دواى سێ رۆژ له راگه‌یاندنى بڕیارى خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و چه‌كدانان له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه، راپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن له‌ناو په‌كه‌كه و به‌رپرسانى توركیاش گومان له پرسه‌كه هه‌یه، چونكه پرۆسه‌كه تاكلایه‌نه بووه و هیچ ناوه‌ندێكى نێوده‌وڵه‌تیى تێدا نه‌بووه، هه‌روه‌ها هیچ بنه‌مایه‌كى پێشینه نه‌بووه و پێشتریش په‌كه‌كه بڕیارى له‌م جۆره‌ى داوه. له به‌رانبه‌ردا به‌رپرسانى قه‌ندیلیش له پرۆسه‌كه رازی نین. میدیاى توركیاش باس له‌وه ده‌كات پرۆسه‌كه به پله‌ى ئیمتیاز هه‌واڵگرییه.
دواى تێپه‌ڕبوونى سێ رۆژ به‌سه‌ر بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و چه‌كدادانى په‌كه‌كه، ناوه‌نده رۆژنامه‌وانییه‌كان و چاودێرانى سیاسى، وردتر قسه له‌سه‌ر بڕیاره‌كان و لێكه‌وته‌كانى ده‌كه‌ن. ئه‌مه له كاتێكدا هیچ هه‌نگاوێكى تر فه‌رمى نه له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه و نه له‌لایه‌ن توركیاوه بۆ پرۆسه‌كه نه‌نراوه، ته‌نیا لێدوانى رۆژنامه‌وانى نه‌بێت، له نموونه‌ى دوێنێ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا گوتى، "هه‌واڵگریى توركیا چاودێریى جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كانى په‌كه‌كه ده‌كات و ده‌بێت لقى سووریای په‌كه‌كه‌ش هه‌ڵبوه‌شێته‌وه".
گومان باڵى به‌سه‌ر هه‌موو شتێك كێشاوه
له راپۆرته رۆژنامه‌وانییه‌كان باس له‌وه ده‌كرێت، گومان له هه‌ردوولا هه‌یه جا له‌لایه‌ن توركیاوه بێت یانیش له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه بێت. له‌وانه ئه‌مڕۆ ماڵپه‌ڕى
جه‌زیره راپۆرتێكى بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا هاتووه، پارتى داد و گه‌شه‌پێدانى توركیا "حزبه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان" گومانێكى زۆرى له‌سه‌ر بڕیاره‌كانى په‌كه‌كه هه‌یه، ئه‌مه‌ش له چه‌ند هۆكارێك كورت كراوه‌ته‌وه: له‌وانه پارتى كرێكارانى كوردستان جارێكى تریش له كۆنگره‌ى هه‌شته‌م له 2002 خۆى هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه، كه‌چى به‌ناوى تر كارى كردووه، له‌وانه به ناوى "كۆنگره‌ى گه‌ل" دواجاریش له 2005 گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر ناوى خۆى.
هۆكارى دووه‌م ئه‌وه‌یه ده‌نگى ناڕازى له‌ناو سه‌ركردایه‌تیى په‌كه‌كه له قه‌ندیل هه‌یه و نایه‌وێ بێ پلان چه‌ك دابنێت بێ وه‌رگرتنى گره‌نتى، هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌نگه ناڕازییانه چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن ئه‌گه‌رێك هه‌بێت گۆڕانكارییه‌كانى ناوچه‌كه پشتیوانى له داواكارییه‌كانى ئه‌وان بكات و هاوكارییان بێت. خاڵى سێیه‌م له گومانه‌كانى توركیا له‌سه‌ر بوونى هه‌سه‌ده‌یه، چونكه مه‌زڵووم عه‌بدى بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌كه‌كه به بڕیارێكى ناوخۆى توركیا ده‌زانێت، بۆیه لێره‌وه گومان ده‌كرێت، هه‌سه‌ده چه‌ندان یه‌كه‌ى سه‌ربازى په‌كه‌كه بخاته ریزى خۆیه‌وه.
