سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کرد کە دابەشکردنی مووچەی دەستەی حەشدی شەعبی ڕاگیراوە، ئەمەش تەنیا دوو ڕۆژ دوای دەست پێ کردنی و بە هۆکارێکی نادیار. لە کاتێکدا سەرچاوەیەک لەناو دەستەکەدا کێشەکە بۆ "هەڵەیەکی تەکنیکی" دەگەڕێنێتەوە، سەرچاوەیەکی تر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ڕاگرتنە "بۆ یەکەمجارە" ڕوودەدات، ئەمەش نیگەرانی لەناو چەکدارەكانی گرووپەكە دروست کردووە.
سەرچاوەیەک لەناو دەستەی حەشدەوە بە
ئاژانسی شەفەق نیوزی عێراقی ڕاگەیاندووە، "هەڵەیەکی تەکنیکی لەپشت ڕاگرتنی مووچەکەوەیە و کار بۆ چارەسەرکردنی دەکرێت."
بەڵام سەرچاوەیەکی تر بە هەمان ئاژانسی گوتووە كە ڕاگرتنی کارتی دابەشکردنی مووچەی حەشدی شەعبی بۆ یەکەمجارە ڕوودەدات، ئەمەش لەنێو ترس و گومانەکاندا دێت سەبارەت بە بوونی دەستێوەردانی سیاسی و ناکۆکیی قووڵتر کە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەم دۆسیەیە هەبێت.
سەرچاوەکان دووپاتیان کردەوە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و فەرماندەکانی دەستەی حەشد لە پێوەندیدان لەگەڵ وەزیری دارایی و سەرۆک وەزیراندا بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە، پێش ئەوەی گەورەتر بێت و لێکەوتەی لەسەر شەقام و لایەنگرانی چەکدارانی حەشد هەبێت.
لەلایەکی ترەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارگێڕی و دارایی لە دەستەی حەشدی شەعبی، لە بەیاننامەیەکی دوێنێ رای گەیاند بوو، مووچەی موجاهیدانی حەشدی شەعبی بە تەواوی دابینکراوە و هیچ کێشەیەکی دارایی نییە، لە ماوەیەکی نزیکدا دوای تەواوکردنی ڕێکارە کارگێڕییە ئاساییەکان دابەش دەکرێت.
دواکەوتنی مووچەی حەشدی شەعبی لە کاتێکدایە کە مانگی ئایاری ڕابردوو، سەعد تووبی پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق، رای گەیاند بوو "جووڵەیەک لەناو ئەنجوومەنی نوێنەراندا هەیە بۆ گۆڕینی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ وەزارەتێک، بەوپێیەی هەموو پێداویستییەکانی لەبەردەستە و ژمارەی چەکدارانیشی لە 300 هەزار کەس زیاترە.
لای خۆشییەوە سەبارەت بە پەکخستنی یاسای حەشدی شەعبی هەیسەم فەهد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ، پێشتر ئەوەی راگەیاند بوو، بڕیارێکی حکوومیی نهێنی لەپشت پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمانەوەیە. ئامانج لێی ئەوەیە کە حکوومەت تووشی شەرمەزاری نەبێتەوە و یاسای حەشدی شەعبی تێنەپەڕێنرێت، تا لەگەڵ ئەمەریکا و دۆخی گشتیدا تووشی ئیحراجی نەبن.
مانگی ئاداری ئەمساڵ، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی کرد، کە تایبەتە بە پێکهاتەی کارگێڕی وەک بەڕێوەبەرایەتی و لیواکان. ئەمەش دوای ئەوەی یاسای خزمەت و خانەنشینیی چەکدارانی حەشد لە پەرلەمان کێشرایەوە و گەڕێندرایەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بەهۆی ئەو دەنگۆیانەی لەسەری دروست بوون.
ڕائید مالیکی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، لە مانگی نیسانی ڕابردوودا ڕای گەیاندبوو کە دەرچوواندنی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی دەرگا لەبەردەم ئەو گرووپ و لایەنانە دادەخات کە لە دەرەوەی ئەم دامەزراوە سەربازییە فەرمییە کار دەکەن.
پێشتر، پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک، هانی ئیدارەی ئەمەریکای دابوو بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، کە پەیامێکی "هێمن و هاوكات توند" ئاڕاستەی حکوومەتی عێراق بکات سەبارەت بە مەترسییەکانی تێپەڕاندنی یاسای نوێی تایبەت بە "حەشدی شەعبی"، و هۆشداری دابوو کە ئەم یاسایە حەشد دەکات بە قەوارەیەکی هاوشێوەی "سوپای پاسدارانی ئێران."
جێی باسە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مانگی نیسانی ئەمساڵ ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە نزیکەی 20 هەزار چەکداری گرووپە چەکدارەکان، لەناو دەستەی حەشدی شەعبی و هەندێک دامەزراوەی تری تەناهیی عێراقدا تێکەڵ کراون.
"عەقیدە" بە یەکێک لە دیارترین ئاستەنگەکانی بەردەم تێکەڵکردنی گرووپەکان دادەنرێت، چونکە بەشێکیان پابەندن بە ڕێنوێنییەكانی "وەلی فەقیە" و شوێنکەوتووی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئێرانن، ئەمەش بەپێی قسەی سەرچاوەیەکی حکوومی بوو بۆ شەفەق نیوز.
سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە، دۆسیەی تێکەڵکردنی گرووپەکان پێویستی بە دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی، پێداویستیی لۆجستی وەک چەک و تەقەمەنی و شتی تر هەیە بۆ سەرخستنی یەکخستنەوەیان لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبیدا.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارێکدا لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو دووپاتی کردەوە کە حکوومەتەکەی کار لەسەر تێکەڵکردنی گرووپەکان دەکات لە چوارچێوەی یاسایی و دامەزراوەییدا.
چاوێران پێیان وایە، تێکەڵکردنی گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ دامەزراوە تەناهییەکانی عێراقدا، دەیانپارێزێت لە هەر جۆرە هێرش و گورزێکی سەربازیی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی.