پێش ئەو دزەکردنە گەورەیەی کە لە 13ی حوزەیراندا گەیشتە لووتکە، بەرپرسانی پێشووی ئێران زەنگی مەترسییان لێدا بوو، تەنانەت عەلی یونسی، سەرۆکی پێشووتری وەزارەتی ئیتڵاعات، ڕای گەیاندبوو: "مۆساد لە گوێچکەکانمان لێمان نزیکترە."
مەحموود ئەحمەدی نەژاد سەرۆکی پێشووتری ئێرانیش، پێی وابوو کە دزەکردنی دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی ئیسرائیل "مۆساد" گەیشتووەتە ئاستی بڕینی یەکەکانی دژە سیخوڕیی ئێرانیش.
ئەم جۆرە هەواڵگرییە پێچەوانەیە بە "سیستمی بەرگریی" ژیانیی وڵات و دواهەمین دەروازەی بەرپەرچدانەوە دادەنرێت. کەواتە، مۆساد چۆن توانی بەم ڕادەیە "تەشەنە بکات"؟ و بە چ هۆکارێک توانی هێرشە مەترسیدارەکانی ئەم دواییەی لەناوخۆی ئێران و تەنانەت لە دڵی تارانیشەوە ئەنجام بدات؟
ئاڵنگارییە گەورەکە ئەوە بوو کە دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد، لە 25ی حوزەیرانی 2025، گرتەیەکی دەنگیی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕووی قسەی لە سیخوڕەکانی ناوخۆی ئێران کرد و گوتی: ئێمە لەوێ دەبین، هەروەک چۆن لە ڕابردوودا لەوێ بووین." ئاماژەی بەوەیشدا کە مۆساد چەندین مانگ و ساڵ ئامادەکاریی کردووە "بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست لە کاتی گونجاودا" و گوتیشی، ئێمە لە گرنگیی کاتژمێری چارەنووس تێگەیشتین.
سەرباری ئەوە، ئاشکرای کرد کە مۆساد لەم ئۆپراسیۆنە درێژخایەنانەدا بۆ دزەکردنە ناو ئێران، هاوکاریی لەگەڵ هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل و ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریکا (CIA) کردووە و سوپاسی هەردوو دەزگاکەی کرد بۆ هاوکارییەکانیان.
شێوازەکانی دزەکردن
ڕاپۆرتێک لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە دزەکردنی مۆساد بۆ ناو ئێران چەندین ساڵی خایاندووە، بە بەکارهێنانی شێوازی جۆراوجۆر کە تێکەڵەیەک بوون لە هەوڵی مرۆیی، داهێنانی تەکنەلۆجی، لۆجستیی نهێنی و پلانی درێژخایەن کە ئامادەکارییەکانی لانیکەم سێ ساڵ پێش ئێستا دەستیان پێ کردووە، لە کاتێکدا کە ئاستی بەقاچاخبردنی کەلوپەل، چەک و تەقەمەنی لە ساڵی 2024دا بەرزبووەوە.
هۆکارەکانی بەقاچاخبردن فرەجۆر بوون. سیخوڕەکانی مۆساد پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵوەشێنراوەیان لە ڕێگەی کەناڵی بازرگانییەوە گەیاندووەتە ئێران. ئەم پارچانە بۆ ماوەی چەند مانگێک لەناو جانتای گەشت، کۆنتێنەری بارکردن و ئۆتۆمبێلی دەستکاریکراودا شاردراونەتەوە. هەروەها بارهەڵگری خاوەن ژووری ساختە بەکارهاتوون، کە هەندێکیان وا نیشان دراون گوایە گواستنەوەی کەرەستەی بیناسازین.
سیخوڕەکانی مۆساد تەنیا بەوە نەوەستاون، بەڵکو هۆکاری سادەی وەک جانتای پشت و خزمەتگوزاریی پۆستەی خێرایان بۆ بەقاچاخبردنی پێکهاتەی هەستیار وەک ئامێری کۆنترۆڵ و تەقەمەنیی بچووک بەکارهێناوە.
دواتر مۆساد پێگەی نهێنیی بۆ کۆکردنەوە و بەستنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ناوچەی نیشتەجێبوون یان پیشەسازی لە نزیک تاران و ئەسفەهان دامەزراندووە. هەندێک لەو فڕۆکە بچووکانەی لە هێرشەکەدا بەکارهاتوون، لەناوخۆی ئێران دروست کراون، لە کاتێکدا کە پێکهاتە ئەلیکترۆنییەکانیان بە نهێنی لەو بازاڕانەوە هێنراون کە نزیکن لە ئێرانەوە.
سیخوڕەکان و هێرشەکە
ڕاپۆرتەکان دەڵێن مۆساد بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە ئێرانییەکانی نیشتەجێی ناوخۆ، هەندێک لە ئەندامانی دیاسپۆرا "ڕەوەندی ئێرانی" و تاکەکانی سەر بە کەمینە نەتەوەییە دژبەرەکانی ڕژێم بەستووە. شانەی جۆراوجۆر لەم کەسانە پێکهێنراون و هەندێکیان لەژێر پەردەی کۆمپانیای وەهمیدا کاریان کردووە.
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاماژە بەوە دەکات کە مۆساد 42 ئۆتۆمبێلی بارکراو بە کۆمەڵێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ تێکشکاندنی بەرگرییە ئاسمانییەکان و سیستمی پێوەندییەكانی ئێران بەکارهێناوە، لەگەڵ 12 ئۆتۆمبێلی تری بارکراو بە جۆری دیکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ هێرشکردنە سەر شوقەی فەرماندە سەربازییەکان و زانا ئەتۆمییەکان. ژمارەیەک لەوانە لە ماڵەکانی خۆیاندا و لەسەر جێگاکانیان کوژراون.
لە هەمان کاتدا، فڕۆکە پێشکەوتووەکانی ئیسرائیل ئۆپراسیۆنی "بێدەنگکردن" و تێکشکاندنی پێگە گرنگەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیان ئەنجام داوە. بێکاریگەرکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران، پارێزگاریی زیاتری بە ئیسرائیلییەکان بەخشیوە و دڵنیایی داوەتە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ جووڵەی ئازاد و لێدانی ئامانجەکانی بەبێ بەرگرییەکی کاریگەر.
دەرکەوتنی ژیریی دەستکرد
سەرباری هەموو ئەمانە، ئیسرائیل "لە نزیکەی هەموو قۆناغەکانی هێرشەکەیدا" سیستمی پڕچەککراو بە ژیریی دەستکردی (AI) بەکارهێناوە، لە کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگرییەوە تا دەگاتە هەڵبژاردنی ئامانجی کۆتایی.
ئیگۆر دیمیتریێڤ ڕۆژنامەنووسی ڕووسی، لەسەر ئەم پێشهاتە گوتی: ئەوەی ڕوویدا دەکرێت ناوی لێبنرێت "یەکەم دەرکەوتنی ژیریی دەستکرد لە جەنگدا، کە هاوئاهەنگی فرەڕەهەند و وردی و خێرایی لە بڕیارداندا مسۆگەر دەکات."