ته‌نانه‌ت ماڵپه‌ڕى جه‌زیره باسى له بوونى كه‌سێكى ناڕۆشن كردووه له قه‌ندیل به ناوى "دكتۆر" ده‌ناسرێت و ره‌چه‌ڵه‌كى ئه‌و كه‌سه نه‌ناسراوه، هه‌ر ئه‌ویش بڕیاره‌كان به سه‌ركرده‌كانى هه‌سه‌ده ده‌دات. مه‌زنده ده‌كرێت ره‌گه‌زنامه‌ى ئه‌و كه‌سه توركى بێت، ئه‌ویش ده‌توانێ چه‌ندان یه‌كه‌ى په‌كه‌كه ره‌وانه‌ى ژێر چه‌ترى هه‌سه‌ده بكات و له كاتى پێویست به‌كاریان بهێنێ. جیا له‌وانه به‌رپرسانى توركیا له‌وه ده‌ترسن ئیسرائیل رێگریى له چه‌كدانانى په‌كه‌كه بكات و وه‌ك كارتێكى گوشار به ده‌ست خۆى بهێڵێته‌وه. خاڵێكى تر كه مایه‌ى گومان بێت ئه‌وه‌یه، توركیا چه‌ندان ئه‌زموونى تر به‌ناوى ئاشتى و رێككه‌وتن له به‌رده‌مدایه، به‌ڵام هیچ یه‌كێكیان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه.
جیاوازیى ئه‌مجاره و ئه‌زموونه‌كانى پێشوو
سه‌عید حاج چاودێرى سیاسى له وتارێكدا به ناوى" چه‌كدانانى په‌كه‌كه چى ده‌گه‌یه‌نێ؟" جیاوازى له نێوان ئه‌زموونى ئه‌مجاره و رابردوو ده‌كات و ده‌ڵێ، "ده‌ستپێشخه‌رى ئه‌مجاره له‌لاى ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى هاتووه نه‌ك سه‌رۆك و حكوومه‌تى توركیا، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات حكوومه‌ت به‌رپرسیارێتى راسته‌وخۆ هه‌ڵنه‌گرێت"، جیاوازیى دووه‌م به‌گوێره‌ى تێگه‌یشتنى سه‌عید حاج ئه‌وه‌یه، هیچ بنه‌مایه‌ك و مه‌رج و رێككه‌وتنى پێشینه بۆ هه‌ردوولا نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ى پێشتر به‌رده‌وام دیدار له نێوان حكوومه‌ت و شاندى پارتى دیمو‌كراتى گه‌لان هه‌بوو. خاڵى سێیه‌مى جیاوازى ئه‌وه‌یه ئه‌مجاره پرۆسه‌كه له یه‌ك لایه‌نه‌وه بووه، ئه‌ویش په‌كه‌كه ناویه‌تى، تا ئێسته هیچ هه‌نگاوێكى فه‌رمى له‌لایه‌ن حكوومه‌تى توركیاوه نه‌نراوه.
ناونانى پرۆسه‌كه جێى گومانه: ده‌وڵه‌تێكى بێ تیرۆر
وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ى بۆ كرا، سه‌ره‌تا ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى كرا به ناونیشانى "توركیاى بێ تیرۆر"، ئێسته‌ش میدیاى توركیا كار له‌سه‌ر ئه‌و ناونیشانه گه‌وره‌یه ده‌كه‌ن، نه‌ك ناونیشانه‌كانى: پرۆسه‌ى ئاشتى له توركیا، دانوستاندنى كورد و توركیا، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى كورد له توركیا. رۆژنامه‌ى
ئه‌خبارى لبنانى سه‌رژمێرییه‌كى خێرایى بۆ میدیاكانى توركیا كردووه، كه كه‌مترینیان باسیان له پرۆسه‌ى ئاشتى و دانوستاندن كردووه. ئه‌خبار به‌مشێوه‌یه ناوى رۆژنامه به‌ناوبانگه‌كانى توركیا و مانێشته‌كانى هێناوه‌ته‌وه: سه‌باح: بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه هات و قۆناغى توركیاى بێ تیرۆر ده‌ستى پێ كرد. جمهورییه‌ت: كوردستانى واز له چه‌ك هێنا، لۆزان شیاوى گفتوگۆ نییه. توركیا "ئه‌مڕۆ كوردستانى كۆتایى هات" یه‌نى شه‌فه‌ق: 47 ساڵ له تیرۆرى خوێناوى كۆتایى هات. میلله‌ت: ئه‌مه كاتى نوێكردنه‌وه‌ى برایه‌تییه. نووسه‌رێك گوتوویه‌تى "له‌وه گرنگتر ده‌سه‌ڵاتى توركى و په‌كه‌كه چى پاكانه‌یه‌ك بۆ پرۆسه‌ى بێ ناوه‌كه ده‌هێننه‌وه، ده‌بێت وه‌ڵامه سه‌ره‌كییه‌كه بدرێته‌وه: ده‌بێ هۆى راسته‌قینه‌ى پرۆسه‌كه و ئه‌و بڕیارانه چى بێت".
