رەنگە جار جار لە میدیاكان باسی تێكچوونی نێوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بكرێت، بەڵام ئەوان ئەجینداكانیان لە یەكترەوە نزیكە و خزمەت بە یەكتر دەكەن، گرنگ لای ئەوان مانەوەی باڵادەستیی خۆیانە لە ناوچەكە لەسەر حیسابی ئەوانیتر، بەڵام بۆ رنینی بەرهەمی ئەو گرژی و ململانێیانەی تا ئێستە هەیە بە نیازی چین؟
ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێت، واشنتن لە داهاتوویەكی نزیكدا راگەیاندراوێكی گرنگ سەبارەت بە هاتنی وڵاتی زیاتری ناوچەكە بۆ ناو رێككەوتننامەكانی ئەبراهام بڵاو دەكاتەوە، هەروەها پێشبینیی گەیشتن بە رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێرانیش دەكات، ئەو لە لێدوانێكی بۆ كەناڵی "CNBC"ی ئەمەریكی رای گەیاند كە بە رێككەوتنی ئاگربەست، ئەو ململانێیەی بەهۆی هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێ كردبوو، كۆتایی هات و رێگری كرا لەوەی ببێت بە شەڕێكی بێ كۆتایی.
ئەو هیوای خواست رێككەوتنێكی ئاشتیی گشتگیر لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بەدی بێت و گوتی، ئاماژەی بەهێز هەیە بۆ ئەگەری گەیشتن بە رێككەوتن، باسی لەوەش كرد كە بە بڕوای خۆی ئێران بۆ هەنگاوێكی لەو جۆرە ئامادەیە، هاوكات ویتكۆف وریایی لە دەست پێكردنەوەی چالاكیی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە دا كە هێڵی سوورە بۆ ئەمەریكا، دووپاتی كردەوە، دوای پرۆسەی پیتاندن، دروستكردنی چەكی ئەتۆمی هێڵێكی تری سوورە بۆ ئێمە كە هەرگیز رێگەی پێ نادەین، چونكە دەبێتە هۆی تێكدانی سەقامگیریی تەواوی ناوچەكە، هاوكات ویتكۆف پێشبینیی كرد كە چەندین وڵاتی ناوچەكە، بێ ئەوەی ناویان بێنێت، پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكەنەوە.
شایەنی باسە لە خولی پێشووی سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ چەندین وڵاتی عەرەبی وەك ئیمارات و بەحرێن و مەغریب پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی كردەوە، ئیدارەكانی پێشوو و ئێستەی ئەمەریكاش چەندین گفتوگۆیان لەگەڵ سعوودیە ئەنجام داوە بە ئامانجی ئەوەی ئەویش بێننە ناو كاروانی ئاساییكردنەوە، بەڵام شەڕی غەزە هەوڵەكانی واشنتنی پەك خست، هەرچەندە تا ئێستە دەستبەرداری ئەم دۆسیە نەبووە و هەوڵ دەدات وڵاتی تریش پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكەنەوە.
لە 11ی مانگی ئایاری رابردوو دوو سەرچاوەی كەنداو و بەرپرسێكی ئەمەریكی بە ئاژانسی "رۆیتەرز"یان گوت، بەرپرسانی ئەمەریكا لە پشت پەردەوە گوشارێكی هێمنانە دەخەنە سەر بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بۆ ئەوەی بە ئاگربەستێكی دەستبەجێ لە غەزە رازی بێت، كە یەكێكە لە مەرجە سەرەكییەكانی سعوودیە بۆ دەست پێكردنەوەی گفتوگۆكانی ئاساییكردنەوە.
ئەوكات ویتكۆف پێشبینیی پێشكەوتنی لە فراوانكردنی بازنەی ئاساییكردنەوەی كرد و گوتی، پێمان وایە لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا چەندین راگەیاندراومان دەبێت، هیوادارین تا ساڵی داهاتوو پێشكەوتنیان تێدا بەدی بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەردوو سەرچاوەكە ئاماژەیان بەوە كردبوو كە دژایەتیی نەتنیاهۆ بۆ ئاگربەستێكی هەمیشەیی و دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین، وا دەكات پێشكەوتن لە گفتوگۆكانی هاوشێوە لەگەڵ ریازدا ئەگەرێكی دوور بێت.
لای خۆیەوە رۆژنامەی "یسرائیل هیۆم"ی ئیسرائیلی وردەكاریی ئەو پڕۆژەیە ئاشكرا دەكات كە بە "پلانی ئاشتی" ناوی بردووە و لە لایەن سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلەوە بۆ ناوچەكە پشتیوانی دەكرێت، پلانەكە رەزامەندیی ئیسرائیل لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەت لەخۆ دەگرێت، بەڵام بە مەرجی سەپاندنی سەروەری بەسەر بەشێكی بەری رۆژئاوای فەلەستین و كۆتاهێنانی دەستبەجێی بە شەڕی غەزە و ئازادكردنی بارمتەكانی دەست پێ دەكات.
بەپێی راپۆرتەكە تەوەرەكانی پلانەكە لە میانی پێوەندییەكی چوارقۆڵیدا داڕێژراون، كە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەنجام دراوە، جگە لە دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتنیاهۆ، هەریەك لە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و رۆن دێرمەر وەزیری كاروباری ستراتیجیی ئیسرائیل لە پێوەندییەكەدا بەشدار بوون، رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگەداری ئیسرائیلییەوە گواستوویەتیەوە كە چوار بەرپرسەكە زۆر بە پەرۆش بوون بۆ ئەنجامەكانی ئۆپەراسیۆنی بۆمبهاوێژەكانی B-2.
روونی كردووەتەوە، رێككەوتن لەسەر چەند بنەمایەك كراوە، لەوانە كۆتاهێنان بە شەڕی غەزە لە ماوەی دوو هەفتەدا، مەرجەكان بریتین لە هاتنەناوەوەی وڵاتانی عەرەبی بۆ بەڕێوەبردنی كەرتی غەزە لەبری بزووتنەوەی حەماس و گواستنەوەی سەركردایەتیی حەماس بۆ وڵاتانی تر، لەگەڵ ئازادكردنی بارمتەكان، هەروەها پلانەكە بنەمای كۆچی ئارەزوومەندانە لەخۆ دەگرێت، ئەویش لە رێگەی ئەوەی چەندین وڵاتی دنیا پێشوازی لە ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانی غەزە بكەن كە ئارەزووی كۆچكردنیان هەیە.
خاڵەكانی تری پلانەكە كە چوار بەرپرسە ئیسرائیلی و ئەمەریكییەكە لەسەری رێككەوتوون، بریتین لەوەی ئیسرائیل ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ ململانێی فەلەستین لە چوارچێوەی چارەسەری دوو دەوڵەت، بە مەرجی ئەنجامدانی چاكسازی لە دەسەڵاتی فەلەستینی، لە بەرانبەردا ئەمەریكا ددان بە جێبەجێكردنی بەشێك لە سەروەریی ئیسرائیلدا دەنێت لە بەری رۆژئاوا، ئامانجی ئەم پلانەش ئەوەیە بەخێرایی جێبەجێ بكرێت و یەكەم هەنگاویشی كۆتاهێنانە بە شەڕی غەزە.
لە لایەكی ترەوە دوو سەرچاوەی سیاسیی ئیسرائیلی بە رۆژنامەكەیان گوتووە كە ترەمپ گوشارێكی زۆری خستووەتە سەر نەتنیاهۆ بۆ كۆتاهێنان بە شەڕی غەزە، ئەم گوشارە تەنانەت پێش شەڕی ئێرانیش دەستی پێ كردووە و ئێستەش دوای كۆتاهاتنی شەڕكە دەستی پێ كردووەتەوە، هاوكات دەنگۆی ئەوە هەیە كە داواكارییەكەی ترەمپ بۆ لێخۆشبوون لە نەتنیاهۆ لەو دادگاییكردنانەی رووبەڕووی بووەتەوە، وەك بەشێك لە رێككەوتننەكە بێت، وەك پاڵنەرێك بێت بۆ خێراكردنی هەردوو پرۆسەكە، واتە ئاشتی و كۆتاهێنان بە شەڕ.