"دواخستنی مووچە بەبێ بیانوو هیچ قسەیەك هەڵناگرێت چونكە قووت و ژیانی خەڵكە"

:: PM:09:54:11/05/2025 ‌

لەكاتێكدا بەغدا خەڵكی كوردستانی بە مووچەوە سەرقاڵ كردووە، هەمووكات بەدوای ئەوەوە بووە كە چۆن هەرێمی كوردستان لاواز بكات، بەغدا سیاسەت و مامەڵەیەكی خراپ لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم دەكات، دەیەوێ هەرێم ملكەچی هەموو بڕیار و بەرژەوەندییەكی خۆی بكات، هیچكات پابەندی یاسای بودجە و ئەو رێككەوتنانەش نەبووە كە لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق كراون و هیچ حیسابێكیش بۆ یاسا ناكات.

عومەر ئەحمەد مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی راگەیاند، مێژوو پێمان دەڵێت ئەگەر خەونی سەربەخۆیی و نەتەوەیی هەبێت دوژمن زۆر دەبێت، عێراق هیچ رۆژێك بەو شێوەیە كە كورد دەیەوێ مامەڵەی نەكردووە، ئەو خەسڵەتەش لە ناو عێراق نییە و هەركات بۆی بگونجێت دژی هەرێم كار دەكات، ماف و مووچەی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە وەك ململانێی سیاسی بەكار دێت، دەیەوێ لەو رێگەوە گوشار لە حكوومەتی هەرێم بكات و ئەوەش شتێكی باش نییە، عێراقیش دەوڵەتی دامەزراوەیی و باش نییە، بۆیە ئەو كارە دەكات.

روونی كردەوە، نێوماڵی كورد رێك نییە و لێكترازان هەیە، ئەمەش وای كردووە بەغدا بە ویستی خۆی بەرانبەر بە هەرێم سیاسەت بكات، بۆیە ئێمە هەمووكات پێویستمان بە یەكگرتوویی هەیە، بەڵام ئەوەشمان بیر نەچێت بەغدا بە هەموو شێوەیەك دژی كورد و كوردستانە، ئەوان لە رابردوو تا ئێستە ئەوەیان سەلماندووە، دواخستنی مووچە بەبێ هیچ بیانووێك هیچ قسەیەك هەڵناگرێت، چونكە ئەوە قووت و ژیانی خەڵكە و دەستبردن بۆی كارێكی مەترسیدارە.

لای خۆیەوە نەزیرە جاف شارەزای یاسا بە "وشە"ی گوت، بەغدا دەیەوێ هەرێمی كوردستان برسی بكات و هەموو كوردستانی بە مووچە سەرقاڵ كردووە، كە ئەمە مافێكی زۆر بچووكی خەڵكی كوردستانە بەغدا وای لێ دەكات، هیچ كات رێككەوتنێكی نەكردووە كاری پێ كردبێت، هەمیشە بەو لایەنە كاری پێ كردووە كە چۆن وا بكات كورد ژێردەستە بكات، دوای بخات و لاوازی بكات، كورد بێ هێز و بێ دەسەڵات بكات، بەغدا هەر خۆی یاسای بودجە دادەنێت، بەڵام پێوەشی پابەند نابێت، كەواتە یاسا تەنیا بۆ چەواشەكاریی بەكاردێنن، ئەگەرنا لە راستیدا كاری پێناكەن و جێبەجێی ناكەن و سیاسەتێكی خراپ دەكەن.  

 پێوەست بەو پرسە رێبین سالم چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، بەغدا هیچكات ناتوانێت ئەو دڵسۆزە بێت بەرانبەر بە فەرمانبەران و خەڵكی هەرێمی كوردستان كە حكوومەتی خۆمان هەیەتی، بەغدا سیاسەت و مامەڵەیەكی خراپ لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم دەكات، دەیەوێ هەرێم ملكەچی هەموو بڕیار و بەرژەوەندییەكی خۆی بكات.

ئاماژەی كرد، ئەو شێوازە ستەمەی بەغدا لە نێوان دوژمن و بۆ دوژمن دەكرێت، بەغدا دەڵێت هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقە، بەڵام ئامادە نییە ماف و شایستەی بداتێ، حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی بەغدا گۆڕدران، بەڵام هیچكام بیر و بۆچوون و رایان لەبارەی كورد و كوردستان نەگۆڕاوە.

پێویستە بگوترێت كە بەغدا هیچ كات نەیویستووە مافی كورد بدات و رێككەوتننەكان جێبەجێی بكات، لای بەغدا و دەسەڵاتی عێراق شتێك نییە بە ناوی دەستوور و مافی هەرێمی كوردستان، لای عەرەب شتێك نییە بە ناوی هاووڵاتیی كوردستان و بە پلە یەك هەژماری ناكات، بۆیە لەوەتەی بەغدا هەیە بەرانبەر بە كورد مامەڵەیەكی باشی نەكردووە، جگە لەو كاتانەی كە لاواز بووبێت و ناچار بووبێت، هەر كاتێكیش دەسەڵاتی هەبووبێت بەو جۆرە مامەڵە دەكات.

وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل