دوای پەكەكە.. خاڵە سەربازییەكانی توركیا لە باشووری كوردستان نامێنن

:: PM:12:18:13/05/2025 ‌
لەگەڵ بەیاننامەكەی پەكەكەدا و باسكردن لە چەكدانان و خۆهەڵوەشاندەوە، چاوەكان چوونەتە سەر بنكە و خاڵە سەربازییەكانی توركیا لە باشووری كوردستان كە چیتر هیچ بیانوویەك بۆ مانەوەیان نامێنێت.

لە دوای ساڵی 1991وە توركیا بەبیانووی پەكەكەوە چەندان بنكە و خاڵی سەربازیی لە شوێنی گرنگی هەرێمی كوردستان كردەوە، بەشێكی زۆری ئەو بنكانە بوونەتە ناوچەی تەناهی و زیانی زۆریان بە هەرێم و عێراقیش گەیاندووە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەیاننامەكەی پەكەكەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووپات دەكاتەوە، چیتر بیانوو بۆ مانەوەی هێزی بیانی لەسەر خاكی وڵاتەكەی نەماوە.

ئێستە توركیا 136 بنكەی سەربازی لە ناو باشووری كوردستان دروست كردووە كە زۆرینەیان دەكەونە پارێزگای دهۆكەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی بی بی سی كە لە چەند هەفتەی رابردوودا بڵاوی كردەوە.

عێراق پێشتر بەفەرمی لەسەر ئاستی باڵا دژی داگیركاریی توركیا هاتە دەنگ، هەرێمی كوردستانیش چەندان جار نیگەرانیی خۆیان لە هاتنی هێزی سەربازیی توركیا بۆ ناو كوردستان پێشان داوە، بەڵام توركیا بەهۆی رێككەوتنی پێشتری لەگەڵ حكوومەتی عێراق و بیانووی پەكەكە، گوێی بەداواكاریی عێراق نەدەدا و بەردەوام بوو لە زیادكردنی هێزەكانی.

شارەزایانی سەربازی پێیان وایە، ئەگەر پرۆسەكە وەك ئێستە بە رژدی بچێتە پێشەوە و بگاتە ئەنجام، ئیتر توركیا هیچ بیانوویەكی نامێنێت، لەمبارەیەوە ئەمیر عارف كە شارەزایەكی سەربازییە بۆ "وشە" دەڵێت: عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەتوانن فشار بكەن توركیا ئەو ناوچانە جێبێڵێت.

ئەمیر دەڵێت: بیانووەكان نامێنن و عێراقیش ئەو مافەی هەیە بەرژدی لەگەڵ توركیا ئەو بابەتە یەكلا بكاتەوە.

لەبارەی ئەوەی عێراق چۆن دەتوانێ ئەو كارە بكات، ئەو شارەزایە دەڵێت، عێراق كارتی ئابووری بەهێزی بەدەستەوەیە كە توركیا ناچار دەكات لە كوردستان بكشێتەوە.

ئەمیر عارف زیاتر ئەم بابەتە روون دەكاتەوە و دەڵێت، توركیا ئێستە لە ژێر فشارێكی گەورەی ئابووریدایە و لەم بابەتەشدا چەندان كۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە، پڕۆژەیەكی ستراتیجیشی بەناوی رێگەی گەشە لەگەڵ عێراق خستووەتەگەڕ، ئەمانە وادەكەن توركیا رێز لە سەروەری عێراق بگرێت.

توركیا لە ڕێگەی تۆڕی بەرفراوانی بنكە سەربازییەكانیەوە، بەشێوەیەكی كاریگەر دەستی بەسەر زیاتر لە دوو هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە خاكی هەرێمی كوردستان گرتووە، ناوچەیەكی قەدەغەكراوی بە نزیكەی لە تەواوی سنوورەكانی لەگەڵ هەرێم و عێراق دروست كردووە.

سوپای توركیا لانیكەم 660 كیلۆمەتر ڕێگەی بۆ بەستنەوەی بنكە سەربازییەكانی دروست كردووە. ئەم ڕێگایانە بووەتە هۆی بڕینی دارستانەكان و كاریگەری هەمیشەیی لەسەر زەوی چیاكانی هەرێم بەجێهێشتووە و زیانێكی زۆری بەگوندنشینان گەیاندووە.




وشە - سۆران عەزیز