"لەگەڵ هەر هەڵبژاردنێك بەرپرسانی بەغدا وەك بانگەشە سیاسەتی برسیكردن بەرانبەر هەرێم جێبەجێ دەكەن"

:: PM:09:04:03/06/2025 ‌

بەغدا سیاسەتێكی خراپ لەگەڵ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان پێڕەو دەكات و دەیەوێ بەو كارەی كە دەیكات فەرمانبەرانی هەرێم رووبەڕووی دۆخێكی خراپی دارایی بكاتەوە، بەغدا نایەوێ كوردستان لە رووی دەسەڵات و خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن ببینێت شارەزایانی سیاسی دووپاتی دەكەنەوە كە هەموو كاتێك لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردن لە عێراق، دەست دەكەن بە سیاسەتێكی خراپ و سیاسەتی برسیكردن بەرانبەر بە كورد جێبەجێ دەكەن، بۆ ئەوەی بیكەنە بانگەشە و سۆزی خەڵك بە لای خۆیان رابكێشن.

بەغدا هیچ مانگێك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بە شێوەیەكی رێكوپێك نەداوە و پابەندی رێككەوتن نەبووە و یاسای بودجە و پشكی هەرێمی كوردستانی وەك خۆی جێبەجێ نەكردووە و بیانوو دوای بیانووی بۆ ناردنی مووچە هەبووە، سیاسەتوانەكان باس لەوە دەكەن، بەغدا سیاسەتی برسیكردن بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان جێبەجێ دەكات.

رەسووڵ رەئووف ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، تا پارە و مووچەمان لەژێر دەستی بەغدا بێت، هەر بەو جۆرە مامەڵەمان لەگەڵ دەكات، هەموو كاتێك لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردن لە عێراق دەست دەكەن بە سیاسەتێكی خراپ و سیاسەتی برسیكردن جێبەجێ دەكەن، بۆ ئەوەی بازاڕی خۆیان گەرم بكەن و بیكەنە بانگەشە و سۆزی خەڵكی خۆیان بە لای خۆیان رابكێشن، ئەوەی لە عێراق هەیە و دەكرێت نایاساییە، ئەوان پابەندی بڕیاری دادگای خۆیان نابن كە بەرزترین دەسەڵاتە لە عێراق، هەموویان بە سیاسی كردووە.

روونی كردەوە، روون و ئاشكرایە ئەوەی هەیە یاسایی نییە و سیاسییە، ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت كاركردنە بۆ هەڵبژاردن، لەگەڵ ئەوەش هیچكات بە شێوەیەكی دروست لەگەڵ هەرێم مامەڵەیەكی فیدراڵییان نەكردووە ئەگەر بۆیان بكرێت دەستكاری دەستووری عێراقیش دەكەن، ئەوەی دەیبینن شتێكی چاوەڕوانكراوە، حكوومەتی عێراق هیچ پابەندبوونێكی نییە، مووچە و قووتی خەڵكیان بڕیووە، ئەگەر بڕیارەكان ئیداری بوونایە، لە رێگەی لیژنە و لیژنەكاری چارەسەر دەكران، بەڵام سیاسیین و ئەوەش ئاشكرایە.

لای خۆیەوە خەدیجە عومەر شارەزای بواری یاسا بە "وشە"ی راگەیاند، بەغدا لە كوێ لە بەرژەوەندی نەبوو، هەموو شتێك لە رێككەوتن و یاسا و دەستوور پێشێل دەكات، دوو دەیەیە بەغدا دەستوور پێشێل دەكا و نایەوێ كاری پێ بكات، ئەو كە ئامادە نییە دەستوورەكەی خۆی جێبەجێ بكات، كەواتە نە رێككەوتن و نە یاساش بۆی گرنگ نییە و ئامادە نییە جێبەجێیان بكات، رێككەوتن لای بەغدا شتێك نییە كە كاری لەسەر بكات و تەنیا ئەوە دەكات كە خۆی دەیەوێت، بەغدا بیر لەوە دەكاتەوە كوردستان رووبەڕووی دۆخێكی خراپ بكاتەوە بۆ ئەوەی ناچاری بكات بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

ئەو باسی لەوە كرد، بەغدا ئامادە نییە بە پێی یاسا كێشەكان چارەسەر بكات، رێككەوتنیش پێشێل دەكات، ئەو كە سەرپێچی لە یاسا كردووە، رێككەوتن هەر جێبەجێ ناكات، بۆیە ئەو سیاسەتەی بەغدا بۆ ئەوەیە هەرێم سزا بدات و دەیەوێ بەو كارانە گوشار لەسەر حكوومەتی هەرێم زیاتر بێت و دەسەڵاتی بڕیاردان و را و رێككەوتنی بۆ نەهێڵێتەوە.

پێوەست بەو ستەمەی بەغدا لە مووچەخۆرانی هەرێمی دەكات، تەحسین غەریب چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاژە دەكات، ئەوەی بەغدا دەیكات گوشاركردنە لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەزانێت هەموو شتێك لەژێر دەسەڵاتی خۆیەتی، بۆیە دەیەوێ گوشارەكانی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان زیاتر بكات، لەكاتێكدا رێككەوتن كرابوو لە بارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام هەموو شتێكی تێكدایەوە، ئەوەی یەك تۆز بیر بكاتەوە دەزانێت كەسانێك لە بەغدا دەیانەوێ بەو جۆرە مامەڵەیە لەسەر حیسابی مووچەی خەڵكی كوردستان دەنگی خەڵكی عێراق بە لای خۆیاندا رابكێشن و خۆیان بەهێز بكەن.

 وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل