بەدەر لەوەی لە ساڵانی دوایی گومانێك لەسەر رۆڵ و ئەركی پەكەكە، بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان و سووریا هەبوو، بەوەی زیاتر هەوڵی شێوانی دۆخەكە و كاركردنی بۆ جێبەجێكردنی ئەجیندای دیاریكراو دوور لە ئامانجی سەرەكی لە سەرخستنی دۆزی كورد لە توركیا دەدات، رێكخستنی سەربازی و دۆخی سەركردایەتی و باڵباڵێنی ناوەوەی و ئاراستەكەی گەیشتبووە ئاستێك كە لەگەڵ دۆخی ئێستە وپێویستییەكانی نەگونجاو بێت و پێویست بە گۆڕان بكات، بۆیە شارەزایان پێیان وایە چەكدانان و خۆهەڵوەشانەوەی بڕیارێكی گرنگ و پێویست بوو.
لە دوای هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و پەرەسەندنی رووداوەكان لە دوای ئەوە و هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵات لە كۆشكی سپی، دۆخێكی نوێ لە دنیا، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەری هەڵدا و ناوچەكە بەرەو گۆڕانكاریی گەورە و جیاواز هەنگاو دەنێت، بە مانایەكی تر ئەمەریكا بێ پەنابردن بۆ هێزی سەربازی دۆخەكە دادەڕێژێتەوە، لەوانە دەست پێكردنی گفتوگۆكانی تاران و واشنتن سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، شارەزایەكی عێراقی چەكدانانی پەكەكە بەو گفتوگۆیانە دەبەستێتەوە.
جەواد دەهلەكی شارەزای تەناهیی عێراقی دەڵێت، چەكدانانی پەكەكە و هاتنی بۆ ناو پرۆسەی سیاسی سەرەتایەكە بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی دەسەڵات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەشتەرگەرییەكە بۆ رێكخستنەوەی لایەنەكانی ناوچەكە لەسەر حسێبی بەهێزكردنەوەی دەسەڵاتی توركیا.
روونی كردەوە، ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی و تەناهیی ناوچەكە بەپێی بەرژەوەندییەكانی توركیا، ئەوەش راستەوخۆ پێوەندی بە گفتوگۆكانی ئەمەریكا و ئێران هەیە، روونی كردەوە، بۆیە ئەو پەرەسەندنانە دوور نین لە گفتوگۆكان و بەشێكن لە لێكتێگەیشتنی گەورەتری ناوچەكە و دنیا كە كار لە هاوسەنگیی هێز دەكات.
ئەو شارەزایە ئاماژە دەكات، چەكدانان و خۆهەڵوەشانەوەی پەكەكە و چوونی بۆ ناو پرۆسەی ساسی، راستەوخۆ خزمەت بە گۆڕانكارییە تەناهییەكانی دوایی سووریا دەكات، رێگە لەبەردەم لێكگەیشتنی نوێی تەناهی خۆش دەكات و دۆخەكە بە شێوەیەكی ریشەیی لەسەر زەوی دەگۆڕن، ئەو گۆڕانكارییە بە روونی ئاماژە بۆ رێككەوتنی ناڕاگەیەندراوی ناوچەكە دەكات پێوەست بە رێكخستنەوەی دوای كۆتاهاتنی ململانێی سووریا، بەتایبەتی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزە كاراكان.
دەهلەكی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەو گۆڕانكارییەی پێوەست بە پەكەكە رووی دا، وەك بابەتێكی تری گفتوگۆكانی تاران و واشنتن دەخرێتە روو، بەهۆی ئەوە بابەتێكی پێشبینینەكراوە، كارتەكانی ئەو گفتوگۆیە تێكەڵ دەكاتەوە، بردنی ئەو بابەتە بۆ ناو گفتوگۆكان دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی گفتوگۆكان بەو شێوەی خزمەت بە بەرژەوەندیی ئێران ناكات و لەگەڵ خواستەكانی یەك ناگرێتەوە.
دووپاتی كردەوە، بۆیە خستنەڕووی ئەو بابەتە لە گفتوگۆكان لە چوارچێوەی ئەجیندای ئەمەریكا، دەبێتە ئاڵنگارییەكی راستەقینە بۆ ئێران كە هەوڵی دوورخستنەوەی پرسەكانی ناوچەكە لە گفتوگۆ ئەتۆمییەكان دەدات، لەوكاتەی هاتنی پرسی پەكەكە بۆ ناو گفتوگۆكان ئێران ناچار دەكات بۆ پێداچوونەوە بە هەڵوێستەكانی.
ئەو شارەزایە تەناهییە وریایی لە مەترسیداریی لێكهەڵوەشانەوەی پەكەكە دەدات، كە سەرەڕای ئەوەی وەك رووكەش ئاماژە بۆ هێوربوونەوەی ناوچەكە دەكات، بەڵام كاریگەری و شوێنەواری قووڵ بەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەكە جێدێڵێت، دەبێتە هۆی داڕشتنەوەی هاوكێشەی دەسەڵات و راستەوخۆ كار لە سەقامگیریی تەناهی لە ناوچەكە دەكات، بەتایبەتی لە عێراق و سووریا و توركیا و ئێران، بۆیە ئێمە لەبەردەم قۆناغێكی نوێداین كە شێوەی ناوچەكە جیاواز لەوەی ئێستە هەیە دەگۆڕێت، رۆژانی داهاتووش ئاستی راستەقینەی ئەو گۆڕانكارییە و سروشتی لێكگەیشتنەكانی لە ژووری گفتوگۆكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا بە بەشداری ناراستەوخۆی توركیا لەبارەی ئەو دۆسیە هەستیارە پێشان دەدات.
هەر سەبارەت بە كاریگەریی چەكدانان و خۆهەڵوەشانەوەی پەكەكە، عەبدولغەنی غەزبان توێژەری تەناهی و سیاسی دەڵێت، عێراق لە زیاترین سوودمەندانی بڕیارەكەی پەكەكەیە، ئەوەش بەهۆی رەخسانی هەلێك بۆ چاوخشاندنەوە بەبوونی سەربازیی توركیا لەناو خاكەكەی و نەمانی یەكێك لە بەهێزترین پاساوەكانی توركیا بۆ مانەوەی سەربازی لە ناو خاكەكەی و لەشكركێشی و بۆردمانەكانی.
روونی كردەوە، چەندان دۆسیەی گرنگی وەك ئاو و نەوت بووبوونە بارمتەی ئەو ئاڵۆزییە تەناهییەی لە نێوان توركیا و پەكەكە لە ناو خاكی عێراق هەبوون، بۆیە بە نەمانی ئەو پاساوە، دەكرێ گفتوگۆیەكی هاوسەنگتر دروست ببێت بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و رۆیشتن بەرەو لێكگەیشتنی فرەوانی ئابووری، بۆیە بڕیارەكەی پەكەكە گۆڕانكارییەكی ستراتیجیی دەگمەنە، ئاماژەیەكە بۆ كۆتاهاتنی قۆناغی چەك و هەنگاونان بەرەو كاری سیاسی، ئەوەش ویستێكی راستەقینەی لە هەردوولا دەوێت.