هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تاى 2023 له‌لایه‌ن به‌غداوه راگه‌ینراوه رێكارییه‌كانى پێكهێنانى دوو لیواى هاوبه‌شى پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق ته‌واو كراون كه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كراوه و ئه‌و دوو لیوایه ده‌ست به ئه‌ركه‌كانیان ده‌كه‌ن، كه‌چى تا ئێسته ئه‌و هێزانه له شوێنى خۆیانن و نه‌جووڵاون. به‌رپرسان و چاودێرانى سیاسیش ده‌ڵێن، به‌غدا هاوشێوه‌ى رێككه‌وتنه‌كانى تر خۆى له‌و رێككه‌وتنه‌ش دزییه‌وه.
رۆژنامه‌ى
عه‌ره‌بى جه‌دید ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 14ى ئایار، له راپۆرتێكدا باس له‌وه ده‌كات ماوه‌ى دوو ساڵه رێكارییه‌كانى پێكهێنانى دوو لیواى هاوبه‌شى پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق ته‌واو بووه، كه‌چى له واقیعدا هیچ شتێك نه‌گۆڕاوه. رۆژنامه‌كه له ده‌ستپێكى راپۆرته‌كه ئاماژه‌ى به لێدوانێكى فه‌رمانده‌ى هێزه سه‌ربازییه هاوبه‌شه‌كانى عێراق كردووه كه له سه‌ره‌تاى ساڵى 2023 گوتوویه‌تى، "ته‌واوى رێكارییه‌كانى پێوه‌ندیدار به پێكهێنانى دوو لیواى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه ته‌واو بووه، ته‌نیا كه‌مێك ماوه بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست به ئه‌ركه‌كانیان بكه‌ن له‌و ناوچانه‌ى بۆشایى ته‌ناهییان تێدایه". مێژووى ئه‌و لێدوانه دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ره، بۆ ئه‌و رۆژنامه‌كه سه‌رنجى خۆى ده‌دات و ده‌ڵێ، "به‌ڵام تا ئێسته ده‌ستپێكردن رانه‌گه‌یه‌نراوه". رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید باسى له‌وه كردووه لێدوانى له چاودێران و به‌رپرسانى كورد له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه وه‌رگرتووه و دووپاتیان كردووه‌ته‌وه، "به‌غدا نایه‌وێ هاوپه‌یمانى سه‌ربازى راسته‌قینه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌ولێر هه‌بێت".
به‌رپرسێكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه ناوى ئاشكرا نه‌كراوه، بۆ رۆژنامه‌كه دووپاتى كردووه‌ته‌وه، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ته‌واوى ئه‌ركه‌كانى خۆى جێبه‌جێ كردووه، هیچ ئه‌ركێكى له ئه‌ستۆ نه‌ماوه. دواتریش ئه‌و به‌رپرسه باسى له‌وه كردووه، بڕیارى پێكهێنانى هێزى هاوبه‌ش له ساڵى 2018 وه پێنشیار كراوه، به‌ڵام به ئه‌نقه‌ست به پاڵنه‌رى سیاسى دواى ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى رێگرى له بڵاوبوونه‌وه‌ى هێزه‌كان بكات، چونكه هه‌ندێك حزبى عێراقى ده‌یانه‌وێ ده‌سه‌ڵاتیان له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ى ماده‌ى 140ى ده‌ستوور هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى ئامانجى سیاسیى خۆیان بهێننه‌دى. به تایبه‌تى له مووسڵ هه‌ندێك له حزب و میلیشیاكان ده‌ستیان به گۆڕانكاریى دیموگرافى كردووه.
ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان یان ئه‌و ناوچانه‌ى له ده‌ستوورى عێراق به ناوچه‌ى "جێناكۆكه‌كان" ناو ده‌برێن، پارێزگاكانى كه‌ركووك و مووسڵ و دیاله و به‌شێكى سه‌ڵاحه‌دین ده‌گرێته‌وه. ئه‌و دوو لیوایه‌ش كه پێكهێنراوه بۆ كۆنترۆڵكردنى دۆخى ته‌ناهى ئه‌و ناوچانه بوو. به‌رپرسه‌كه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم كه ناوى ئاشكرا نه‌كراوه گوتوویه‌تى، "بوونى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق، رێگه له قاچاخچێتى و گوشارى سیاسى ده‌گرێت كه گوشار ده‌خه‌نه سه‌ر خه‌ڵكى ئه‌و ناوچانه‌ى ده‌كه‌ونه سه‌ر سنوورى هه‌رێمى كوردسان، بۆیه حزبه عێراقییه‌كان رێگریى له بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه ده‌كه‌ن". هه‌ر هه‌مان به‌رپرس دووپاتى كردووه‌ته‌وه، "ئه‌و هێزه هاوبه‌شانه تا ئێسته له سه‌ربازگه‌كانن كه له به‌غدا و دیاله و كه‌ركووك مه‌شقیان تێدا كردووه و تا ئێسته به ناوچه‌كان بڵاو نه‌كراونه‌ته‌وه".
