لە کاتێکدا چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێشتا نادیارە، کۆبوونەوەی ئەمشەو یەكشەم، 22ی حوزەیرانی 2025، لەنێوان چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق، (سەرۆكایەتیی كۆمار، حكوومەت، دادوەری و پەرلەمان) جارێکی تر داوای لە حکوومەتی هەرێم کرد، "پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت، تا حکوومەتی فیدراڵی بتوانێت مووچەی مووچەخۆران دابین بکات". بەڵام کاتێک بە وردی سەیری خاڵ بە خاڵی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم دەکەین، ئەوە دەردەكەوێ كە لە رووی كردارییەوە حكوومەتی هەرێم تەواو پابەندی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵ و تەواوی رێككەوتنەكانی نێوان هەردوو حكوومەتەكەیە.
خاڵ بە خاڵ؛ پابەندبوونی هەرێم بەرانبەر بڕیارەکانی دادگا
یەکەم: بەبانكیكردنی مووچە "تەوتین"، "هەژماری من" بە مۆری دادگای فیدراڵییەوە "تەوتین"ە.
بڕیاری دادگا: "پابەندکردنی حکوومەتی فیدراڵی و هەرێم بە جێگیرکردنی مووچەی فەرمانبەران، لە بانکە حکوومییە فیدراڵییەکان یان ئەو بانکانەی لە هەرێم مۆڵەتی بانکی ناوەندیی عێراقیان هەیە".
پابەندبوونى هەرێم: حکوومەتی هەرێم لە ڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە ئەم بڕیارەی جێبەجێ کردووە، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە، دادگای باڵای فیدراڵی، بە نووسراوی فەرمی ژمارە (111/ت.ق/2024/1405) كە واژووی سەرۆكی دادگاكە "جاسم عەبوودی"ی لەسەرەوە، لە سێی تەمووزی 2024، ئاراستەی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە، دووپاتی کردووەتەوە، بانکەکانی پڕۆژەی "هەژماری من" مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندیی عێراقن و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە بۆ ئەنجامدانی "تەوتین".
دووەم و چوارەم بڕیاری دادگا: پێشکەشکردنی لیستی مووچە و ڕێگەدان بە وردبینی
بڕیاری دادگا: "پابەندکردنی هەرێم بە پێشکەشکردنی لیستی مووچەی مانگانە و ڕێگەپێدان بە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی، بە وردبینیکردنی لیستەکان".
جێبەجێکردنی هەرێم: بە شێوەیەکی بەردەوام، حکوومەتی هەرێم هەموو مانگێک لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ناردووە، هەروەها لە لایەن هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و فیدراڵییەوە، وردبینیی هاوبەشی بۆ کراوە و پەسەند کراوە.
سێیەم: ڕادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان
بڕیاری دادگا: "پابەندکردنی هەرێم بە ڕادەستکردنی سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە حکوومەتی فیدراڵی."
جێبەجێکردنی هەرێم: بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، ڕێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا کراوە، کە هەرێمی کوردستان مانگانە نیوەی داهاتە نانەوتییەکانی ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵی بکات تا کاتی چارەسەرکردنی کێشەی نەوت. هەرێم پابەندی ئەم ڕێککەوتنە بووە، بەڵام بەغدا نەک هەر پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبووە، بەڵکو بەردەوامە لە بەکارهێنانی پرسی داهات وەک بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچە.
جێگەی ئاماژەیە، حكوومەتی هەرێم چەندان جار ئامادەیی خۆی بۆ دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوت دەربڕیوە، بەڵام بەهۆی رازینەبوونی كۆمپانیا نەوتییەكان كە لە كوردستان كار دەكەن بە رێكارەكانی حكوومەتی ناوەند، پڕۆسەكە تا ئێستە پەكی كەوتووە و نەوت نەتوانراوە هەناردە بكرێتەوە.
لەلایەكی ترەوە، لە کاتێکدا سەرۆکایەتییەکانی عێراق داوای پابەندبوون لە هەرێم دەکەن، خاڵێکی سەرەکیی خودی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پشتگوێ دەخەن، کە بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە "هەرگیز نابێت کێشە سیاسییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، ببنە هۆی نەدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم."
