داگیركردنی زەوی و موڵكی گشتی لە سلێمانی بەردەوامە

:: PM:09:41:03/06/2025 ‌

بەپێی ئەو زانیاریی و داتایانەی بڵاو كراونەتەوە، لە نوێترین داگیركردن و دەستگرتن بەسەر زەوی و موڵكی گشتی لە سنووری سلێمانی، بە دەیان و دۆنم زەوی لە سەر شەقامی 100 مەتریی سلێمانی پارچەپارچە كراون و بە ملیۆنان دۆلار دەفرۆشرێن، ئێستە دەست كراوە بە فرۆشتنی ئەو زەویانە كە نرخیان لە حەوت هەزار دۆلارەوە بۆ 30 هەزار دۆلارە، لە رابردووش بە هەزاران زەوی بە ناوی جۆراوجۆر لە سنووری سلێمانی لەسەر زەوی و موڵكی گشتی پارچەپارچە كراون و دەفرۆشرێن.

عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری كوردستان باسی لەوە كردووە، زەوییەكی زۆر كە دەیان دۆنمە، لە سەر شەقامی 100 مەتری، كە تا ئێستە شەقامەكە تەواو نەكراوە، پارچەپارچە كراون و داگیر كراون و بە نرخێكی جیاواز دەفرۆشرێن، ئەو كارە تەواو نایاساییە، ئەو زەویانە بەبێ تاپۆ و شارەوانی دەفرۆشرێن، بە ناوی پێشمەرگە و سكرتاریەت دەیبەن و لە بازاڕ نەخشەی بۆ دروست دەكەن و دواتر دەیفرۆشن و سلێمانی دەكەن بە وێرانە، هەفتەی پێنج ملیۆن دۆلاریان دەست دەكەوێت، كە چەند كەسێكن خەریكی ئەو كارەن. 
 
لەوبارەوە بەرزان شێخ محەمەد جێگری پێشووی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، وەك ئەنجوومەنی پارێزگای كارەكانمان راگیراوە و ناتوانین هیچ شتێك بكەین و بەدواداچوون لەسەر هیچ پرسێك بكەین كە لە سنوورەكە روودەدات، بۆیە ئاگەداری ئەو فرۆشتن و پارچەپارچەكردنەی زەوی نین لە سلێمانی، ئەوە پێوەندیدارە بە ئەنجوومەنی شارەوانی.

پێشتر "وشە"، ئەوەی بڵاو كردەوە كە لە سنووری سلێمانی لە ناوچەی قڕگە نزیك لە شاری مامۆستایان لە كانی شینكە، پێش هەڵبژاردنی رابردوو كڕین و فرۆشتن بە زەوییەكان كراوە، كە هیچ مۆڵەتێكی كڕین و فرۆشتنیان نەبووە و كەسانێك ئەو زەویانەیان كڕی و هەر لە كاتی بانگەشەدا دەستیان بە كردنی بە خانوو كرد و بە خانووە زیادەڕۆكان ناسراون.
 
پێش چەند مانگێك ژووری بازرگانیی سلێمانی هۆشداری بوو بە خاوەن نووسینگەكانی خانووبەرە كە بە هیچ شێوەیەك مامەڵە و كڕین و فرۆشتن بە زەوییە نایاساییەكان نەكەن، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.

كەسێكی ئاگەدار لەوبارەوە دەڵێت، كڕین و فرۆشتن بەو زەویانە چەند رۆژێكە دەستی پێ كردووە و خەڵكیش دەیكڕێت، هاوشێوەی ئەوانەی لە ماوەی ساڵانی رابردوو لە ناوچە جیاجیاكانی سنووری شاری سلێمانی بە ناوی جۆراوجۆر پارچەپارچە كراون و فرۆشران.

لای خۆیەوە عوسمان گوڵپی چالاك لە سلێمانی لەوبارەوە دەڵێت، ماوەیەكە زەوی لە سلێمانی بەسەدان دۆنم پارچەپارچە دەكرێن و دەفرۆشرێن، ئەمە لە رێگەی چەندین دەڵاڵەوە دەكرێت، من تەنیا ویستم چاكەیەك لەگەڵ قوباد تاڵەبانی بكەم و پێی بلێم چاودێریی دەڵاڵەكانت بكە، چونكە رەنگە ئەو زەویەی بە دوو دەفتەر دەیفرۆشن، دەفتەرێكی بۆ تۆ بگێڕنەوە، دوور نییە زەویە روكنەكانیان دابێتە سێ دەفتەر و بە تۆ بڵێن هەر دوو دەفتەری كرد، بۆیە باشترە وریای دەڵالەكانتان بن، گرنگ نییە كێن و چین و لە كوێن، چونكە بەبێ ئاگەداری ئێوە هیچ كەس ناتوانێ هەزاران زەوی پارچەپارچە بكا و بیفرۆشێت.

داگیركردنی زەوی و موڵكی گشتی لە سلێمانی لەكاتێكدایە كۆتایی ساڵی رابردوو كۆمپانیایەك بەشێكی شاخی گۆیژەی هەڵدڕی و كردی بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون، ئەگەرچی لە شارەكە دەنگی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر تێكدانی سیما و جوانییەكانی سلێمانی بەرز بووەوە، بەڵام هیچ حیسابێك بۆ ئەو دەستەیە و خەڵكەكەش نەكرا و پڕۆژەكە دروست كرا، هەرچەندە كارەكانی نایاسایی بوون و داواكاری گشتیش باسی لە نایاساییبوونی پڕۆژەكە كردبوو.

یەكێك لە كەیسەكانی داگیركاری زەوی لە سلێمانی، سووتاندنی سنەوبەرەكانی سەر رێگەی تاسڵوجە بوو، كە دواتر پارچەپارچە كران و كران بە پێشانگەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و بە ملیۆنان دۆلار فرۆشران.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت