دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی، رێوڕەسمێك بۆ كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێك خرا، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی لیستی هەڵوێست بەشداری لە رێوڕەسمەكە كرد و رای گەیاند، ناهەقی زۆریان بەرانبەر بە نەوشیروان مستەفا كردووە، بەپێی زانیارییەكان ئەو لە لایەن گۆڕانەوە دوو پێشنیازی بۆ كراوە، ئەوەش هۆكاری چوونی بوو بۆ گردەكە.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، عەلی حەمەساڵح لە لایەن كوڕانی نەوشیروان مستەفاوە پێشنیازی گەڕانەوەی بۆ ناو ریزەكانی بزووتنەوەی گۆڕان باڵی گردەكەی بۆ كراوە، ئەوەش بە مەرجی پێدانی پۆستێكی باڵا، داواشی لێ كراوە، ئەگەر بەو مەرجە رازی نەبوو، دەتوانرێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ رەوتی هەڵوێست بە لیستێكی هاوبەش بەشداری بكەن، یان دواتر ببنە هاوپەیمان ئەگەر كورسییان بەدەست هێنا.
هاوكات سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، نزیكبوونەوەی عەلی حەمەساڵح و كوڕانی نەوشیروان مستەفا لە لایەن دەزگەی زانیاریی یەكێتییەوە كاری بۆ كراوە، ئەوەش دوای ئەوەی هەر بە بڕیاری سەرانی باڵای دەباشان، لە هاوپەیمانیی پێكهێنانی لیستی لایەنەكانی ئۆزپۆسیۆن كشایەوە.
هەر ئەمڕۆ عەلی حەمەساڵح لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە كرد كە تا 50 ساڵی تریش هەر هێزێكی ئۆپۆزسیۆن دروست بێت بەشێكی بۆ كاك نەوشیروان دەگەڕێتەوە، ئەوەی ئێمە یان دوای ئێمە رێچكەكەی تێكشاند هەر بۆ ئەو دەگەڕێتەوە، دەبێت كاك نەوشیروان لە بزووتنەوەی گۆڕان گەورەتر بێت، هەرچەندە ئەو مرۆڤ بووە و پێغمەبەر نەبووە و هەڵەی كردووە، دووپاتی كردەوە، خەڵكانێك ناهەقی زۆریان بەرانبەر كردووە و ناكرێ سەنگەری بەرانبەر بگیرێت.
لەوبارەوە عادل كەریم هەڵسوڕاوێكی باڵای بزووتنەوە گۆڕانە بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا، پێشتر زۆرینەی ئەوانەی لە بزووتنەوە گۆڕان جیا بوونەوە و وازیان هێنا، هۆكارەكەی بۆ عەلی حەمەساڵح دەگەڕێتەوە، چونكە زۆر لە كارەكانی نیگەران بوون.
دووپاتی كردەوە، ئەو بابەتە دەمێكە لە ناو گردەكە باسی لێوە كراوە، بەڵام كەس بە گەڕانەوەی ناوبراو دڵخۆش نییە، دوور نییە بە گەڕانەوەی گۆڕان باڵی سێیەمی لێ جیا بێتەوە.
لە ساڵی 2009 بۆ یەكەمجار دوای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لە لایەن نەوشیروان مستەفا، كە جێگری یەكەمی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، توانی 25 كورسی لە پەرلەمانی كوردستان بەدەست بێنێت، بەڵام كێشە ناوخۆییەكان و بوونی بە دوو باڵ، ئێستە تەنیا یەك كورسییان هەیە.
وشە/ تایبەت