نووسینی: مستەفا کوتلای
لە کاتێکدا کە دڵنیایی لەبارەی داهاتووی سیستمی نێودەوڵەتی کەم دەبێتەوە، وا دیارە هێزە ئاست ناوەندییەکان سەردەمێکی باشیان هەیە. لەگەڵ وڵاتانی وەک بەڕازیل، ئەندەنووسیا و عەرەبستانی سعوودیە، تورکیا هەوڵ دەدات کەڵک لە گۆڕەپانێکی جیۆپۆلەتیکی وەربگرێت، کە کەمتر لەلایەن سیستمی هاوپەیمانیی دوای جەنگی ئەمەریکا و دیپلۆماسیی بنەمادار داڕێژراوە، زیاتر لەلایەن چەندان ناوەندی هێز و پێوەندییە مامەڵەییەکانەوە لەبار بووە. بەتایبەتی لەدوای قەیرانی دارایی جیهانی لە ساڵی 2008ەوە، تورکیا پێوەندیی نزیکتری لە دەرەوەی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییە تەقلیدییەکانی گرتووەتە بەر، وەک ڕووسیا و چین. هەروەها هەوڵی داوە ئاستی کاریگەریی نێودەوڵەتی خۆی فراوان بکات، بەتایبەت لە دەرەوەی ڕۆژئاوا. تورکیا ئێستە لە ڕیزبەندی سێیەم دایە لە ژمارەی زۆرترین نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی لە دنیادا، دوای چین و ویلایەتە یەکگرتووەکان. لە ناکۆکییەکانی قەوقاز، ناوچەی دەریای ڕەش و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقاش، تورکیا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.
سیاسەتەکانی ئەم دواییەی تورکیا لە سووریا، نموونەیەکی بەرچاون لەو شێوازەی کە هێزێکی ئاست ناوەندی دەتوانێت کاریگەری لە ناوچەکەی خۆیدا دابنێت، هەندێک جار تەنانەت بەسەر یاریکەرانی بەڕواڵەت بەهێزتریشدا زاڵ بێت. لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سووریادا، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حکوومەتی تورکیا بە ئاشکرا دژی سەرۆکی سووریا بەشار ئەسەد وەستایەوە و پشتگیریی مادی بۆ ئەو گرووپانە دابین کرد کە دژی دەسەڵاتی ئەو دەجەنگان. ئەمەشی کرد تەنانەت کاتێک کە بەشار ئەسەد، بە پشتگیریی ئێران و ڕووسیا، دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتبوو و خودی ناکۆکییەکە بووە هۆی ئەوەی ملیۆنان پەنابەری سووری بەرەو تورکیا هەڵبێن، ئەمەش مەترسی تەناهیی لەسەر سنووری درێژی باشووری تورکیا لەگەڵ سووریا دروست کرد. بەڵام 13 ساڵ دواتر، لە دیسێمبەری 2024دا، ڕژێمی ئەسەد ڕووخا، بە پێچەوانەی هەموو پێشبینییەکان، سیاسەتی تورکیا درەنگ بەرهەمی دا. ئەنقەرە دوژمنەکەی نەما و سەرکەوتنی گرووپە ئۆپۆزسیۆنە پشتگیریکراوەکانی تورکیا، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بۆ دیمەشق دابین کرد. جیۆپۆلەتیکی ناوچەیی هێشتا ناسەقامگیرە، دروستکردنی دەوڵەت لە سووریا پڕۆسەیەکی درێژخایەن و قوورس دەبێت، بەڵام تورکیا خۆی وەک یەکێک لە هێزە دەرەکییە سەرەکییەکان جێگیر کردووە کە دەتوانێت داهاتووی ئەو وڵاتە داڕێژێت.
لە ئێستەدا، سیاسەتی تورکیا لە سووریا وا دیارە بەرهەمی هەیە، هێزی ئاست ناوەندیی وەک تورکیا دەبێت بەرژەوەندییەکانی خۆیان بپارێزن و مەرجەکانیان هەمەلایەن بکەن، لەبەرئەوەی لە جیهانێکدا دەژین کە شڵەژان و ئاژاوە تێیدا ئاساییە، ناکرێت پشت بە هێزە گەورەکان ببەسترێت و ئێستە پێوەندییە جیهانییەکان زیاتر مامەڵەیی دەبن. 20 ساڵ لەمەوبەر، ڕێگەی سەرکەوتنی سیاسەتی دەرەوە بۆ ئەم وڵاتانە لە بوون بە هاووڵاتییەکی باشی نەزمی نێودەوڵەتیی لیبراڵدا خۆی دەبینییەوە. ئەمڕۆ، "خۆبەڕێوەبەریی ستراتیجی" بووە بە ناوی یارییەکە. بەڵام ئەگەر تورکیا و وڵاتانی هاوشێوە تێچووی ئەم ڕێگەیە باش نەزانن، ئەوا مەترسی ئەوە هەیە کە هاوپەیمانییەکانیان پەکی بکەوێت، سەرچاوە دیپلۆماسییەکانیان زێدەڕۆیی تێدا بکرێت و زاڵبوونە ئابوورییەکانیان کاڵ ببنەوە. ئەو بیرۆکەیەی کە مامەڵەگەریی بنەڕەتی بۆ هێزە ئاست ناوەندییەکان باشە، خەیاڵێکە.
لە دەرەوەی ڕۆژئاوا
سیاسەتمەدارەکانى تورکیا پێیان وایە کە بەرەوپێشچوونی فرەجەمسەری، دنیایەکى نوێ دروست دەکات، دنیایەک کە تورکیا دەبێت ڕۆڵێکی کارای تێدا ببینێت. بەشێوەیەکی مێژوویی، دیپلۆماسی تورکیا ڕاستەوخۆ چاوی لەسەر دراوسێکانی و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی بوو. تورکیا بەشێکی زۆری بازرگانیی خۆی لەگەڵ ئەوروپا لە سەرەتای ساڵانی جەنگی سارددا ئەنجام دا، ئاسایشی خۆی بە ناتۆوە بەست کاتێک لە ساڵی 1952دا بووە ئەندامی ئەو هاوپەیمانییەتییە.
ئەمڕۆ، پێوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ جیهانی ناڕۆژئاوایی لە زیادبوون دایە، دەستکەوتنی کاریگەری بەسەر باشووری جیهاندا بووەتە کۆڵەکەی سەرەکیی ستراتیجیی تورکیا. لە ساڵی 2002 قەبارەی بازرگانیی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا، لەوانە چین و ڕووسیا، تەنیا نیوەی قەبارەی بازرگانی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا بوو. دوو دەیە دواتر، بازرگانیی تورکیا لەگەڵ ئاسیا زیاتر بوو لە بازرگانی لەگەڵ ئەوروپا.
بازرگانیی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا زیاتر لە 50٪ زیادی کرد لە نێوان ساڵانی 2014 و 2024، لە 21.2 ملیار دۆلارەوە بۆ 33.3 ملیار دۆلار. ژمارەی باڵوێزخانەکانی تورکیا لە کیشوەری ئەفەریقا 54 وڵاتە لە 12 باڵوێزخانە لە ساڵی 2002ەوە بۆ 44 لە ساڵی 2022 زیادی کردووە. وەک بەشێک لە پلانێکی درێژخایەن بۆ بوون بە ناوەندێکی کاریگەر لە ئەفریقا، ساڵی ڕابردوو، حکوومەتی تورکیا سەرکردەکانی ئەسیۆپیا و سۆماڵی هێنایە سەر یەک مێز بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکیی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەسەر پلانەکانی ئەسیۆپیا بۆ دروستکردنی بەندەرێک لە سۆماڵیلاند، ناوچەیەکی جیابووەوە کە حکوومەتی خۆی هەیە لە باکوری سۆماڵ. هێڵی ئاسمانیی تورکیا، کە هێڵی نیشتیمانیی وڵاتەکەیە، ئێستە بۆ 130 وڵات دەفڕێت و خۆی وەک ئەو کۆمپانیایە ناوزەد دەکات کە "بۆ زۆرترین وڵات لە دنیادا دەفڕێت".
