دوێنێ كارەكانی لووتكەی كۆمكاری عەرەبی لە بەغدا بەڕێوە چوو، عێراق ئامادەسازییەكی گەورەی كرد و پارەیەكی زۆری خەرج كردبوو، بەڵام لووتكەكە بەهۆی زۆری كەموكوڕییەكانییەوە وەك پێویست نەبوو، شارەزایەك لە بواری پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان باس لە شكستەكانی لووتكەكە دەكات و هۆكارەكەی بۆ لاوازیی عێراق و باڵادەستیی بڕیاری دەرەكی دەگەڕێنێتەوە.
دڵشاد نامیق خاوەن بڕوانامەی ماستەر و شارەزا لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە "وشە"ی گوت، لووتكەی بەغدا لە چەندین روویەكەوە شكستی گەورە بوو بۆ عێراق و ئەو وڵاتە عەرەبییانەی كە بەشدارییان تیایدا كرد، ئەوی پێوەندی بە عێراقەوە هەبوو نەیتوانی خۆی بسەلمێنێت كە خاوەن بڕیاری خۆیەتی، كە سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی ئەندامی كۆمكارەكە پشتیوانیی ئیدارەی نوێی سووریا دەكەن، عێراق لە ژێر گوشاری ئێران و میلشیاكان نەیتوانی ئەو كارە بكات، ئەوەش هۆكار بوو كە سەرۆكی كاتیی سووریا بەشداری نەكرد، لەكاتێكدا وڵاتانی عەرەبی پێیان باش بوو بەشداری بكات.
روونی كردەوە، ئەوەش وای كرد زۆرینەی سەرۆكەكانی وڵاتانی ئەندامی كۆمكاری عەرەبی بەشدار نەبن جگە لە سێ دەوڵەت نەبێت، لە ناو ئەو سێ دەوڵەتەش سەرۆكی قەتەر پێش خوێندنەوەی وتارەكەی عێراقی جێهێشت، كە ئەمەش شكست بوو بۆ عێراق، چونكە كاردانەوەی وڵاتان بوو بەرانبەر بە عێراق بەهۆی سووریا و ئەحمەد شەرع، كە ئەوان رێگەیان نەدا بەشداری بكات و لە سعوودیە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كۆبووەوە، بۆیە عێراق ویستی بیسەلمێنێت كە لە رووی سیاسییەوە گەڕاوەتەوە بۆ باوەشی نیشتمانی عەرەبی، بەڵام لە لووتكەكە نەیتوانی ئەو ئامانجە بپێكێت، وڵاتانی ئەندامیش لە ئاستێكی نزم بەشدارییان كرد، ئەمەش لە رووی سیاسییەوە شكست بوو بۆ عێراق.
ئەو شارەزایە باسی لەوەش كرد، سەرۆكەكانی وڵاتانی وەك سعوودیە و ئیمارات و ئوردن و بەحرێن ئامادە نەبوون، هەندێكیشیان زۆر زوو بەجێیانهێشت، سەرۆكی میسر دوای وتارەكەی كۆبوونەوەكەی بەجهێشت، سوودانی ویستی بیسەلمێنێت كە دەتوانێت نوێنەرایەتیی عێراق بكات، وەك وڵاتێكی دامەزرێنەی كۆمكاری عەرەبی و عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ پێگەی خاوەن بڕیار، هەروەها پێگەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بەهێز بكات، بەڵام سەرەڕای ئەو خەرجییە زۆرە و ئەو ئامادەكارییە، بەڵام لەوەشدا شكستی هێنا، هەروەها پشتیوانی زۆری مادی چەند وڵاتێك كرد، بەڵام بە دەمیانەوە نەهاتن، عێراق هەرچەند بیەوێ وا نیشانی بدات كە لەژێر هەژموونی ئێران نییە، بەڵام ناتوانێت ئەو كارە بكات و هەمووان دەزانن ئەوە ئێرانە لە عێراق بڕیار دەدات و لەگەڵ كێ پێوەندیی هەبێت یان نا، وەك سووریا.
"كاتی خۆشی نووری مالیكی زۆر هەوڵی دا هەیمەنەی عێراق بگەڕێتەوە، بەڵام ئەویش بەهۆی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق نەیتوانی، ئەویش شكستی هێنا، یەكێك لە شكستەكانی تر كە خەڵك و شەقامی عێراق و چاودێرانی سیاسی زۆر بە گاڵتەجارییەوە باسی دەكەن، ئەو خەرجییە زۆرە بوو كە بۆ كۆمكار دابین كرابوو، دەتوانرا چەندین كێشەی گەورەی عێراق چارەسەر بكات، لەناویاندا پڕۆژە خزمەتگوزارییە، ئەگەر دیوانی چاودێری و دەستەی دەستپاكیی عێراق بەدوایدا بچن، رەنگە شتی سەیر و سەمەرە بدۆزنەوە لە خەرجكردنی ئەو پارە زۆرە بۆ ئەو كۆبوونەوەیە و بە هەدەر دراوە"، دڵشاد نامیق شارەزا لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان وای گوت.
دووپاتی كردەوە، جیا لەوانە لووتكەكە سەركەوتوو نەبوو لە یەكخستنی وڵاتانی عەرەبی، هەوڵیان دا كارێك بكەن بۆ ئەوە یەك هەڵوێست بن، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، چونكە لە نێوان خۆیاندا كێشەیان هەیە، بۆ نموونە ئیمارات كێشەی لەگەڵ لایەنەكانی شەڕ لە سوودان هەیە، سعوودیە كێشەی لەگەڵ لایەنەكانی شەڕ لە یەمەن هەیە، هەروەها لە لبنان و میسر لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا هەیە، ئەوەش شكستێكی ترە و عێراق نەیتوانی ئەوەش بكات.
وشە/ هۆشیار عەلی