جێگەی ئاماژەیشە، ئەم راگەیەنراوەی ئەمشەوی چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق، دوای نامەیەكی ئەمڕۆی "22ی حوزەیران" مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هات بۆ سەركۆماری عێراق، كە تیایدا داوا كرابوو لە كۆبوونەوە چوارقۆڵییەكەی ئەمشەوی سەرۆكایەتییەكان، تاوتوێی چارەسەری كێشەی مووچەخۆران بكرێت.
بۆ تێگەیشتنی وردتر لەبارەی ئەم راپۆرتە.. دەقی چوار بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ وەك خۆی بەم شێوەیە بوو:
دەقی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:
یەکەم: پابەندکردنی داوا لەسەرکراوان هەریەک لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە حکوومەتی فیدراڵ، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان– عێراق بە جێگیرکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتەکان، پارێزگا نەبەستراوەکان بە هەرێمەوە، سەرجەم فەرمانبەرە حکومییەکانی تر، خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی لە هەرێمى کوردستان، لە بانکە حکومییە فیدراڵییەکان کە لە دەرەوەی هەرێم کاردەکەن و لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت کە لە یاسای بودجەی ئەمساڵدا دیاریکراوە و لەگەڵ ساڵانی داهاتوودا، سەرجەم ئەو لایەنە پێوەندارانەی لە هەرێمى کوردستان ناویان هاتووە و هاوئاهەنگی بکەن لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ جێبەجێکردنیان، گفتوگۆکردن بۆ جێگیرکردنی مووچەی فەرمانبەران بەبێ پێویستیکردن بۆ گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها پێویستە لەسەر سەرجەم بانکەکانی سەر بە داوا لەسەرکراوی یەکەم ئاسانکاریی بۆ جێگیرکردنی مووچەی فەرمانبەران بکەن و هەموو هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ سوودمەندبوونی (فەرمانبەران، راسپێردراوان بە خزمەتی گشتی و خانەنەشینان و سوودمەندبووانی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی) لە مووچەکەی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان و لەرێگەی ئەو ئایتیئیمانەى لە هەرێمى کوردستان بوونیان هەیە، یاخود ئەو بانکانەی لە هەرێم بوونیان هەیە و مۆڵەتی بانکی ناوەندی عێراقیان هەیە، بەرپرسی باڵا لەو لایەنانەی ئاماژەیان پێکراوە لەسەرەوە لە وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بەوەزارەت و سەرجەم پێکهاتە حکومییەکان، بەرپرسیار دەبن لە راستی و دروستی ئەو زانیارییانەی دەنێردرێن بەمەبەستی جێگیرکردن لەرووی ژمارە و پلەی وەزیفییەوە، بڕی مووچە یان کرێ، داتای سوودمەندبووان، پێویستە واژوو کرابێت لەلایەن سەرۆکی باڵا، بەڕێوەبەری وردبینی دارایی، بەڕێوەبەری بەشی دارایی، بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان، و دەبێت داوا لەسەرکراوی یەکەم هەڵبسێت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان دوای جێگیرکردنی بەشێوەی ئەلیکترۆنی، نەوەک لەڕێگەی قەرزەوە.
دووەم: پابەندکردنی سەرجەم لایەنەکانی ناوهاتووی سەرەوە لە بڕگەی (یەکەم) لە چوارچێوەی هەرێمى کوردستان بە پێشکەشکردنی لیستی مووچەی مانگانە لەو وادەی فەرمانگەی ژمێریاریی لە وەزارەتی دارایی دیارییدەکات بۆ مانگی داهاتوو لەکاتی داواکردنی بەمەبەستی تەمویلکردنی هاوشێوەی سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵی.
سێیەم: پابەندکردنی داوالەسەرکراوی دووەم، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕادەستکردنی سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە حکومەتی فیدراڵی بەگوێرەى یاسای ئیدارەى مالی فیدراڵی، پێویستە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمی کوردستان وردبینی لە داتاکانی تایبەت بە داهاتی ناوخۆ بکەن، پاڵپشت بە ماددەی 12 لە یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2023، یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کۆمارى عێراق بۆ ساڵەکانی (2023 – 2024 – 2025).
چوارەم: پابەندکردنی داوالەسەرکراوی دووەم بەڕێگەپێدان بە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمى کوردستان بە وردبینیکردنی ئەو هەژمارە بانکییانەی بۆ هەرێم کراونەتەوە لە بانکی ناوەندی عێراق و وردبینیکردنی لیستی فەرمانبەران، خانەنشینان و سوودمەندبووانی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمى کوردستان.