تا ئێستەش بەغدا ئامادە نییە مانگانە بە رێكوپێكی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە وادەی خۆی رەوانە بكات، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بە بیانووی جۆراوجۆر بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی كوردستانی وەك پێویست نەناردووە، شارەزایان پێیان وایە ئەوەی بەغدا دەیكات شەڕفرۆشتن و بهێزكردنی ئابووریی هەرێمە.
خەریكە بەغدا پارە تەخشان و پەخشان دەكا و یارمەتی وڵاتان دەدات، كەچی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، كە مافی خەڵكی كوردستانە و پێویستە لە وادەی خۆی وەك فەرمانبەرانی بەغدا لە كاتی خۆی بیدات و پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی بێت، ئەوە ناكات و یارمەتیی وڵاتانی لبنان و فەلەستین دەدات، پابەندی مافەكانی هەرێم نابێت، لەوكاتەی یارمەتیی وڵاتانی دەرەوە دەدات.
رەسووڵ رەئووف ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، عەرەب هەر خەریكی خۆپەرستیی خۆیەتی، كۆمكاری عەرەبی لە بەغدا بەشداریی وڵاتانی عەرەبییە و ئەوان خۆیان بۆ خۆیان چییان بوێت دەیكەن.
ئاماژەی كرد، شیعە و سوننە هەر خەریكی نەتەوەپەرستین، بە هەموو شێوەیەك بۆ هاوكاریی عەرەب هەموو شتێك دەكەن ئەگەر لە دەرەوەی وڵاتیش بێت، بەڵام بۆ ناوخۆی خۆی مامەڵەیەكی خراپ دەكەن و ئامادەنین مووچەی بەشێكی خەڵكی عێراق بدەن لە كوردستان، هۆكارەكەش كورد و عەرەبە و هەموو كات عێراق بە چاوی دوژمنایەتی سەیری هەرێمی كوردستان و كوردی كردووە، ئەوەتا قووتی خەڵك بە رەوا نابینێ، بەڵام هاوكاریی وڵاتانی عەرەبی دەكات.
لای خۆیەوە د. وەعدی مزووری پسپۆڕی بواری یاسا بە "وشە"ی گوت، بەغدا پابەندی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان نابێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەك فەرمانبەرانی بەغدا نادات و جیاوازی دەكات، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە بەردەوام دوو بۆ سێ هەفتە لە دوای فەرمانبەرانی بەغدا دابەش دەكرێت، ئەگەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوا نەخات، لە ماوەی سێ رۆژدا دابەش دەكرێت.
روونی كردەوە، ئەوەی لەسەر بەغدایە بەرانبەر بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پێوەی پابەند نابێت، بەڵام بەغدا خەریكی هاوكاریكردنی وڵاتانی ترە و پارەی عێراق بۆ وڵاتانی تر دەنێرێت، لەكاتێكدا دەبێت سەرەتا بەغدا مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستان بنێرێت كە ژیانیان لەسەر ئەوەیە، دواتر بیر لەو هاوكارییە دەرەكییانە بكاتەوە، پابەندی یاسا نابێت و لەولاشەوە شتی تر دەكات كە زۆر جیاوازە، ئەمەیان لە كوێ و ئەوەیان لە كوێ، بیانووش دەدۆزنەوە هەندێكجار گوایە كاشیان لەبەردەست نییە.
ناسر ئیسماعیل شارەزای بواری ئابووری بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، بەغدا ئامادەیە هەموو شتێك بكات، بەڵام ئامادە نییە لەگەڵ هەرێمی كوردستان كێشەكانی چارەسەر بكات، هەموو گرفتەكان هاتوونەتەوە سەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەویش بەو شێوەیە دەدات كە مانگانە دوای دەخات، ئەرك و پابەندییەكانی خۆی بەرانبەر بە هەرێم جێبەجێ ناكات، خەریكی پارەداركردن و كاری خێرخوازی و هاوكارییە بۆ وڵاتانی دەرەوە، ئەوەی بەغدا بەرانبەر هەرێمی كوردستان دەیكات شەڕفرۆشتن و بهێزكردنی ئابووریی هەرێمە، هەموو پلان و سیاسەتەكەی ئەوەیە بۆ پارە چۆك بە هەرێمدا بدات و خۆی بسەپێنێت.
وشە/ تایبەت