محەمەد سینوار کێیە؟ ئەو سەرکردەیەی حەماس کە ئیسرائیل کردوویەتیە ئامانج؟

:: PM:05:58:14/05/2025 ‌
محەمەد سینوار، سەرکردەیەکی باڵای گرووپی چەکدارییە، پێشتر لە چەندان هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە، سوپای ئیسرائیل شەوی سێشەم هێرشی کردە سەر شاری خان یونسی باشووری غەزە بە مەبەستی کوشتنی محەمەد سینوار، یەکێک لە سەرکردە بەرزەکانی حەماس لە ناوچەکەدا، بەپێی بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی دەستبەجێ نییە کە ئیسرائیل سەرکەوتوو بووبێت.

لە ماوەی شەڕی غەزەدا، ئیسرائیل هەوڵی داوە سەرکردایەتیی حەماس لەناوبەرێت، بەشێوەیەکی سیستماتیک بەرپرسە باڵاکانی گرووپەکەی تیرۆر کردووە. دوای وەها کوشتنێک، سوپای ئیسرائیل زۆرجار؛ هەفتەی خایاندووە تا مردنی ئامانجەکە پشتڕاست بکاتەوە، لە کاتێکدا حەماس هەندێک جار مانگی پێچووە.

ئەوەی خوارەوە ئەوەیە کە ئێمە لەبارەی سینوار دەیزانین، کە پێشتر لە هەوڵەکانی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە.

ئەو برای بچووکی یەحیا سینوارە
محەمەد سینوار، لە ساڵی 1975 لە خان یونس لەدایک بووە. ئەو برای بچووکی یەحیا سینوارە، کە پلاندانەری سەرەکیی هێرشەکانی حەماس بوو بۆ سەر ئیسرائیل، کە شەڕی غەزەی لە ئۆکتۆبەری 2023دا دەست پێ کرد، محەمەد سینوار بۆ بەشێکی زۆری ژیانی شوێنپێی براکەی کەوتووە، خێزانەکەیان لە جەنگی عەرەب - ئیسرائیلی ساڵی 1948دا لە عەسقەلانی ئیسرائیلەوە هەڵاتن بۆ کەمپێکی پەنابەران لە خان یونس.

وا بڕوا دەکرێت کە سینواری بچووکتر، لە سەرەتای ساڵانی 1990دا پێوەندیی بە حەماسەوە کردبێت کاتێک یەحیا لە ڕیزەکانی ڕێکخراوەکەدا پلەی بەرەو سەرەوە بەرز دەبووەوە. لە ساڵی 1991دا، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە گومانی چالاکی تیرۆریستی گیرا، کەمتر لە ساڵێکی لە زیندانی ئیسرائیلدا بەسەر برد. هەروەها لە ساڵانی 1990دا بۆ چەند ساڵێک لە شاری ڕامەڵای کەناری ڕۆژئاوا لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینییەوە گیرا.

بە "سێبەر" ناسراوە
وەک برا گەورەکەی، محەمەد سینوار لە مێژە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە داواکراوە. دەگوترێت کە تا ساڵی 2021 شەش جار هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە، لە ساڵی 2014دا، سوپای ئیسرائیل بڕوای وابوو کە سینواری بچووکتری کوشتووە، تەنیا دواتر دۆزیەوە کە ئەو ڕزگاری بووە. لە کۆتایی ساڵی 2023دا، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا ڕای گەیاند، لە کاتی پشکنینی نووسینگەکەی لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی حەماس و ناوەندێکی ڕاهێنان لە غەزە "بەڵگەنامەی ڕێبازی سەربازی دۆزرانەوە"، بەڵام هەردوو برای سینوار؛ بەردەوام بوون لە خۆدزینەوە لە ئیسرائیل، هەتا یەحیا، کە ئەوکات ڕێبەری سیاسیی حەماس بوو، لە مانگی ئۆکتۆبەر لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژرا.

لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی 2022 لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، ڕاپۆرت کرا کە محەمەد ئەوەندە شاراوە بوو زۆربەی خەڵکی غەزە نەیاندەناسی، تەنانەت بەشداری لە پرسەی باوکیشیدا نەکرد بۆ ئەوەی شوێنی مانەوەی نهێنی بمێنێتەوە.