ناسەقامگیریی ناوچەیی و خراپبوونی پێوەندییە تەناهییەکان لەگەڵ هاوبەشە ڕۆژئاواییەکان، تورکیای ناچار کردووە تەکنەلۆجیای بەرگری و ئاسمانیی ناوخۆیی پەرە پێ بدات. وەبەرهێنانی فراوانی حکوومی و تایبەت، بووەتە هۆی گەشەکردنی پیشەسازیی درۆنی تورکیا. درۆنی بەیرەقدار TB2 لە چەندان کێشمەکێشدا بەکارهێنراوە، لەوانە لە لیبیا، ناگۆرنۆ - کاراباخ، سووریا و ئۆکراینا، ئێستە بۆ زیاتر لە 30 وڵات هەناردە دەکرێت. تا ساڵی 2024، کۆی هەناردەکانی بەرگری و ئاسمانیی تورکیا گەیشتە حەوت ملیار و دووسەت ملیۆن دۆلار، زیادبوونەکە نزیکەی 30٪یە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو. تا ساڵی 2023، سێ بەڵێندەری بەرگریی تورکیا لەناو 100 کۆمپانیای سەرەکی داهاتی چەکدا بوون لە دنیادا.
کاتێک تورکیا چەندان شێوازی هاوپەیمانێتیی دەرەکی دەگرێتە بەر، هەمیشە پێگە هەستیار و ناکۆکەکەی خۆی لەبەرچاو ناگرێت. فرەجەمسەری لەوانەیە دەرفەتی ئابووری بڕەخسێنێت، بەڵام مەترسیی زیاتریش دەهێنێتە پێش. بەهێزکردنی هاوبەشییەکان لە ناوچەیەکدا لەوانەیە لە سەر حیسابی پێوەندییەکان لە ناوچەیەکی تردا بێت. بۆ ئەوەی تورکیا بە سەرکەوتوویی لەسەر ئەم پەتە تەسکە ڕێ بکات، وەک هێزە ناوەندییەکانی تر، پێویستە بە خۆگرتنەوە و تێگەیشتنێکی واقیعی لە سنوورەکانی کار بکات.
نیگەرانییەکی سەرەکی بۆ تورکیا ئاسایشی ئابوورییە. لە جیهانێکدا کە زیاد لە ڕوویەکی هەیە بۆ مامەڵەکردن، هێزە مامناوەندەکان دەیانەوێت لەگەڵ چەندان هێزی گەورە لەسەر بنەمای پرس بە پرس کار بکەن. بەڵام کاتێک ئابووریی جیهانی پارچەپارچە دەبێت، بە خێرایی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە لەژێر سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، زۆربەی وڵاتان فشاریان لەسەر دەبێت لایەنێک هەڵبژێرن. ئەوەی ئەم هاوسەنگییە بۆ تورکیا زەحمەتتر دەکات ئەوەیە کە چەندان پشتبەستنی هەیە لەسەر بلۆکە رکابەرەکان. ناتوانێت درک بە ئاستەنگی مەترسیی لەدەستدانی دەستگەیشتن بە گازی رووسیا، کاڵای چینی، بازاڕەکانی ئەوروپا، یان دۆلاری ئەمەریکی بکات لە یەک کاتدا. لە لایەنی رووسی-چینی، بەرژەوەندیی ئابووریی تورکیا قووڵتر دەبێت. لە ساڵی 2024، کۆی بازرگانی لەگەڵ ئەم دوو وڵاتە گەیشتە 101 ملیار دۆلار، کە نزیکەی 17٪ی بازرگانیی دەرەکیی تورکیا پێکدەهێنێت. هەرچەندە ئەم پێوەندییە بازرگانییانە زۆر ناهاوسەنگن . کۆی هەناردەی تورکیا بۆ رووسیا و چین تەنیا 12 ملیار دۆلار بوو پارساڵ، کە بەشێوەیەکی بەرچاو دەبێتە هۆی کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکیی تورکیا. لە هەمان کاتدا، ئابووریی تورکیا هێشتا پێویستی بە بازاڕە رۆژئاواییەکان و سەرمایە هەیە بۆ بەردەوامی گەشەی خۆی؛ تورکیا نزیکەی هەمان بڕ هەناردە دەکات بۆ یەکێتیی ئەوروپا، کە نزیکەی 70٪ی وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی لە یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دێت. راکێشان بۆ ناو شەڕی بازرگانی، تەکنەلۆجیا و سزاکان لە نێوان لایەنە رۆژئاواییەکان و تەوەری رووسی - چینی دەکرێت ببێتە هۆی ئاڵۆزیی ئابووریی گرنگ بۆ تورکیا.
جۆراوجۆرکردنی پێوەندییەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان لەوانەیە وەک بیمەیەکی باش دەربکەوێت بۆ هێزێکی ناوەندی. بەڵام تورکیا بەهۆی ئاڵۆزیی سیاسیی ناوخۆیی کە دڵنیایی نەبوون دروست دەکات بۆ وەبەرهێنەران، تا ئێستە کێشەی هەبووە لە گۆڕینی ستراتیجی پاراستنی خۆی بۆ دەستکەوتی ئابووریی بەرچاو، لە 2019 بۆ 2023 بۆ نموونە وڵات نزیکەی 53 ملیار دۆلاری لە وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی راکێشا، زۆر کەمتر لەو 84 ملیار دۆلارەی کە ڤێتنام وەک "ناوەندی پارێزەر" کە ئابوورییەکەی کەمتر لە نیوەی قەبارەی ئابووریی تورکیایە، لە هەمان ماوەدا رایکێشا. زیاتر لەوەش، کرانەوەی ئابووریی تورکیا بۆ بلۆکە رکابەرەکان دەتوانێت مەودای مانۆڕی سنووردار بکات. ئەگەر تورکیا ئەوە هەڵبژێرێت پێوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ رووسیا و چین قووڵتر بکاتەوە، ئەوا مەترسیی لەدەستدانی سەرمایەی بیانی پێویستی کوالێتیی بەرزی لە وڵاتانی رۆژئاواییەوە تووش دەبێت.
سیاسەتێکی کاریگەری پاراستن دەبێت لە ناوخۆوە دەست پێ بکات، بۆ کەمکردنەوەی کرانەوەی ئابووری و زیادکردنی بەرگرییەکەی، تورکیا پێویستی بە سیاسەتێکی گشتگیری پیشەسازی و دامەزراوەی بەهێز هەیە. تورکیا هەندێک لایەنی گرنگی هەیە، وەک: ئابوورییە کراوەکەی، کەمی لە سەرچاوەی سروشتی، جۆراوجۆری بەرچاوی بازاڕ و بەرهەمی بەدەستهێناوە، و بازرگانەکانى زیرەک و گونجاون. هەرچەندە، پێکهاتەی ئابووریی تورکیا پشتبەستنی دەرەکیی بەهێز دەکات. کێشەی سەرەکیی ئەوەیە کە تورکیا پشت بە هاوردە دەبەستێت بۆ زۆربەی بەرهەمە پێشکەوتووەکان؛ تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو تەنیا چوار لە سەدی هەناردەی بەرهەمهێنانی تورکیا پێکدەهێنێت.
