توركەكان لێدان لە ئێران بە پرۆڤە بۆ شەڕی داهاتووی توركیا و ئیسرائیل دەبینن

:: AM:09:42:19/06/2025 ‌
لە هەموو ئاستێكدا توركیا كەوتووەتە خۆی و بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەدۆخی ناوچەكە شڵەژاون، لە نوێترین پێشهاتیشدا رۆژنامەیەكی سەربە دەسەڵات، نموونەی لە قسەی كەسایەتیی ئەمەریكی و ئیسرائیلییەكان هێناوەتەوە كە گوتوویانە، "شەڕی ئێران و ئیسرائیل پرۆڤەیە بۆ شەڕی داهاتوو لە نێوان توركیا و ئیسرائیل".

ڕۆژنامەی تەقیوم كە رۆژنامەیەكی سەربە دەسەڵاتە، چەندان جارە لە بڵاوكراوەكانیدا ئەو باسە دەورووژێنێت كە پڕۆژەكەی ئیسرائیل، كۆتا خاڵی لێدانە لە توركیا، بۆ ئەمەش چەندان نموونەی لە قسەی بەرپرسان و  نووسەرانی ئەمەریكی و ئیسرائیلی هێناوەتەوە.

رۆژنامەكە سەرنجی خستووەتە سەر گوتارێكی مایكڵ ڕۆبن كە گوتوویەتی: "شەڕی ئێران و ئیسرائیل پرۆڤەیە بۆ شەڕی داهاتوو لە نێوان توركیا و ئیسرائیل".

ئەم بڵاوكراوانە لە توركیا وایان لە خەڵك كردووە نیگەران بن، هاوكات چەندان لێكۆڵەری بەناوبانگیشیان مەترسیی دابەشبوونی توركیا دەخەنە روو.

لە نوێترین قسەشیدا سەرۆكی پارتی توندڕەوی نەتەوەیی دەوڵەت باخچەلی ئاماژەی بەوە دا، ئیسرائیل مەترسییەكەی بۆ توركیا لە هەمووان زیاترە.

باخچەلی دەڵێت: ئیسرائیل نایەوێت ئاشتی لە توركیا بێتە ئارا، ئەو پشتی تیرۆر دژی توركیا دەگرێت، بۆ داهاتووش ئەم چەكە دژی توركیا بەكار دێنێت، بۆیە ئەوە مەترسییەكی گەورەیە لەسەر داهاتووی توركیا.

هەندێك لە نووسەرانی ئەمەریكی و ئیسرائیلی جگە لەوەی دژی توركیان، ئەو ماوەیە  تۆمەتباری دەكەن كە گوایە دەیەوێت چەكی ئەتۆم دروست بكات.

مایكل ڕۆبین ئاماژەی بەوە داوە كە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، بە دامەزراندنی پیشەسازیی بەرگریی ناوخۆیی و لە ژێر ناوی كاری مەدەنیدا، دەیەوێت بەرنامەی ئەتۆمی دروست بكات و بە سپۆنسەری توركیا، پشتیوانیی گرووپەكانی وەك حەماس و حزبوڵا و بەرەی دژ بەرۆژئاوا دەكات.

ڕۆبین بە سەرنج خستنەسەر هەڵوێستە نەرێنییەكانی توركیا لەسەر ئیسرائیل و رۆژئاوا، مەترسییەكی رژدن، دەڵێت: "نابێت خۆرئاوا هەڕەشەی رژدی توركیا نادیدە بگرێت و هەڵەی شكستە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ ئێران دووبارە بكاتەوە".

نووسەرانی ئیسرائیلیش توركیا بە یارمەتیی حەماس و هێزە دژبەرەكانی ئیسرائیل تۆمەتبار دەكەن و پێیان وایە، توركیا مەترسییەكەی لە ئێران بۆ دنیا و ناوچەكە زیاترە.

ئەم قسانەی نووسەرانی رۆژئاوایی، توركیا دەهری كردووە و لە هەموو ئاستێكدا كەوتوونەتە وەڵامدانەوە، لە نوێترین قسەیشدا سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل دووبارە كردەوە و گوتی، ئیسرائیل هانی هەزاران كەسی دژی توركیا داوە و دەدات.

سەرۆك كۆماری توركیا دەڵێت، وڵاتەكەی بۆ هەر جۆرە سیناریۆیەك لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل ئامادەیە، ئاماژە بەوەش دەكات كە "هەموو دامەزراوەكانمان لە ئەگەری دروستبوونی كاریگەرییەكانی ئەو هێرشانە لەسەر توركیا، لەسەر هێڵن".

 
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی، رەخنەی لە حكوومەتی ئیسرائیل گرت لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی بۆ سەر 'غەزە، لبنان، سووریا و یەمەن كردوونی و گوتی، ''نەتەنیاهۆ زۆر دەمێكە لە تاوانی كۆمەڵكوژیدا هیتلەری تێپەڕاندووە".
 
ئەردۆغان گوتی، "ئیسرائیل بە هێرشەكانی بۆ سەر ئێران، زەوینەی چەتەگەرێتیی خۆی فراوانتر كردووە و دەیكات، ئەمەش ئەو شتەیە ئێمە رێگەی لێ دەگرین".
 



وشە - سۆران عەزیز