به پله‌ى ئیمتیاز پرۆسه‌كه هه‌واڵگرییه
دوێنێ بۆ جارى دووه‌م ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان باسى له پرۆسه‌ى چه‌كدادانى په‌كه‌كه كرد و دووپاتى كرده‌وه، هه‌واڵگریى توركیا "میت" چاودێرى پرۆسه‌ى چه‌كدادانى په‌كه‌كه ده‌كات. میدیاكانى توركیایش كاتێك باس له بڕیاره‌كانى چه‌كدانان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌كه‌كه ده‌كه‌ن، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن هه‌موویان له رێگه‌ى هه‌واڵگری و به هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هه‌واڵگرى چه‌ند وڵاتێكى تر پرۆسه‌كه ئه‌نجام ده‌ده‌ن. به‌ڵام جیا له‌وانه له چه‌ندان راپۆرتى توركى باسیان له‌وه كردووه، پرۆسه‌كه به پله‌ى ئیمتیاز هه‌واڵگرییه. ئیبراهیم كاڵن سه‌رۆكى هه‌واڵگرى خۆی له سه‌ره‌تاوه سه‌رپه‌رشتیى ئه‌و بابه‌ته‌ى كردووه كه به‌م ئه‌نجامه گه‌یشتووه. له‌وانه رۆژنامه‌ى حورییه‌ت نووسیویه‌تى، "هه‌واڵگریى توركیا به سه‌رۆكایه‌تیى كاڵن رۆڵێكى سه‌ره‌كى له پرۆسه‌ى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى په‌كه‌كه بینیوه، به‌رده‌وامیش ده‌بێت تا چه‌كه‌كان له عێراق و سووریا و توركیا راده‌ست ده‌كرێن". ئه‌و رۆژنامه‌یه به‌دوورى خستووه‌ته‌وه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانى تر رۆڵیان له پرسى چه‌كدادانى په‌كه‌كه هه‌بێت و ده‌ڵێ، "سێ ناوى توركی هه‌ن مێژوو ده‌یاننووسێته‌وه، ئه‌ردۆغان و باخچلى و كاڵن. له به‌رانبه‌ردا سێ ناوى بزووتنه‌وه‌ى كوردى هه‌ن كه رۆڵى مێژووییان هه‌بووه، سرى سوره‌ییا ئونده‌ر، په‌روین بوڵدان و عه‌بدوڵا ئوجه‌لان".
ماڵپه‌ڕى
تورك پرێس له راپۆرتێكدا وا پێشان ده‌دات، پرسى چه‌كدانانى په‌كه‌كه به‌شێكه له پرۆسه‌ى دووباره رێكخستنه‌وه‌ى ناوچه‌كه، جا له پرۆسه‌ى رێكخستنه‌وه یان ده‌بێت توركیا سه‌رپه‌رشتى بكات و یاخۆ كاره‌كته‌رێكى سه‌ره‌كى بێت، هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌لایه‌ن هه‌واڵگریى توركیاوه به‌ڕێوه ده‌برێن، له كاتى ژه‌هراویكردنى هاكان فیدان ده‌ستى پێ كردووه، كه ئه‌وكات به‌رپرسى هه‌واڵگرى بووه و دواتریش پرۆسه‌كه له‌لایه‌ن كاڵنه‌وه سه‌رپه‌رشتى كراوه.
ئه‌وه‌ى تێبینى ده‌كرێت هیچ یه‌كێك له‌و راپۆرته توركییانه‌ى باسیان له پرسى چه‌كدادانى په‌كه‌كه كردووه، هیچیان وه‌ك پرۆسه‌یه‌كى ئاشته‌وایى ناو توركیا و هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى كورد باسیان نه‌كردووه، ته‌نانه‌ت رۆشنایى سه‌ره‌كى نه‌خراوه‌ته سه‌ر ئه‌ردۆغان وه‌ك ئه‌وه‌ى كاره‌كته‌رى سه‌ره‌كى له رووداوه‌كان بێت.