"لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی عێراق پارەی دەوڵەت بانگەشە گەرم دەكات"

:: PM:06:41:03/06/2025 ‌

ئەگەرچی لە كۆبوونەوەی دوێنێی سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وریاییان لە بەكارهێنانی پارەی سیاسی بۆ راكێشانی دەنگی هاووڵاتییان و كارتێكردنی رای گشتی دا، بەڵام شارەزایان باسی ئەوە دەكەن حزبە سیاسییە گەورەكان لە عێراق لە ترسی گۆڕانكاری زوو دەستیان بە بانگەشەكردن و راكێشانی خەڵك كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیا ناوخۆییەكانی عێراق و سۆشیال میدیا بڵاو كراونەتەوە، كاندیدان دەستیان بە پێشكەشكردنی دیاری بەسەر توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی عێراق كردووە، بەشێكیان موبەریدەیان بەسەر خەڵك دابەش كردووە و هەندێكیشیان پارە، ئەوە لەوكاتەی لەم رۆژانە موقتەدا سەدر داوای لە خەڵكەكە كرد بە وەرگرتنی دیاری لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن، تەنانەت لە گەندەڵكارانیش، بەو مەرجەی دەنگیان پێ نەدەن و كارتی دەنگدانی خۆیان بەوان نەدەن. 

هێزە سیاسییەكان كاندیدانیان بۆ هەڵبژاردن لەسەر بنەمای خەرجییە داراییەكانیان پۆلێن كردووە، سەیف سەعدی توێژەر دەڵێت، كاندیدان بۆ چەند پلەیەك دابەش دەبن، كاندیدی زێڕین و سوپەر و زۆرباش و كاندیدی ئاسایی، بۆ هەریەك لەوانە نرخی خۆی هەیە لە نێوان 10 ملیار دینار بۆ زێڕین تا 300 ملیۆن دینار بۆ ئاسایی، بۆیە خۆسازدان بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق زوو دەستی پێ كرد و بە شێوازێكی جیاواز و ئامرازی نوێ لە پێناو بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران بە هەر شێوەیەك بێت.

لای خۆیەوە د. یەحیا كوبەیسی نووسەر و سیاسەتوان پێی وایە پارەی سیاسی لە عێراق بەشێكە لە بنیاتی گەندەڵی كە بەسەر سیستمی سیاسی باڵادەستە، ئەو پارە زۆرەی خەرج  دەكرێت سەرچاوەكەی سامانی گشتییە كە سیاسەتوانان لە پێگەی دەسەڵاتیان وەك وەزیر و بریكار و سەرۆكی دەستەكان و بەڕێوەبەران بەدەست دێنن، یان لە رێگەی ئەو پارەی لە بەڵێندەر و كارساز و حكوومەت وەری دەگرن، ئێمە باسی سەتان ملیار دۆلار دەكەین هەموو ساڵێك سیاستەتوانان دەستیان دەكەوێت و بەشێكی لە هەڵبژاردنەكان بۆ مسۆگەركردنی مانەوە لە دەسەڵات بەكار دەهێنرێت. 

سەبارەت بە سروشتی كێبەركێكردن لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ، یاسین بەكری مامۆستای زانستە سیاسییەكان ئاماژە دەكات، شەش هۆكار هانی ئەو كێبەركێیەی داوە، هاتنەپێشەوەی چینێكی سیاسیی گەنج، شكستهێنانی چینی سیاسیی ئێستە، پاشەكشەی رەوتی سەدر، گۆڕانكاری لە سووریا، گەشەسەندنی توانا جیۆسیاسییەكانی توركیا، پاشەكشەی رۆڵی ئێران و هاتنەپێشەوەی زیاتری سوودانی، بۆیە گوشاری چەند هۆكارێكی سیاسی ناوخۆیی و ناوچەیی ترسی حزبەكانی دەسەڵاتی لە عێراق زیاتر كرد، وای كرد چالاك بن و زوو لە رێگەی پارەی سیاسییەوە دەست بە بانگەشە بكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل