مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان، لە زانكۆی ئەمەریكی كوردستان- دهۆك، گوتارێكی پێشكەش كرد و رای گەیاند، ئێمە لە ھەرێمی كوردستان دەستمان بە چاكسازی كردووە، ئەم چاكسازییانە تەنیا بیرۆكە نین، بەڵكو ڕاستەوخۆ كاریگەریی بەرچاویان دەبێت لە سەر باشتركردنی گوزەرانی خەڵكی كوردستان.
دەقی گوتارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:
میوانە بەڕێزەكان:
بەڕێزان ئەندامانی دەستەی ئەمینداران، سەرۆكی زانكۆی ئەمەریكی - كوردستان، فاكەڵتی و ستاف و دایك و باوكانی سەربەرز، دەرچووانی ساڵی 2025.
ئێوارەتان باش...
شەڕەفێكی گەورەیە، ئەمڕۆ وەك سەرۆكی دەستەی ئەمیندارانی زانكۆی ئەمەریكی - كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لێرە لەگەڵتانم.
ئەمرۆ لێرە كۆبووینەتەوە نەك تەنیا بۆ ئاھەنگگێڕانی سەركەوتنی ئەكادیمیتان كە بە ھەوڵ و ماندووبوون بەدەستتان ھێناوە، بەڵكو بۆ ڕێزگرتنە لە پابەندی، سووربوون و دنیابینیی ئەو كەسانەی ئێوەیان گەیاندە ئەمڕۆ.
بەناوی ئەندامانی دەستەی ئەمینداران و ھەموو كوردستانەوە، پیرۆزبایی لە ھەمووتان دەكەم.
ئەم ئاھەنگەی ئەمرۆ تەنیا بۆ ئەو دەستكەوتە ئەكادیمییە نییە كە بە ھەوڵ و كۆششێكی زۆر بەدەستتان ھێناوە، بەڵكو ئەمە خاڵی وەرچەرخانە.
ئەمڕۆ، ئێوە بە فەرمی پرۆسەی خوێندن تەواو دەكەن و دەچنە قۆناخی دەرفەت، بەرپرسیارێتی و بەدیهێنانی ئامانجەكانتان. ئێوە ئەندازیاری داھاتووی كوردستانن و ئەم گەشتەش، بەو شارەزایی و زانست و پێوەندییانەی لە سەرەتای خوێندنتانەوە لە زانكۆی ئەمەریكی- كوردستان بەدەستتان ھێناون، دەست پێ بكەن.
زانكۆی ئەمەریكی-كوردستان ھەنگاوی سەرەتا و سەكۆی دروستكردنی كاریگەرییەكی واتادارە لە كوردستان و ھەموو جیھان. دڵنیام ئەو بەھایانەی زانكۆی ئەمەریكی-كوردستان لە ئێوەدا چاندوویەتی، وەك حەزی زانین و زانیاری، بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە، خولیا، ھاوكاری، خزمەتكردن و ڕاستگۆیی، دەبنە رێنیشاندەرتان و ھاندەرتان دەبن، وەك چۆن پاڵنەر دەبن بۆ ھاوڕێ و ھاوپیشەكانتان.
ئێمە لە ھەرێمی كوردستان دەستمان بە چاكسازی كردووە. ئەم چاكسازییانە تەنیا بیرۆكە نین، بەڵكو ڕاستەوخۆ كاریگەریی بەرچاویان دەبێت لە سەر باشتركردنی گوزەرانی خەڵكی كوردستان. ئێمە خۆشگوزەرانی و گەشەی ئابوورییەكی گشتگیر بەدیدەھێنین و كوردستان بە بازاڕی ھەرێمی و نێودەوڵەتی دەبەستینەوە.
دوایین سەردانیشم بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، سەرەتای قۆناخێكی زۆر باش بوو بەم ئاراستەیەدا. ئێمە پابەندبوونی ھاوبەشی بەردەوامی خۆمان كە بەهاكانی لە پشتە، لەگەڵ حكوومەت و گەلی ئەمەریكا دووپات كردەوە، پێوەندییەك لە ساڵی 1990ەوە بەشێوەیەكی زۆر باش گەشەی سەندووە. لەو سەردانەمدا، گرێبەستی ستراتیژیمان لەگەڵ كۆمپانیا پێشەنگەكانی ئەمەریكا لە بواری وزە واژوو كرد، كە دەبێتە داینەمۆی گەشەی ئابووری و وەبەرھێنان و داهێنان. لەوەش گرنگتر دەرفەتی كاری زۆر باش و ئاست بەرز، لە سێكتەرە جیاوازەكانی كوردستان دەڕەخسێنن، ئەو دەرفەتانەی كە زۆر باش لەگەڵ شارەزایی و خولیا و ئامادەییتان بۆ پێشەنگی دەگونجێن.
بۆ یەكەمجار لە مێژوودا، كوردستان ئەو پێشكەوتنەی نیشاندا كە ئەو سەربەخۆییە ئابوورییەی بەدەستمان ھێنا، بەھۆی نەوتەوە نەبووە، بەڵكو دنیابینییەكی ئابوورییانەیە كە لەسەر بنەمای پەرەپێدانی كەرتە نانەوتییەكان وەك بانكی و كشتوكاڵی داڕێژراوە، لە ڕاستیدا ئێمە لەسەر بنەمای ئەم دنیابینییە بەردی بناخەی كوردستانێكی بەھێزتر و خۆڕاگر دادەنێین. لە ناوچە جیاوازەكانی ھەرێمی كوردستان ڕێگا سەرەكییەكان دروستكراون، سیستمی دابینكردنی ئاو بەشێوەیەكی باش فراوان كراوە، بەنداوی نوێ بۆ پاراستنی داھاتوومان دروست كران.
ئێمە پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانێكی مۆدێرن نەك تەنیا بۆ ئەمڕۆ، بەڵكو بۆ نەوەكانی داھاتووش دەستەبەر دەكەین. وەك بەشێكی سەرەكی ئەم پێشكەوتنە، پابەندین بە دابینكردنی كارەبایەكی بەردەوام لە ڕێگەی (پڕۆژەی رووناكی)یەوە، یەكێك لە گەورەترین ئاڵنگارییەكانمان دەگۆڕین بۆ گەورەترین دەستكەوت، ئەویش بە ڕووناككردنەوەی ماڵەكان و بەھێزكردنی پیشەسازی و بەجێگەیاندنی بەڵێنی كوردستانێكی گەش و ڕووناكتر.
بۆ نوێكردنەوە و مۆدێرنكردنی سیستمی بانكیمان، دەستپێشخەری (ھەژماری من)مان ڕاگەیاندووە، كە ھاوشێوەی نییە لە ناوچەكەمان. ئەم پڕۆژەیە ھاوكاری ھاووڵاتییان دەبێت بۆ ئەوەی ئاسانتر دەستیان بگات بە بانكی دیجیتاڵی و باشتركردنی شەفافیەت و ھاندان و فراونكردنی كولتووری كارسازی و بەرپرسیارییەتی.
لە كرۆكی ئەم پێشكەوتنە ھێزێكی پاڵنەر ھەیە: ئەویش تەكنەلۆجیایە، زیرەكی دەستكرد و گواستنەوەی دیجیتاڵی، چیتر بیرۆكەی دەست پێڕانەگەیشتوو نین، ئەوان ئێستا بەردەستن و دەبنە هۆی وەرچەرخان لە ئابووری و كۆمەڵگەكەشمان. ھەر بۆیە وەبەرھێنان لە ناوەندەكانی داھێنان و ھاندانی ھاوبەش لەنێوان زانكۆ و كەرتی تەكنەلۆجیادا دەكەین. ھانی ھەمووتان دەدەم بە تامەزرۆییەوە سەرقاڵی ئەو بوارانە بن و كوردستان بكەنە بەشێكی دانەبڕاو لە شۆڕشی زیرەكی دەستكرد لە جیھان.
تواناكانی خەڵكی ئێمە، تەنیا لە رێگەی سیستمێكی تەندروستی بەھێز و متمانەپێكراوەوە دەردەكەون، ئەمەش لە شارەزا و كەسانی پیشەیی و بەبەزەیی لە بواری تەندروستیدا دەست پێ دەكات، كە بناخەی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و بەرھەمھێن دادەنێن. لە زانكۆی ئەمەریكی - كوردستان، پرۆگرامێكی پەرستاریمان ھەیە، نەك تەنیا بەگوێرەی ستاندارە نێودەوڵەتییەكانە، بەڵكو وەك مۆدێلیك لە ناوچەكەدا خزمەت دەكات. ئەمڕۆ دەستكەوتێكی مێژوییە: شانازی دەكەم یەكەم گرووپی دەرچووانی پەرستاری دەبینم، كە ھەریەكەیان بە سكۆڵەرشیپی تەواو پشتگیری كراون، ئەوان زیاتر لە دەستكەوتێكی ئەكادیمین، ئەوان ھیواكانمان بۆ كوردستانێكی پێشكەوتوو و تەندروستتر بەرجەستە دەكەن. پابەندیی ئێمە لێرەدا كۆتایی نایەت، بەڵكو وەبەرهێنان لە پەرەپێدانی پڕۆگرامی پیشەیی پەرستاری بۆ بەھێزكردنی راھێنانی پەرستاری دەكەین و ھاوكاریان دەبین لە بەدەستھێنانی ئەو شارەزاییەی كە پێویستیانە بۆ باشتركردنی سیستمی تەندروستی لە كوردستان و عێراق.