گەمەکردن بە پێوەندییەکان
پابەندبوونی تورکیا و هێزە ناوەندییەکانی تر بە سەربەخۆیی ستراتیجی لە جیهانێکدا قابیلی تێگەیشتنە، کاتێک هێزە گەورەکان ناسەقامگیرن و زیاتر جێی متمانە نابن. بەڵام شوێنکەوتنی پڕجۆشی ئەو سەربەخۆییە مەترسیدارە، تورکیا ئەنجامەکانی پاڵنانی سیاسەتی دەرەوەی سەربەخۆیی زیانی زۆری بەرکەوت لە دوای راپەڕینەکانی عەرەب، کاتێک خۆی زۆر درێژ کردەوە بە پێکدادان لەگەڵ هەردوو وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە جیهانییەکان. کەلێنی دیپلۆماسیی دروست کرد لەگەڵ سووریا دوای ئەوەی ئەسەد بە توندوتیژی سەرکوتی خۆپیشاندەرانی کرد لە 2011، هەروەها هەمان کەلێن لە گەڵ سعوودیە پاش ئەوەی ئەنقەرە پشتگیریی حکوومەتی محەمەد مورسیی کرد لە میسر لە 2012 و دوای ئەوەی عەبدولفەتاح سیسی دەسەڵاتی گرتە دەست لە 2013، هەمان شت بۆ یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر کۆچ، سیاسەتی سووریا و پرسەکانی تر بە درێژایی یەک دەیە کاتێک ئەم بنبەستانە درێژەیان کێشا، وەبەرهێنانی بیانی لە تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد. حکوومەت دەبوایە سەرچاوەی زیاتر بۆ ئاسایش دابین بکات، کە توانای داراییەکەی لە بوارەکانی تر سنووردار دەکرد، بڕیارەکانی سیاسەتی دەرەوە بە شێوەیەکی زیاتر بوونە جێی ناکۆکی، کە بوو بە خۆراکی جەمسەرگیریی سیاسی. بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارانە، تورکیا وزەی دیپلۆماسیی گرنگی تەرخان کردووە بۆ چاککردنەوەی زیانەکان لە چەند ساڵی رابردوودا.
ئەمڕۆ، ئەنقەرە پێویستە پێوەندییە درێژخایەنەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە ڕۆژئاواییە نەریتییەکانی لەگەڵ ستراتیجییەکدا بۆ پێوەندیی لەگەڵ جیهانی ناڕۆژئاوایی بگونجێنێت. پێوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی؛ پێویستیان بە چاکسازی هەیە، کە لە دەیەی ڕابردوودا بەرەو مامەڵەیەکی ئاڵوگۆڕییانە چوون. لەبرى پێکەوە کارکردن بەرەو ئامانجە هاوبەشەکان، هەردوولا زۆرجار ڕازی دەبن بە ڕێککەوتننامەی سادە، لە بەرانبەر ئەوەی کە تورکیا پەنابەرانی سووری لە ئەوروپا دوور بخاتەوە، بۆ نموونە، یەکێتیی ئەوروپا دەرفەت دابین دەکات بۆ یارمەتیدانی تێچووەکان و لە مەرجێکی نەگوتراوی ڕێککەوتننامەکەدا یەکێتیی ئەوروپا پاشەکشەی نۆرمە دیموکراسییەکان لە تورکیا قبووڵ دەکات.
ڕێبازی ئەنقەرە بۆ مامەڵەخوازی ئەو ڕاستیەیە کە تورکیا وڵاتێکی بێلایەن نییە، تەنانەت ئەگەر هەوڵی نیشاندانی دڵپێوەبوونی دامەزراوەکانی وەک بریکس یان ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای بدات، هێشتا ئەندامی ناتۆیە، بەشێکە لە یەکێتیی گومرگی ئەوروپا، ئەندامێکی دامەزرێنەری ئەنجوومەنی ئەوروپایە، و وڵاتێکی کاندیدە بۆ یەکێتیی ئەوروپا. ئەم پێوەندییانە چاوەڕوانییەک لە تورکیا دەکەن و هەڵبژاردنی ڕێگایەکی جیاواز دەرئەنجامی هەیە. دوای ئەوەی تورکیا ڕێککەوتننامەیەکی واژوو کرد بۆ کڕینی مووشەکەکانی S400 لە ڕووسیا لە ساڵی 2017، بۆ نموونە، لە پڕۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی F35ی ناتۆ دەرکرا. دوای چەندان ساڵ پێوەندیی خراپ لەگەڵ دراوسێکانی و ئەوروپا، تورکیا لە فۆرومی گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بلۆکێکی هەرێمی بە فەرمی لە ساڵی 2020 دامەزرا، دەرکرا.
پێشکەوتن لەسەر ئەم بابەتانە لەوانەیە پێویستی بە دووبارە ڕێکخستنەوەی پێوەندیی تورکیا لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا هەبێت، تورکیا دەتوانێت گواستنەوە بۆ سووریای پاش ئەسەد بەکاربهێنێت بۆ ئەو کارە. سەقامگیریی سووریا بە داوێکی باریکەوە هەڵواسراوە، هەرچەندە تورکیا پێوەندیی بەهێزی لەگەڵ حکوومەتی نوێی دیمەشق هەیە، ناتوانێت بە تەنیا ئەو بونیاتنانەوە گەورەیە دابین بکات کە وڵاتەکە پێویستیەتی. بەڵام پێکەوە، تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا دەتوانن کارێکی زۆر بکەن بۆ پشتگیریکردنی سووریا، ڕێگرتن لە کۆچی پەنابەرانی تر و یارمەتیدانی سەقامگیرکردنی سەرتاسەریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر هەردوولا شێوازی نزیکبوونەوەیان لە پێوەندییەکەیان بگۆڕن.
پێویستی هێزی ئاست ناوەند بۆ جیهانێکی فرەجەمسەری، زۆرجار وەک ڕێنێسانسێکی هێزی ناوەند تەماشا دەکرێت، کە دەرفەت دەدات بە وڵاتانی دەرەوەی چەند هێزێکی گەورە بۆ داڕشتنی سیاسەتی هەرێمی و جیهانی. شێوازی ڕێکخستنی سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆ هێزێکی ناوەندی، ئەمڕۆ بەڵگەکە دەڵێت، ئەوەیە کە خۆی لە ئەرکی سنووردارکردن یان هەڵبژاردنی لایەنەکان بەدوور بگرێت. هەروەک سەرۆکی بەڕازیل لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا مانگی ڕابردوو بە ڕۆژنامەنووسانی وت: "من نامەوێت هەڵبژێرم... من دەمەوێت پێوەندیم لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان هەبێت، دەمەوێت پێوەندیم لەگەڵ چین هەبێت. نامەوێت لایەنگیرییەکەم بۆ یەکێکیان یان ئەوی تریان هەبێت". گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی وا دیارە ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە بەهێز دەکات، کاتێک سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاشکرا زیاتر ئاڵوگۆڕی دەبێت، پێشینە دەدات بە ڕێککەوتنەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی نیشتمانی دەکەن لەپێش پابەندبوونی ئاشکرا بە هاوپەیمانی و نۆرمەکان.
بەڵام بە باوەش کردنەوە بۆ هاوبەشی نەرم، وەک ئەوەی تورکیا بە هاوسەنگی خۆی کردوویەتی، هێزە ناوەندییەکان لەوانەیە ئاگادار بن لە مەترسییە گرنگەکان. بەتایبەتی بۆ ئابورییەکانی وەک تورکیا کە کراوەن، هونەری ئابووریی وردبینی گرنگە بۆ سنووردارکردنی لێکەوتەکانی جەنگی بازرگانی و تەکنەلۆجیا، پچڕانی زنجیرەی دابینکردن و دەرکەوتنەکانی تری نادڵنیایی جیۆپۆلەتیکی. سیاسەتی دەرەوەی چالاک بەردەوام نابێت بەبێ دامەزراوەی ناوخۆیی بەهێز و ئابوورییەکی تەندروست بۆ پشتگیریکردنی.
مستەفا کوتلای، مامۆستا لە زانکۆی سیتی سەینت جۆرج لە لەندەن، توێژەر لە سەنتەری سیاسەتی ئیستانبوڵ و هاونووسەرە لەگەڵ مینا تۆکسۆز و ویلیام هەیل، لە کتێبی "سیاسەتی پیشەسازی لە تورکیا: هەڵکشان، پاشەکشە و گەڕانەوە".