هه‌فته‌ى رابردوو كاتێك دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا ئه‌حمه‌د شه‌رعى سه‌رۆكى سووریاى بینى، یه‌كێك له داواكانى تره‌مپ ئه‌وه بوو شه‌رع بچێته ناو رێككه‌وتنه ئیبراهیمییه‌كان. له‌و كاته‌دا جارێكى تر له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست قسه‌كردن له‌سه‌ر ئاینى ئیبراهیمى نوێ بووه‌وه. ئایا ئه‌م ئاینه چییه كه بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كرێت و دامه‌زرێنه‌ران و په‌یڕه‌وكارانى كێن؟ چ كتێبێكى هه‌یه؟ مێژووى ده‌ركه‌وتنى چه‌مكى"ئاینى ئیبراهیمى" بۆ كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ كاتێك ره‌هه‌ندێكى بره‌ودان به چه‌مكه‌كه، دووپاتكردنه‌وه بێت له‌سه‌ر "ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل" ئه‌وا هه‌ڵبه‌ته له به‌رژەوه‌ندیى ئیسرائیل ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ڵوێستى موسڵمان و مه‌سیحییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته چییه؟
دیاركردنى چه‌مكه‌كان
ره‌نگه یه‌كێك له خاڵه زه‌قه‌كانى ئه‌و پڕۆژه‌یه ئه‌وه بێت، چه‌مكه‌كان تێیدا تێكه‌ڵ به یه‌كتر ده‌بن، هه‌ندێك جار وه‌ك هاوواتاى یه‌كتر ده‌رده‌كه‌ون و هه‌ندێك جاریش ته‌واو له یه‌كتر جیاوازن. لێره‌دا ئاماژه بۆ چوار چه‌مك ده‌كرێت بۆئه‌وه‌ى له كاتى شیكردنه‌وه‌ى "ئاینى ئیبراهیمى" خوێنه‌ر بزانێت له كوێ چه‌مكه راسته‌قینه‌كه‌ى ده‌ست ده‌كه‌وێت. یه‌كه‌م چه‌مك رێككه‌وتنه ئیبراهیمییه‌كان (Abraham Accords) ئه‌مه پڕۆژه‌یه‌كى سیاسیى ئه‌مه‌ریكییه له ماوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌رۆكایه‌تیى دۆناڵد تره‌مپ ده‌ركه‌وت، تره‌مپ و زاواكه‌ى (جارید كۆشنه‌ر) سه‌رپه‌رشتیى ئه‌و پرۆژه‌یه‌یان ده‌كرد و ئامانج لێى ئاسایی كردنه‌وه‌ى پێوه‌ندیى هه‌ندێك وڵاتى عه‌ره‌بى بوو له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كه ئه‌م پرۆسه‌یه پێشتر له ئه‌ده‌بیاتى سیاسى به زاراوه‌ى (normalization) ده‌ناسرا و مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیش به‌ره‌و ئیمارات و به‌حرێن بوو. دووه‌م چه‌مك ئاینه ئیبراهیمییه‌كانه (The Abrahamic Religions) مه‌به‌ست هه‌ر سێ ئاینى ئیسلام و مه‌سیحى و جووله‌كه‌یه، كه بنه‌ماى سه‌ره‌كى هه‌رسێكیان یه‌كتاپه‌رستییه و كتێبى ئاسمانییان هه‌یه. چه‌مكى سێیه‌م (ئاینى ئیبراهیمی)یه (the religion of Abraham) كه ئه‌وه‌یان كێشه‌یه‌كى ئاینى و بیروباوه‌ڕ له نێوان په‌یڕه‌وكارانى ئه‌و سێ ئاینه دروست ده‌كات و لێره‌دا باس ده‌كرێت. چه‌مكێكى تریش هه‌یه به‌ناوى رێگه یان ره‌وتى ئیبراهیم (Abraham Path) ئه‌وه‌یان گوایه بایه‌خ به‌و نه‌خشه‌یه ده‌دات كه ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ر پێیدا رۆیشتووه و كاریگه‌ریى كولتووریى به‌دواى خۆىدا بۆ هه‌زاران ساڵ جێهێشتووه.
ئه‌ى ئاینى ئیبراهیمى چییه؟
ماڵپه‌ڕى "بى بى سى"ی به‌ریتانى راپۆرتێكى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كردووه و هه‌وڵى داوه وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره بداته‌وه: ئایا ئاینى ئیبراهیمى چییه؟ له وه‌ڵامدا
بى بى سى ده‌ڵێ، تا ئێسته راگه‌یەنراوێكى فه‌رمى له‌سه‌ر دامه‌زراندنى ئه‌و شته نییه كه به "ئاینى ئیبراهیمیى نوێ" ده‌ناسرێت. به شێوه‌یه‌ك هیچ بنه‌ما و پێڕه‌وكار و كتێبى نییه، ئه‌مه پرۆژه‌یه‌كه ماوه‌یه‌كه قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت، بنه‌ماكه‌ى خاڵى هاوبه‌شى نێوان هه‌رسێ ئاینه‌كه‌یه (ئیسلام، مه‌سیحى و جوو) گوایه ئه‌مانه ئاینى ئیبراهیمین و مه‌به‌ستیش ئیبراهیمى پێغه‌مبه‌ره. ئامانجى راگه‌یەنراوى پڕۆژه‌كه، "دووپات له‌سه‌ر خاڵە هاوبه‌شه‌كانى نێوان ئاینه‌كان بكرێته‌وه، چاوپۆشى له‌و شتانه بكرێت كه ده‌بنه هۆى ململانێ و كوشتار له‌نێوان گه‌لان".
ماڵپه‌ڕى حوڕه‌ى ئه‌مه‌ریكى راپۆرتێكى بڵاو كردووه‌ته‌وه به ناونیشانى "ئایا ئیبراهیمى ئاینێكى نوێیه؟ یان پیلانگێڕى سیاسییه؟" له راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه ده‌كرێت، له‌م بابه‌ته‌دا سێ ته‌وه‌ر تێكه‌ڵ به یه‌كتر ده‌بن: یه‌كه‌م كۆششى گفتوگۆى نێوان ئاینه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى له یه‌كتر نزیك بن و له خاڵه هاوبه‌شه‌كانى یه‌كتر بگه‌ن. ته‌وه‌رى دووه‌م ئه‌وه‌یه، ئیبراهیمى بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه سیاسییانه به‌كارده‌هێنرێت كه وڵاتانى عه‌ره‌بى بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئه‌نجامى ده‌ده‌ن. ته‌وه‌رى سێیه‌میش، سه‌پاندنی تێگه‌یشتنێكى ئاینییه له‌لایه‌ن رۆژئاواوه "به تایبه‌تى ئه‌مه‌ریكا" به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى موسڵمانان.
سه‌ره‌تا ده‌ركه‌وتنى چه‌مكه‌كه
هه‌ندێك له نووسه‌ران پێیان وایه، چه‌مكى "ئاینى ئیبراهیمى" بوونى نییه و داهێنراوى ئه‌مه‌ریكایه. له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ى ئاساییكردنه‌وه‌ى پێوه‌ندییه‌كان له‌نێوان وڵاتانى عه‌ره‌بى و ئیسرائیلى ده‌ركه‌وتووه. ته‌نانه‌ت وه‌ك به‌رگێكى سیاسییه، بۆ ئه‌و رێككه‌وتنانه. كه‌چى هه‌ندێكى تر باس له‌وه ده‌كه‌ن مێژووى چه‌مكى "ئاینى ئیبراهیمى" بۆ سه‌رده‌مێكى كۆنتر ده‌گه‌ڕێته‌وه، به تایبه‌تى بۆ لاى
رۆژهه‌ڵاتناسى فڕه‌نسى لویس ماسینیۆن به‌كارى هێناوه. ئه‌و پیاوه له نێوان 1883 تا 1962 ژیاوه. یه‌كه‌م جار چه‌مكى "ئاینى ئیبراهیم"ی بۆ هه‌ر سێ ئاینى ئیسلام و مه‌سیحى و جووله‌كه به‌كارهێناوه.
ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ش له راپۆرتێكدا باسى له‌وه كردووه، زاراوه‌ى "ره‌وتى ئیبراهیمى" و"ئاینى ئیبراهیمى" ئه‌و ناوانه‌ن كه ته‌نیا ده‌ركه‌وته‌ى ئه‌م پێنج ساڵه‌ى دوایى نین. به‌ڵكو به‌گوێره‌ى هه‌ندێك به‌ڵگه بۆ زیاتر له 10 له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه، له زانكۆكانى فلۆریدا و هارڤارد به ناوى "ره‌وتى ئیبراهیمى" و "یه‌كێتیى فیدراڵیى ئیبراهیمى" له نێوان 2013 تا 2015 تاوتوێ كراون. هه‌ر جه‌زیره باسى له‌وه كردووه، ساڵانه به ناوى ئاینى ئیبراهیمى ملیاران دۆلار خه‌رج ده‌كرێت.
كێ دژایه‌تیى ئه‌و بیرۆكه‌یه ده‌كات؟
له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست زۆرێك له رێكخراوه ئیسلامییه‌كان و كه‌سایه‌تییه ئاینییه‌كانى مه‌سیحییه‌ت دژایه‌تیى بیرۆكه‌ى "ئاینى ئیبراهیمى" ده‌كه‌ن و گومانى لێ ده‌كه‌ن، به هه‌وڵێكى سیاسى و هه‌واڵگرى و ماسۆنى ده‌زانن. له‌وانه
ئه‌حمه‌د ته‌یب شێخى زانكۆى ئه‌زهه‌ر به‌ر له هه‌موو كه‌سێك دژایه‌تیى خۆى بۆ بیرۆكه‌ى "ئاینى ئیبراهیمى" راگه‌یاندووه، پێی وانییه ئه‌مه گفتوگۆى نێوان ئاینه‌كان بێت، به‌ڵكو مه‌به‌ست لێى كاڵكردنه‌وه‌ى ئاینه‌كانه.
ئه‌حمه‌د ته‌یب ده‌ڵێ، "كۆكردنه‌وه‌ى هه‌موو مرۆڤه‌كان له‌سه‌ر ئاینێك بابه‌تێكى مه‌حاڵه و له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌ریته‌ی كه خودا خه‌ڵكى له‌سه‌ر دروست كردووه، رێزگرتن له باوه‌ڕێكى تر شتێكه و باوه‌ڕهێنان پێى شتێكى تره".
پاپاى قیبتییه‌كانى میسر
توازرووسى دووه‌م باس له هه‌ڵوێستى مه‌سیحییه‌كان ده‌كات له‌سه‌ر ئاینى ئیبراهیمى و ده‌ڵێ، "به ته‌واوى ره‌تى ده‌كه‌ینه‌وه و قبووڵكراو نییه". پاپاى میسر باس له‌وه ده‌كات، ئه‌وانه‌ى بانگه‌شه بۆ ئاینى ئیبراهیمى ده‌كه‌ن بیرۆكه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه، پێڕه‌وكارانى سێ ئاینه‌كه ئاینى خۆیان جێبهێڵن و بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئاینى پێغه‌مبه‌ر ئیبراهیم. دواتریش ئه‌و كه‌سایه‌تییه به‌ناوبانگه‌ى میسر ده‌ڵێ، "ئاینى ئیبراهیمى به‌رهه‌مى بیركردنه‌وه‌یه‌كى سیاسییه و سه‌رچاوه‌كه‌ى رۆژئاوایه، ئامانج لێى تێكشكاندنى بنه‌ماكانى ئاینه كه قه‌واره‌ى مرۆڤ و شوناسه‌كه‌ى ده‌پارێزێ". له به‌شێكى تر‌ى قسه‌كانى ده‌ڵێ، "رۆژهه‌ڵات په‌رستگه‌ى دنیایه، رۆژئاوا كارگه‌ى دنیایه، بیرۆكه‌ى ئاینى ئیبراهیمى سه‌رچاوه‌كه‌ى كارگه‌یه، بۆیه شوێنى له‌ناو په‌رستگه نابێته‌وه".