وڵاتانی ئەوروپا رێوشوێنی نوێ دژی ئیسلامییەكانی دانیشتووی ئەوروپا دەگرنەبەر، راستڕٍەوەكان رایان گەیاندووە، دەسپێكی ئاوابوونی خۆری ئیسلامییەكانە لە رۆژئاوا.
سوید كار بۆ ئەوە دەكات، چیتر رەگەزنامە نەدرێت بە پانەبەر بەتایبەت ئەو كەسانەی پاشخانێكی ئیسلامی سیاسییان هەیە، هاوكات لە فڕەنسا دوای ئامادەكردنی راپۆرتێك لەبارەی ئیخوان موسلیمین و ئیسلامی سیاسی، لە رۆژانی رابردوودا كۆبوونەوەیەك بە سەرۆكایەتیی ماكرۆن و بەشداریی سەرۆكی حكوومەت و چەند وەزیرێك، لەسەر ئاستی "ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی" بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی ئیسلامی سیاسیی بەڕێوەچوو.
كۆبوونەوەكە دوای دەرچوونی ئەو راپۆرتە دێت كە دوو فەرمانبەری پلەباڵا لەسەر داوای حكوومەتی فڕەنسی ئامادەیان كردووە. ئەو راپۆرتە ئاماژەی بەوە داوە كە رێكخراوەكانی ئیخوان موسلیمین، رێكخراوێكی تۆكمەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی. ماكرۆنیش داوای كردووە رێكاری بە پەلە بگیرێتەبەر.
ئەو راپۆرتە لەسەر بنەمای چاوپێكەوتن لەگەڵ 45 مامۆستای زانكۆ و سەردان لە ناوەوە و دەرەوەی فڕەنسا ئامادە كراوە و ئاماژە بە پڕۆژەی ئیخوان دەكات، وەك پڕۆژەیەكی وێرانكەر كە ئامانجی ئەوەیە لە ماوەی دووردا بتوانێت بنەما عەلمانییەكەی كۆمەڵگە و یەكسانیی رەگەزیی نێوان نێر و مێ بگۆڕێت.
هەروەها ئامادەكارانی راپۆرتەكە دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ئەوەی ئیخوان بیەوێت دەوڵەتێكی ئیسلامیی لە فڕەنسا دابمەزرێنێت، یان بیەوێت شەرعی ئیسلام پێڕەو بكرێت، بەڵام هۆشدارییان داوە لە مەترسییەكانی ئەو رێكخراوە لەسەر پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی.
وڵاتانی رۆژئاوا بەهۆی ئەو كەشە دیموكراتی و عەلمانییەی هەیە، رێگەیان بەهەموو ئاینەكان داوە ئازاد بن لە پێڕەوكردنیدا، رێگەشیان داوە پەرستگەی سەرجەم ئاینەكان بكرێتەوە و بەوپەڕی ئازادی هاووڵاتییان پەستش بكەن.
بەڵام ئەم كەشە ئازادییە، لەلایەن گرووپە ئیسلامییەكانەوە و بەپارەی نەوتی وڵاتانی عەرەبی قۆزراوەتەوە و ئێستە ئەوروپا و بەریتانیا بەدەست گرووپی تونڕەوی ئیسلامییەوە گرفتار بوون.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەوانیی ئەوروپی، ئیسلامی سیاسیی توانی بە سوودبینین لە ئازادی و دیموكراتیی رۆژئاوا و پەلوپۆ بهاون و بەناوی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە، كۆمەك وەربگرن و وردە وردە كۆمەڵگەیەكی نهێنیی، هاوتەریب بە كۆمەڵگای رۆژئاوا دروست بكەن و دژی سیستمی عەلمانییەت بن.
راپۆرتە ئەوروپییەكان ئاماژە بەوە دەكەن ئەو ئایندارییەی خەڵكی مسوڵمان لە وڵاتانی ئەوروپی لە سنووری ئازادیی تاكە كەس دەرچووە، بووەتە بابەتی رێكخراوەیی و كاری سیاسیی بەمەبەست.
راستڕەوەكانی رۆژئاوا لەمبارەیەوە مەترسییەكە دەخەنەروو، داوای گۆڕینی ئەو یاسایانە دەكەن كە ئاسان رێگە بەمانەوەی ئەم خەڵكانە دەدات لە ئەوروپا بمێننەوە و یارمەتیشیان دەدات تا دژی بەها ئەوروپییەكان كار بكەن.