با ئەو بنەما سەرەكییانە لەبیر نەكەین كە دەبنە هۆی گەشەپێدانی تەكنەلۆجیا و گەشەسەندنی ئابووری و داهێنان، ئەویش، سیستمی خوێندن و پەروەردەمانە. كارنامەی چاكسازییەكانمان لە بواری پەروەردە بەردەوامە و وەك ھەمیشە پابەندین بەوەی بە سیستمی پەروەردەماندا بچینەوە و میكانیزمەكانی دڵنیایی جۆری بەهێز بكەین، ئەمەش لە ڕێگەی گرتنەبەری چاكسازیی كارگێڕی و دانانی ئامانجی پێوانەیی بۆ ھەڵسەنگاندنی ئاستی كاریگەریی دامەزراوە پەروەردەییەكان. لە ھەمان كاتدا، باشتركردن و بەهێزكردنی ئاستی قوتابیانمان، لە پێشینەی كارەكانمانەوەیە و فێركردنی قوتابیانمان چەقی گرنگیدانمانە.
لە ڕێگەی ئەو ستانداردە نیشتمانییانە كە لە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەكان و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا دامانناون، دەرگامان لە بەردەم كاری ئەكادیمی سەربەخۆ كردووەتەوە و پشتیوانی دامەزراوەكانمان كردووە بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕووی كارگێڕی و داراییەوە، خۆیان بەڕێوە ببەن. ئەمە گۆڕانێكی ستراتیجییە كە داهێنان دەكاتە كرۆكی سیستمی پەروەردەمان. ئامانجی ئێمە ڕوونە: دەمانەوێت نەتەوەیەكی زانستخواز بنیات بنێین، نەتەوەیەك، بەدرێژایی ژیانی بەدوای فێربوونەوە بێت و نایابی و یەكسانی لە دەرفەتدا، ببنە نەریت.
وەك دەرچووانی زانكۆی ئەمەریكی - كوردستان، كە یەكێكە لە دامەزراوە پێشەنگەكانی كوردستان، ئێوە لەناو ئەو باشترینانە دان كە ساز و ئامادەن بۆ ڕێبەرایەتیكردنی ئەم گۆڕانكارییە. داواتان لێ دەكەم لە كارەكانتاندا، ئەوپەڕی ئێتیك و پێوەری ئەخلاقی پیشەیی ڕەچاو بكەن. ناسنامەی خۆتان و نیشتمانەكەتان لە ناو دڵتاندا بێت، تەنانەت ئەوكاتانەش كە لە جیھاندا بەدوای دەرفەتەكاندا دەگەڕێن. خزمەتی ئەو نەتەوە و نیشتمانەت بكە كە لەم گەشتەی ژیانتدا، پشتیوانیی كردی. بە مانای وشە ھاووڵاتی بن، ئەو ھاووڵاتییانەی خزمەت دەكەن و كۆمەڵگەكەیان دروست دەكەن و سەری دەخەن.
با بەبیرتان بێنمەوە، سەركەوتن و خۆشگوزەرانی، لە دەستنیشانكردنی ئامانجەوە دەست پێ دەكات: مەترسن و بەردەوام بن لە گەیشتن بە خولیاكانتان، بەڵام هەرگیز ئەو بەھایانە لەبیر نەكەن كە ئێوەیان گەیاندە ئێرە.
ئێستا لە ھەموو كاتێك زیاتر، كوردستان پێویستی بە وزە و بیرۆكە و سەركردایەتیی ئێوەیە،
وەك نەوە دوای نەوەكانی پێشمەرگەكانمان، كە قارەمانانە شەڕیانكرد و قوربانیی زۆریان دا بۆ پاراستنی خاك و وڵاتمان،
وەك خاوەن دیدگاكانمان كە دامەزراوەكانمانیان دروست كرد،
وەك ھەموو ئەو ھاووڵاتییانەی بێوچان و ماندووبوون ڕۆژانە بۆ بەھێزكردن و خزمەتكردنی نەتەوەكەمان تێدەكۆشن،
ئێوەش پێویستە ئەم چرایە ھەڵگرن و بۆ پێشەوە بڕۆن.
دووبارە پیرۆزبایی لە دەرچووانی 2025 دەكەم.