وا بڕوا دەکرێت، بۆ بەشێکی زۆری شەڕەکە لەژێر زەویدا ماوەتەوە بۆ ئەوەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل دەرباز بێت. بەڵام لە مانگەکانی دواییدا بەپێی بەرپرسێکی هەواڵگریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە خان یونس بینراوە، لەوانە لە نەخۆشخانەی ناسر ڕۆژی سێشەم، سوپای ئیسرائیل ڕای گەیاند کە هێزەکانیان هێرشیان کردۆتە سەر ناوەندێکی فەرماندەیی حەماس لە ژێر نەخۆشخانەی ئەوروپیی نزیک خان یونس، وەزارەتی تەندروستیی غەزە گوتی، لانی کەم شەش کەس کوژراون و 40 کەسی تر بریندار بوون.

ئەو پێگەیەکی دیاری لە حەماسدا هەیە
وا بڕوا دەکرێت، محەمەد سینوار یەکێک بێت لە بەرزترین فەرماندە سەربازییەکانی حەماس کە لە غەزە ماونەتەوە. جگە لە یەحیا سینوار، ئیسرائیل محەمەد زەیف، فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماسی لەناوبردووە کە لە مانگی تەموزدا لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلیدا کوژرا. هەروەها ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی سیاسیی گرووپەکە، کە لە مانگی تەموزدا لە کاتی سەردانێکی ئێران کوژرا، کاتێک ئامادەی ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئێران بوو لە تاران.

بە کردنە ئامانجی محەمەد سینوار، سوپای ئیسرائیل لەوانەیە هیوادار بێت کە دانوستکارێکی زۆر توندڕەو لابەرێت. ئەو بە دژایەتیکردنی سازش لەگەڵ ئیسرائیل لە دانوستاندنەکانی ئاگربەستدا ناسراوە، بەپێی دوو بەرپرسی ئیسرائیلی و بەرپرسی هەواڵگریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەک برا گەورەکەی بوو، هەروەها ڕەتی کردووەتەوە ڕازی بێت بە هەر ئاگربەستێک کە تێیدا هەڵوەشاندنەوە و چەککردنی حەماسی تێدا بێت، کە ئیسرائیل پێداگری لەسەر کردووە.

لە مانگی کانوونی دووەمدا، وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕاپۆرتی کرد کە سینواری بچووکتر خەریکی ڕاکێشانی شەڕکەری نوێ بووە بۆ حەماس لە غەزە.

لە چاوپێکەوتنەکەی ساڵی 2022ی جەزیرەدا، محەمەد سینوار، کە ئەوکات فەرماندەیەکی باڵای باڵی سەربازیی حەماس بوو، قسەی لەسەر هەوڵە شکستخواردووەکانی تیرۆرکردنی دژی خۆی و لەسەر بەرگریکردن لە ئیسرائیل کرد و گوتی، "بۆ ئێمە، تەقاندنی مووشەک بۆ سەر تەل ئەبیب ئاسانترە لە خواردنەوەی ئاو."

پێوەندیی بە ڕفاندنی گیلعاد شالیتەوە هەیە
ئیسرائیل برای بچووکتری تاوانبار کردووە بە بەشداربوون لە پلاندانان بۆ هێرشێک کە بووە هۆی ڕفاندنی سەربازی ئیسرائیلی گیلعاد شالیت لە ساڵی 2006دا، شالیت لە هێرشێکی ئەوبەری سنووردا بۆ ناو ئیسرائیل ڕفێنرا و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە غەزە بەند کرا. دەگوترێت کە محەمەد سینوار خۆی بۆ ماوەیەک سەربازەکەی گرتووە.

سەربازەکە لە ساڵی 2011دا گۆڕایەوە بە زیاتر لە یەک هەزار فەلەستینی کە لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا گیرا بوون، لەناو ئەوانەی کە ئازاد کران یەحیا سینوار بوو.

لە ساڵی 2022دا، سینواری بچووکتر بە جەزیرەی ڕاگەیاند، بڕوای وایە ئەم جۆرە ئاڵوگۆڕانە دەتوانن یارمەتی ئازادکردنی هەزاران فەلەستینی بدەن کە لە ئیسرائیلدا گیراون. ساڵێک دواتر، حەماس نزیکەی 250 بارمتەی لە ئیسرائیلەوە ڕفاند، بردنیانە غەزە تا وەکو کارتێک بەکاریان بهێنن لە دانوستانەکانی داهاتوودا.

نیویۆرک تایمز
وشە


وشە - تایبه‌ت