لە ساڵانی رابردوو و تا دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لە 20ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو، لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بەردەوام هێرشیان كردووەتە سەر یەكتر و یەكترییان بە تاوانبار و لادەر ناو هێناوە، ئێستەش دوای چەندین ساڵ كە جێگەی دەستیان دیار نەبووە و چەواشەكارییان بەسەر خەڵك كردووە، دەیانەوێ بەو هەموو بیركردنەوە جیاوازەوە ببنە بەرەیەك.
شارەزا و سیاسییان پێیان وایە، ئەو بەرەیە سەرناگرێت، چونكە هەر لایەكیان خاوەنی بیروبۆچون و سیاسەت و بەرنامەی كاری جیاوازن و بە بەرنامەی یەكتر رازی نابن، ئەمە جگە لەوەی لە سەرەتاوە رێككەوتن لەسەر كەسی یەكەم و دووەم و پۆستەكانی ئەو بەرەیە دژایەتی و رێكنەكەوتنی لێ دروست بووە، بەپێی زانیارییەكانیش لە یەكەم كۆبوونەوە هیچ ئەنجامێكیان نەبووە.
نەك هەر جیاوازیی بیروبۆچوون و رێككەونەكەوتن نابنە هۆكار بۆ نەمانی ناكۆكییەكانی نێوان ئەو لایەنانە، بگرە لە ناوخۆی ئەو حزبانەشەوە نیگەرانی و ناڕەزایەتی دروست بووە، كە چۆن تا دوێنێ نەوەی نوێ قسەی بەرانبەر بە هەموو حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن دەكرد و هێرشی دەكردە سەریان، ئێستە دوای بەرنامە و پێڕەوەكەی كەوتوون.
ئارام شوانی بەرپرسی سۆشیالمیدیای تۆڕی میدیایی "پەیام"، زمانحاڵی فەرمیی كۆمەڵی دادگەری لەبارەی كۆبوونەوەی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ نەوەی نوێ نووسیویەتی، ئومێد دەكەم لەو كۆبوونەوانەی ئەنجامیان دەدەن رێكنەكەون، ئەو باسی لەوەش كردووە، هەر حزبە و ئەجێندا و بەرنامەی خۆی هەیە، بۆچی دەبێت شوێنی بانگەوازی نەوەی نوێ بكەون و گوایە هاوپەیمانی بكرێت.
لە لایەكی تر بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن هەر لە یەكەم هەنگاویانەوە لەسەر سەرۆكی لیست و كەسی یەكەمی هاوپەیمانییەتییەكە شەڕیانە و نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، هەریەكەیان دەیەوێ بەرنامە و رای خۆی بەسەر لایەنەكانی تر فەرز بكات، بۆیە دەكرێ لە هەنگاوەكانی داهاتوو شكستی خۆیان و نەگەیشتنە رێككەوتن رابگەیەنن، یان بە شێوەیەكی زۆر لاواز لەو هاوپەیمانیەتییە دەربكەون.
پێشتر شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەیگوت، حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنی كوردستان، مەبەستی لە كۆمەڵ و یەكگرتوو و لایەنەكانی تر بوو، نوێنەرایەتیی راستەقینەی خەڵك ناكەن و خەونەكانیان بچووك بوونەتەوە، ئێستەش دەڵێت لەگەڵ لایەنەكانی تری ئۆپۆزسیۆن ئامادەین بۆ هاوپەیمانی.
هاوكات عەلی حەمەساڵح سەرۆكی رەوتی هەڵوێست بەردەوام لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید و نەوەی نوێ رووبەڕووی یەكتر دەبوونەوە و هێرش و قسەیان بەرانبەر بە یەكتر دەكرد و یەكتریان بە ساختەچی ناو دەهێنا، ئێستەش باس لە رێككەوتن و كۆبوونەوە و دروستكردنی هاوپەیمانیەتی دەكەن.
لەوبارەوە هیوا رەشید چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن تەنیا دەیانەوێ چەواشەكاری بەسەر خەڵكەوە بكەن و لەوە زیاتر هیچ نییە، چونكە هیچ شتێك یەكیان ناخات و لەسەر هیچ رێك ناكەون، هیچیان خۆیان لەوی تریان بە كەمتر نازانن، بۆیە ئەگەری دروستبوونی هاوپەیمانیەتی زۆر قورسە، جگە لەوەی ئەگەر رێكیش بكەون جیابوونەوە و لێكترازان و دژایەتی دروست دەبێت، ئەوكاتیش سەرئەنجامەكەی بۆ حزبەكان و دەنگدەر و لایەنگر و ئەندامانیان باش نابێت.
روونی كردەوە، زۆرترین هێرشەكانی بۆ سەر نەوەی نوێ لە لایەن ئەندام و لایەنگرانی حزبەكانی تری ئۆپۆزسیۆنە، بۆیە دەكرێ ئەمەش گوشارێك بێت بۆ ئەوەی نەوەی نوێ مەبەستێكی هەبێت و دواتر لایەنەكانی تر رووبەڕووی ناڕەزایەتیی خەڵك بكاتەوە، بۆیە دوای كۆبوونەوەكە باسیان لەوە كرد ئەگەر لایەنەكانی تر نەوەی نوێ بە كێشە دەبینن، دەتوانن خۆیان ئەو هاوپەیمانیەتییە ئەنجام بدەن.
وشە/ تایبەت