له كۆتایی لێدوانه‌كه‌شى باسى له‌وه كردووه، سوودى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه ئه‌وه‌یه زیاتر سه‌قامگیریى كۆمه‌ڵگه ده‌هێنه‌دى و هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبیش له‌و ناوچانه دوور ده‌خه‌نه‌وه. ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى له په‌رله‌مانى عێراق، لێدوانى بۆ رۆژنامه‌كه داوه و گوتوویه‌تى، "ده‌سه‌ڵاتى بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه به ده‌ست محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانه". دواتریش ئه‌و په‌رله‌مانتاره باسى له‌وه كردووه ئه‌مه ته‌نیا یه‌كه‌م بڕیار نییه له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه جێبه‌جێ نه‌كرێت، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك یاسا هه‌بوو ده‌بوایه له شه‌ش مانگى سه‌ره‌تاى ته‌مه‌نى حكوومه‌تى سوودانى جێبه‌جێ بكرێن و یه‌كلا بكرێنه‌وه، له‌وانه بڵاوكردنه‌وه‌ى هێز له‌و ناوچانه و چاره‌سه‌كردنى ماده‌ى 140، ده‌ركردنى یاساى نه‌وت و گاز. هیچ یه‌كێك له‌مانه جێبه‌جێ نه‌كران.
ئه‌ركى ئه‌و دوو لیوا هاوبه‌شه‌ى پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق به چوار بڕگه دیارى كراوه: كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رى هاوئاهه‌نگى هاوبه‌ش، پڕكردنه‌وه‌ى كه‌لێنه ته‌ناهییه‌كانى نێوان پێشمه‌رگه و سوپا، دانان و كردنه‌وه‌ى خاڵى پشكنینى هاوبه‌ش، ئه‌نجامدانى ئۆپراسیۆنى هاوبه‌ش و گۆڕینه‌وه‌ى زانیارى هه‌واڵگرى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر.
كیفاح مه‌حموود توێژه‌رى سیاسى بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب جه‌دید، لێدوانى داوه و باسى له‌وه كردووه، هه‌موو ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ى له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له دواى 2005 وه كراون، تا ئێسته ماونه‌ته‌وه و ئاڵۆز بوون، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه ئه‌و لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ى له به‌غدان كێشه بۆ جێبه‌جێكردنیان دروست ده‌كه‌ن. كیفاح مه‌حموود دووپاتى ده‌كاته‌وه، ئه‌و رێككه‌وتنه سه‌ربازییه، ماده‌ى 140، یاساى نه‌وت و گاز، دانانى ئه‌نجوومه‌نى فیدراڵى، هه‌موو ئه‌مانه له‌و كارنامه سیاسییه بوون كه حزبه‌كانى هاوپه‌یمانى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت له‌سه‌رى رێككه‌وتوون.
له كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى كیفاح مه‌حموود ده‌ڵێ، "ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌ى باڵى چه‌كداری و فراكسیۆنى په‌رله‌مانییان هه‌یه، ئه‌وانن رێگریى له رێككه‌وتنه‌كان ده‌كه‌ن. دواى ئه‌وه‌ى ئه‌و گرووپانه‌ى بۆردمانى هه‌ولێر و سلێمانیان ده‌كرد، ئێسته مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌بڕن، یارى به مه‌سه‌له‌ى ناردنى نه‌وت ده‌كه‌ن، گۆڕانكاریى دیمۆگرافى له چه‌ندان شوێن ده‌كه‌ن له‌وانه كه‌ركووك و شنگال و خانه‌قین. دواتریش رێگری له هه‌ر رێككه‌وتنێكى نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ده‌كه‌ن. كار ده‌كه‌ن بۆ شكستهێنانى پڕۆژه‌ى فیدراڵى و گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتى تۆتالیتارى".