دوای 12 رۆژ لە شەڕێكی سەختی ئاسمانی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران و دوو رۆژ لە هێرشێكی گەورەی ئەمەریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، سوپای پاسدارانی ئێران مووشەكبارانی بنكەی ئاسمانیی عودەیدی ئەمەریكای لە قەتەڕ كرد و دوای چەند سەعاتێك و كتوپڕ شەڕەكە وەستا، كە بەپێی میدیاكان ئێران ئەمەریكا و قەتەری لە هێرشەكەی ئاگەدار كردبووەوە، بەڵام چی رووی دا؟
چاودێران پێیان وایە ئەوەی روودەدات سیناریۆیەكی ئامادەكراوی پێشوەختەیە، بەلایەنی كەم بۆ كۆتاییەكەی كە رێككەوتنی لەسەر كراوە، ئەو سیناریۆیەی گەرەنتی دایە هەمووان بۆ دابەزین لە دارەكە بە سەلامەتی، وەك هەوڵێكیش بۆ دەست پێكردنەوەی گەڕێكی نوێی گفتوگۆكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا، باسی دەستەوارەیەك دەكرێت لە نێوان هەرسی لایەن، بەڵام لە داهاتوو چی دەبێت؟
ئەمڕۆ سێشەم دوای راگەیاندنی رێككەوتنی ئاگربەست، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە نایەوێ گۆڕانی رژێمی ئێران ببینێت، چونكە دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی، بەڵام دووپاتی لەوە كردەوە كە ئێران نابێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی.
مالیك حافز توێژەری سیاسیی سووری دەڵێت، پێم وایە ئەو گورزە سەربازییەی لە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران وەشێنرا، بەشێك بوو لە ستراتیجیەتی دووسەرەی ترەمپ، لە لایەك دووپاتی لە شكۆی سەربازیی ئەمەریكا لەو دوای ساڵانێك لە دوودڵی كردەوە، لە لایەكی تر ژینگەیەكی لەباری رەخساند بۆ دەست پێكردنەوەی گفتوگۆكان لە پێگەیەكی بەهێزەوە، نەك لە پێگەی سكاڵا و گوشاری سارد.
روونی كردەوە، ترەمپ بە هاوشێوەی گرێبەستی گفتوگۆی پۆشراو بە هەڕەشە مامەڵە لەگەڵ شەڕەكان دەكات، زۆر جاریش وەها مامەڵە لەگەڵ تەنگژەكانی ناوچەكە دەكات بە هاوشێوەی دەستەوارەیەك نەك ستراتیجیەتێكی درێژخایەن، حافز پێی وایە هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر ئێران پەیامێك بوو بەوەی ئەمەریكا توانای لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی لەهەر ساتێك هەیە، بەڵام ئەگەر بوارێك بۆ لێكگەیشتن هەبێت ئەوەی ناوێت، هەرچی رێگەدان بە وەڵامدانەوەیەكی رەمزیی ئێران لە رێگەی مووشەكبارانكردنی بنكەی ئاسمانیی عودەید، رێگەدان بوو بە ئێران بۆ پاراستنی ئابڕووی بێ ئەوەی مێزی گفتوگۆ لەدەست بدات.
ئەو توێژەرە ئاماژەی كرد، راگەیاندنی ئاگربەست لە لایەن ترەمپ، ئاماژەیەك بوو بۆ ناوخۆی ئەمەریكا بەوەی رزگاركەری دنیایە لەو شەڕەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگیرساوە، لە سیاسەتی دەرەوەش خۆی وەك ئەوە پێشان بدات كە توانای لێدانی ئێران و هێنانەوەی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بێ هیچ زیانێكی راستەوخۆ هەیە.
حافز پێی وایە ئەو ئاگربەست و هێوربوونەوە مانای ئەوە نییە واشنتن چاوپۆشی لە رژێمی تاران كردووە و رابردووی لە فرەوانخوازی لە ناوچەكە و پاڵپشتیكردنی میلیشیاكان لەبیر كردووە، بەڵكو مانای ئەوەیە ئیدارەی ئێستەی ئەمەریكا پێی وایە مامەڵەكردن لەگەڵ رژێمێكی بەهێز و گەمارۆدراو لە رووخانی كتوپڕی رژێمەكە باشترە كە دەرگەی پشێوییەكی حسێبنەكراو بە رووی ناوچەكە دەكاتەوە، بە مانایەكی تر كێشەیەك لەگەڵ رژێمی ئێستەی ئێران نییە تا ئەوكاتەی توانای كۆنترۆڵكردن و لێكگەیشتنی هەبێت، ئەگەر توندیش بێت، ئەوەش روونی دەكاتەوە بۆچی ترەمپ بە هێوركردنەوە رازی بوو دوای ئەوەی خواستی ئیسرائیلی بۆ وەشاندنی گورزێك لە ئێران جێبەجێ كرد، كە ساڵانێكە داوای لێ دەكات.
ئەو شرۆڤەكارە دەڵێت، دەكرێ ئەوە بڵێین كە ترەمپ ئەوەی بە ئیسرائیل بەخشی كە دەیویست، گورزێكی گەورە لە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی، بەڵام لە هەمان كات رێگەی نەدا گورزەكە كراوە بێت و تەلئەبیب بە تەواوەتی كۆنترۆڵی دۆخەكە بكات، بۆیە ئەو هاوكێشەی ئێستە ترەمپ هەوڵی بۆ دەدات بریتییە ئێرانێكی نائەتۆمی و بەردەوام، ئیسرائیلێكی دڵنیابووەوە لە رووی تەناهییەوە، بەڵام لە رووی سیاسییەوە تەواو باڵادەست نا، لەو ناوە ئەمەریكا لە پێگەی هێزەوە گفتوگۆ دەكات و ئەو دۆخە وەك دەستكەوت دەفرۆشێتەوە ناوخۆ و دەرەوە.
حافز دووپاتی كردەوە، ئێستەش ئەوەی دوای ئاگربەست روودەدات پێوەستە بە توانای لایەنەكان بۆ ئیدارەدانی دۆخەكە، ئێران دەیەوێ خۆی رێك بخاتەوە، رۆژئاوا دەیەوێ رژێمی ئێران كۆنترۆڵ بكات نەك بیروخێنێت، هەرچی ترەمپە دەیەوێ لەژێر ناوی ئەو سەرۆكەی بۆردمانی كرد و ئاگربەستی سەپاند، ناوی بچێتە ناو مێژووەوە، لە نێوان هەموو ئەو لایەنانەشەوە هاوكێشەیەكی نوێ لە ناوچەكە دروست دەبێت، كە پشت بە باڵادەستیی رەها نابەستێت، بەڵكو لەسەر هاوسەنگییەكی ناجێگیر بنیات نراوە، كە دەكرێ بگەن بە رێككەوتن، هاوكات دەشكرێ لە یەكەم تاقیكردنەوە بگات بە تەقینەوە.