كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی، هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی خزمه‌تكردن و پڕۆژه و خزمه‌تگوزاری له هه‌موو ناوچه‌كان ده‌ست پێ كرد، به‌هۆیه‌وه سه‌تان پڕۆژه‌ی گرنگ و گه‌وره و ستراتیجی له ناوچه‌كان خرانه بواری جێبه‌جێكردن و به‌شێك له‌و پڕۆژانه له سنووری پارێزگای سلێمانی بوون، وه‌ك سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌ڵێنی دابوو به هاووڵاتییان، به‌بێ جیاوازی خزمه‌تی هه‌موو ناوچه‌كان ده‌كرێت و پڕۆژه بۆ خه‌ڵك ده‌كرێت.
به‌ڵام هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له سنووری پارێزگای سلێمانی، ده‌ست كرا به دژایه‌تیكردنی پڕۆژه‌كانی حكوومه‌ت، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران فه‌رمانی خه‌رجكردنی بۆ پڕۆژه‌كان ده‌رده‌كرد، به‌ڵام له بانكه‌كانی سنووری سلێمانی پاره‌یان بۆ خه‌رج نه‌ده‌كرا و به‌هۆیه‌وه پڕۆژه‌كان راده‌گیران، پڕۆژه‌ی رێگه‌ی دووسایدی ده‌ربه‌ندیخان بۆ كه‌لار نموونه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی ئه‌و پڕۆژانه‌یه، له رابردوودا به‌هۆی ئه‌وه‌ی له بانكه‌كانی سلێمانی پاره‌ی بۆ خه‌رج نه‌ده‌كرا، به ده‌یان جار كاره‌كانی راگیراون و ئه‌وه‌ش هۆكاری ئه‌وه‌یه دوای چه‌ندان ساڵ پڕۆژه‌كه ته‌واو نه‌كراوه.
ئاری ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێم، به "وشه"ی راگه‌یاند، هه‌ندێك له پڕۆژه‌كانی ئاو له سنووری پارێزگای سلێمانی كه له ماوه‌ی رابردوو له كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چوونه‌ته بواری جێبه‌جێكردن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پاره‌یان بۆ خه‌رج ناكرێت له بانكه‌كانی سلێمانی و فه‌رمانی خه‌رجكردنیان هه‌یه، راگیراون و كاریان تێدا ناكرێت، ئه‌و پڕۆژانه گرنگن بۆ سنووره‌كه، چونكه له بواری خزمه‌تگوزارین، به‌ڵام وه‌ستانیان زیانی گه‌وره له سنووره‌كه ده‌ده‌ن.
ئه‌و روونی كرده‌وه، پڕۆژه‌ی ئاوی گۆپته‌په بۆ چه‌مچه‌ماڵ كه له ماوه‌ی رابردوودا سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دروستكردنی دا، به‌هۆیه‌وه كێشه‌ی ئاوی ده‌یان هه‌زار كه‌سی سنووری چه‌مچه‌ماڵ چاره‌سه‌ر ده‌كات و كۆتایی به كێشه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌هێنێت، دوای چه‌ند جارێك له فه‌رمانی خه‌رجكردنی پاره، به‌ڵام له بانكه‌كانی سلێمانی پاره بۆ پڕۆژه‌كه خه‌رج ناكرێت و كۆمپانیای جێه‌جێكاریش چه‌ند رۆژێك پێش ئێسته، بڕیاری دا كاره‌كانی رابگرێت و ئێسته پڕۆژه‌كه وه‌ستاوه.
ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد، كۆمپانیای جێبه‌جێكار دوو جار فه‌رمانی خه‌رجكردنی پاره‌ی هه‌یه، له ماوه‌ی سێ مانگدا كۆمپانیا چه‌ندان جار چوونه‌ته بانكه‌كانی سلێمانی، به‌ڵام پاره‌یان پێ نه‌دراوه، 11 ملیار و 400 ملیۆن دینار پێشینه‌ی پێشه‌كی هه‌یه، له‌گه‌ڵ حه‌وت ملیار دیناری پێشینه‌ی خۆیان هه‌یه، چونكه 7%ی پڕۆژه‌كه ته‌واو بووه، به‌ڵام هیچی بۆ خه‌رج نه‌كراوه، به‌هۆیه‌وه ماوه‌ی ته‌واوبوونی پڕۆژه‌كه دوا ده‌خرێت، به‌ڵام به‌پێی گرێبه‌سته‌كه چه‌ند دوابخرێت بۆی قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام گرفته‌كه ئه‌وه‌یه پڕۆژه‌كه زیاتر دوا ده‌كه‌وێت و له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكیشدا نییه.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، پڕۆژه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان كه له ساڵی 2018ه‌وه چه‌كی خه‌رجكردنی بۆ كراوه، به‌هه‌مانشێوه له بانكه‌كانی سلێمانی پاره‌ی بۆ خه‌رج نه‌كراوه و به‌هۆیه‌وه كاره‌كانی راگیراون، 55%ی كاره‌كانی ته‌واو بوون، له كۆی 20 ملیۆن دۆلار، 4 ملیۆن دۆلار دراوه به كۆمپانیاكه، له كاتێكدا به به‌های 12 ملیۆن دۆلار كار له پڕۆژه‌كه كراوه، واته هه‌شت ملیۆن دۆلاری پێ نه‌دراوه و ئه‌ویش كاره‌كانی راگرتووه.
ته‌نیا ئه‌و پڕۆژانه نین، پڕۆژه‌كانی رێگه‌وبان و پڕۆژه‌كانی تریش له ماوه‌ی رابردوودا به‌هۆی خه‌رجنه‌كردنی پاره بۆیان راگیراون، پڕۆژه‌ی ده‌ربه‌ندیخان بۆ كه‌لار به‌رده‌وام به‌هۆی خه‌رجنه‌كردنی پاره راگیرا، له دوو ساڵی رابردوودا ته‌واوی پڕۆژه‌كه به 40 ملیار دینار كۆتایی پێ ده‌هات، حكوومه‌تی هه‌رێمیش فه‌رمانی خه‌رجكردنی بۆ ده‌ركردبوو، به‌ڵام له بانكه‌كانی سلێمانی پاره خه‌رج نه‌ده‌كرا، دوای چه‌ندان جار را‌گرتن، ئێسته مانگانه بڕێكی كه‌م پاره‌ی بۆ خه‌رج ده‌كرێت.
كه‌ریم عه‌لی ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، سلێمانی كێشه‌ی داهاتی نییه، به‌ڵكو كێشه‌ی ئیداره‌دانی هه‌یه، چونكه خاوه‌نی دوو مه‌رزی فه‌رمی و چه‌ند مه‌رزێكی نافه‌رمییه كه ژماره‌یان چوار بۆ پێنج مه‌رزه، ئه‌وانیش كێشه‌یان نییه و بازرگانی و ئاڵوگۆڕییان تێدا ده‌كرێت، ئه‌مه جگه له داهاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رمانگه‌كانی سنووره‌كه و داهاتی نه‌وتیی تانكه‌ر، كه رۆژانه سه‌تان تانكه‌ر نه‌وت له‌و مه‌رزانه ده‌ڕۆنه ده‌ره‌وه، جیا له داهاتی گومرگ.
ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد، هاوكات له سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان به ده‌یان پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری كه پێوه‌ندییان به هاووڵاتییانه‌وه هه‌یه راگیراون، هه‌ر له كاره‌با و ئاو و ته‌ندروستی و خزمه‌تگوزارییه‌كانی تریش، پاره‌یان بۆ خه‌رج ناكرێت، چه‌ندان گوند بڕیاری راكێشانی كاره‌بایان هه‌یه و بۆیان نه‌كراوه، چه‌ندان نه‌خۆشخانه و به‌نداویان هه‌یه سه‌رووی 85%ی ته‌واو بوون و پاره‌یان بۆ خه‌رج ناكرێت تا كاریان تێدا بكرێت، كه به‌ته‌واوی پڕۆژه‌ی ستراتیجیی به‌هێزكردنی ژێرخانی ئابوورییه.
وشه/ تایبه‌ت