە گرنگە، پڕۆژەی تری هاوشێوەمان هەیە، ئەویش پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە لە چەمچەماڵ، كە چارەسەری كێشەی ئاوی خواردنەوەی ئەو شارۆكەیە دەكات، ئێستە 8%ی كارەكانی جێبەجێ كراوە، لە لایەن ئێمەوە چەكی پارە بۆ كۆمپانیاكە كراوە كە بڕی هەشت ملیار دینارە، بەڵام ئەو پارەیەی بۆ خەرج نەكراوە و بەهۆیەوە كاركردن زۆر خاو بووەتەوە، ئێستە كۆمپانیاكە تەنیا خەریكی دیزاین و نەخشەدانانە لە پڕۆژەكە.
"وشە"، چەند جارێك پێوەندی بە بەختیار تاهیر بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی كرد بۆ قسەكردن لەبارەی ئەو بابەتەوە، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكانی نەدایەوە، ئامانج جەلال گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەكەش لەوبارەوە رای گەیاند كە هیچ زانیارییەكی لەسەر ئەو پڕۆژە و وردەكارییەكەی نییە.
سەركەوت ئیسماعیل هاووڵاتییەكی گەڕەكی خەلیفاوا بە "وشە"ی گوت، ئەو پڕۆژە نوێیەی بۆ هێڵی سێیەمی ئاوی دوكان- سلێمانی دروست دەكرێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاوی ئەو گەڕەكە نوێیانەیە كە لە ماوەی رابردوو دروست كراون و كێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.
دووپاتی كردەوە، ئەمە كارێكی گرنگ و خزمەتێكی گەورەیە بەهۆیەوە كێشەی دەیان هەزار ماڵ و چەندین گەڕەكی نوێ چارەسەر دەبێت، پاڵپشتییەكی بەهێزیشە بۆ هێڵی یەكەم و دووەمی دوكان- سلێمانی.
پێویستە بگوترێت كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆ چەندان پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی لە سنووری سلێمانی جێبەجێ كردووە، لەوانە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی و پردی دەربەندی رانیە و پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە و پردی تووەقوت و چەند سایلۆیەك لە گەرمیان و هەڵەبجە، لەگەڵ پڕۆژەی هێڵی سێیەمی دوكان- سلێمانی.
وشە/ هۆشیار عەلی