ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ئەمڕۆ پێجشەم، لە راپۆرتێكدا ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، پێشنیازێکی لە وەزارەتی بەرگری "پنتاگۆن"ـەوە پێگەیشتووە، بۆ بەکارهێنانی بۆمبێکی ئەتۆمی دژی دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆی ئێرانی، بەڵام ترەمپ پێشنیازەکەی ڕەت کردووەتەوە.
ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، دۆناڵد ترەمپ بە بەرپرسانی بەرگریی گوتووە، لۆژیکییە ئەمەریکا هێرش بکاتە سەر ئێران تەنیا ئەگەر ئەو بۆمبەكەیان "كە شاخ و بەرد دەكۆڵێت" بتوانێت بە دڵنیاییەوە دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ لەناوببات.
بە ترەمپ گوتراوە، هاویشتنی بۆمبی GBU-57 كە كێشەكەی 13.6 تۆنە بە کردەوە فۆردۆ لەناودەبات، بەڵام وا دیارە بە تەواوی باوەڕى نەکردووە و ڕەزامەندیی لەسەر هێرشەکان دواخستووە تا بزانێت ئایا هەڕەشەی دەستوەردانی ئەمەریکا، ئێران ناچار بە گفتوگۆ دەکات یان نا.
ناکۆکی لەسەر کاریگەریی GBU-57 و سیناریۆی بۆمبی ئەتۆمی
گاردیان ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەریی بۆمبی GBU-57 هەمیشە جێگەی ناکۆکییەکی قووڵ بووە لە پنتاگۆندا، بە گوتەی بەرپرسانی بەرگری، ڕەنگە تەنیا چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی بتوانێت فۆردۆ لەناوببات بەهۆی قووڵییەکەیەوە.
ڕۆژنامەکە ڕوونی کردووەتەوە، ترەمپ بیری لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی لەسەر فۆردۆ نەکردووەتەوە، وەزیری بەرگری و سەرۆک ئەرکانیش لە کۆبوونەوەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکاندا ئاگاداری ئەم ئەگەرە نەکراونەتەوە.
بەڵام بە بەرپرسانی بەرگری گوتراوە، بەکارهێنانی بۆمبی ئاسایی، تەنانەت وەک بەشێک لە پاکێجێکی هێرشی فراوانتر کە چەندان بۆمبی GBU-57 لەخۆ بگرێت، ناتوانێت بە قووڵیی پێویست بچێتە ژێر زەوییەوە، تەنیا زیانی پێویست دەگەیەنێت بۆ لەناوبردنی توونێلەکان.
ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە زانیویانە، لەناوبردنی تەواوی فۆردۆ، کە هەواڵگریی ئیسرائیل قووڵییەکەی بە 90 مەتر خەمڵاندووە، پێویستی بەوەیە ئەمەریکا سەرەتا زەوییەکە بە بۆمبی ئاسایی، نەرم بکات، پاشان بۆمبێکی ئەتۆمیی تاکتیکی لە فڕۆکەی B-2ەوە بهاوێژێت بۆ لەناوبردنی تەواوی دامەزراوەکە، ئەمە سیناریۆیەکە کە ترەمپ بیری لێ ناکاتەوە.
گرنگیی فۆردۆ و پێویستیی دەستوەردانی ئەمەریکا
ڕاپۆرتەکە دووپاتی لەوە کردووەتەوە، داخستنی فۆردۆ چ بە ڕێگەی دیپلۆماسی یان سەربازی، زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، دوای ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاشکرای کرد، ئێران یۆرانیۆمی تا ئاستی 83.7٪ پیتاندووە. هەر هەوڵێکیش بۆ لەناوبردنی فۆردۆ، پێویستی بە دەستوەردانی ئەمەریکا دەبێت، چونکە ئیسرائیل ئەو چەکە پێویستەی نییە.
ئەم زانیارییانە ئاماژە بە ئاڵۆزی و هەستیاریی بڕیارە سەربازییەکان و گفتوگۆ نهێنییەکانی نێو ئیدارەی ئەمەریکا دەکەن، لەبارەى چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران.