لە كاتێكدا بڕیار دراوە كە مانگی 11ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، بەڵام زۆرینەی حزبە سیاسییەكانی كوردستان جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامادەی ئەو هەڵبژاردنە نین، بەشێك لەو حزبانە رووبەڕووی تەنگژەی كاندید بوونەتەوە و بەشەكەی تریش بەهۆی كێشەی ناوخۆییەوە دەناڵێنن.
رۆژی 26ی ئەم مانگە تۆماركردنی ناوی كاندیدی حزبەكان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بەكۆتا هات، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دووپاتی كردەوە كە ئامادەكارییەكان بەكۆتا هاتووە و تا ئێستە بڕیارە هەڵبژاردن لە وادەی خۆی بەڕێوە بچێت.
هەرێمی كوردستان
پێوەست بە هەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر لە حزبە سیاسییەكانی كوردستان بەشداریی لەو هەڵبژاردنەدا دەكەن و ناوی كاندیدەكانیشیان بڵاو كراوەتەوە.
بەگوێرەی ئەزموونی رابردوو، پارتی دیموكراتی كوردستان بە هێزترین حزب ماوەتەوە و ژمارەی كاندیدەكانی لە تەواوی بازنەكاندا، لە تەواوی حزبەكانی تری هەرێمی كوردستان زیاترن. بەڵام لە پاڵ ئەوەیشدا هەریەك لە رەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل، وەك یەكەم ئەزموونی حزبایەتییان بەشداریی لەو هەڵبژاردنەدا دەكەن.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە پێگەیەكی باشی لە ئاستی پەرلەمانی عێراق هەیە، دەچێتە هەڵبژاردنەكەوە، بەڵام هێشتا روون نییە كەمپینی هەڵبژاردن چۆن بەڕێوە دەبات، چونكە لە رابردوودا ئەزموونێكی باشی لەگەڵ بانگەشەی هەڵبژاردندا نەبووە.
پارتی ئامادەیە
لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی بەهێزیی رێكخستنە ناوخۆییەكانیەوە و بەهێزیی كاندیدەكانی، ئامادەترین حزبە بۆ هەڵبژاردن، بۆیە پێشبینی دەكرێت ژمارەی كورسییەكانی بەراورد بەوەی ئێستە هەیە زیاتر بكات.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەزموونەكانی رابردوویدا هەم لە كەمپینی هەڵبژاردن و تاكتیكی هەڵبژاردن، براوەی گۆڕەپانەكە بووە.
ئامادەبوونی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە جیا لە تۆكمەیی رێكخستنەكانی، هاوكات بانگەشەیەكی گەورە دەتوانێ بەڕێوە ببات، چونكە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو وەك حزبی فریادڕەس بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە بەغدا دەركەوتووە.
نەیارانی كورد لە بەغدا بەردەوام راستەوخۆ دژایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كردووە، ئەوەیش هۆكار بووە كە ئێستە لای خەڵكی كوردستان روون بێت كە بەهۆی ئەوەی پارتی بەردەوام لە خەمی كورددا بووە، بۆیە تیری نەیارانی كورد روو لە پارتییە.
ئامانج عەلی خۆشناو چاودێری سیاسی، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ ئەوەی دەنگ دەدات، بیر لە بەرژەوەندیی گەلی كورد دەكاتەوە، بۆ ئەوەیش دەگەڕێتەوە سەر ئەو حزبانەی كە لە ماوەی رابردوودا داكۆكییان لە كورد كردووە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
ئەوەی پێوەندیی بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە هەیە، هێشتا بە تەواوی ئامادەی هەڵبژاردن نییە، هەڵبژاردنی عێراق هاوشێوەی كوردستان نییە، تا ئاستێكی زۆر بۆ یەكێتی قورس دەبێت، بەتایبەتی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا كە یەكێتی هیچ بەرنامەیەكی نابێت بە خەڵكی بفرۆشێتەوە تا متمانە بە دەست بێنێت.
بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، یەكێتی ئەزموونی لە عێراقدا باشە، بەڵام ئەو باشییە بۆ بەشێكی لە سەركردە سیاسییەكانی حزبەكە بووە نەك رای گشتی، ئەوەیش ئەزموونێكی تاڵ دەخاتە بەردەم ئەو حزبە، ئەگەر میلیشیا و وڵاتانی هەرێمی هاوكاریی نەكەن.
پێچەوانەی پارتی، دەركەوتنی سەركردەكانی یەكێتی لەگەڵ نەیارانی كورد و لە باوەشگرتنیان، دۆخێكی دژواری بەسەر ئەو حزبەدا هێناوە، هاوكات قسەكردن لەسەر ئەوەی چارەسەر لای بەغدایە كە بەردەوام یەكێتی دەیڵێتەوە، بەتاڵ بووەتەوە، چونكە دەركەوت و بە ڕێككەوتن و لە دەرەوەی رێككەوتنیش، بەغدا ئەو پابەندە نییە كێشەی كورد و تەنانەت مووچەخۆرانیش چارەسەر بكات.
هەندێك لە چاودێرانی سیاسیی رایان وایە، باشترە یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا بێتەوە بەرەی كورد، لانی كەم پەیامەكەی بگۆڕێت بۆ دژایەتی لەگەڵ بەغدا ئەگەر بتوانێ، ئەگەرنا بەو دۆخەوە هیچ نادوورێتەوە.
پێوەیست بەناوخۆی حزبەكەیش لە یەكەم هەنگاوی دانانی ناوی كاندیدەكاندا، یەكێتی لە لیستی بازنەی هەولێر دژایەتیی بۆ دروست بوو، كاتێك هەرێمی كەمال ئاغا و ئارێز عەبدوڵا لەسەر سەرۆكی لیست بووە كێشەیان، بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری حزبەكەیش نیگەرانە.
هەرچەندە ئەو كێشانە ناوخۆیین، بەڵام بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كێشە ناخۆییەكانی یەكێتی بەردەوامن و سەرۆكی حزبەكە دەبێت جارێكی تر قۆڵی خۆی لێ هەڵماڵێت. كەواتە یەكێتی بەو دۆخەوە دەچێتە هەڵبژاردن كە برینێكی قووڵ لە جەستەیەتی و بكولێتەوە، خوێنی لێ دەچۆڕێ.
ئیسلامییەكان
هەریەك لە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری، وەك هەمیشە لە تەنگژەی كاندیددا بوون و تا دواجار بڕیاری یەكلاكەرەوەیان دا.
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە بادینان رووبەڕووی تەنگژەی گەورەی ناوخۆی بووەتەوە، بادینان بۆ یەكگرتوو گرنگە، چونكە لە رابردوودا پێگەیەكی جەماوەریی هەبووە و دەیتوانی كورسیی لێ مسۆگەر بكات، هەرچەندە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا رەوتی هەڵوێست شوێنی پێ لەق كرد.
یەكگرتوو بە هەموو توانای خۆیەوە هەوڵ دەدات پارێزگاری لە كورسییەكانی ئێستەی پەرلەمانی عێراق بكات. ئامانج عەلی خۆشناو كە چاودێری سیاسییە، رەتی دەكاتەوە و دەڵێ، بۆ دۆخی ئێستەی یەكگرتوو قورسە بتوانێ پارێزگاری لە كورسییەكانی بكات.
هەرچی كۆمەڵی دادگەریشە هێشتا لە دۆخی سڕبووندایە، بەهۆی ئەو شكستەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تووشی هات. كادرانی ئەو حزبە عەلی باپیر و زاواكەی عەبدولستار مەجیدیان بەهۆكاری شكستەكە زانی، بەڵام وا هەڵبژاردنێكی تریش هات و ئەوان هەر لە سەركردایەتیی حزبەكەدان، بۆیە جارێكی تر باش چاوەڕێی كۆمەڵ ناكات.
نەوەی نوێ و هەڵوێست و بەرەی گەل
نەوەی نوێ لە گەورەترین تەنگژەی بێ كەسیی بوو بۆ كاندید كردن تا دواجار دەمووچاوەكان دووبارە بوونەوە كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە بەغدا كورد گوتەنی داریان نەخستووەتە سەر بەرد، ئەوەیشی ترسی زۆری لای شاسوار عەبدولواحید دروست كردووە كە ئەمجارە شكستی نەوەكەی رابگەیەنێ.
رەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل دوو لایەنی سیاسیی نوێن كە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆمار كراون، هەرچەندە دۆخی ئەوان روون نییە، بەڵام پێناچێ لە توانای خۆیان زیاتر بە دەست بێنن.
ئەوان كە وەك نوێ هاتوونەتە گۆڕەپانەكە، وەك نێچیری بریندار وان و ناتوانن هەنگاو بۆ پێشەوە بنێن، هەروەك هەردوو لایان لە تەنگژەی كاندید و كەسایەتیدان تا سەرنجی خەڵك رابكێشن.
بە چاوەڕوانیكردن بۆ دۆخی دوای هەڵبژاردن، زیاتر روون دەبێتەوە كە حزبەكان لە كوێدان و دۆخەكە بەرەو كوێیان دەبات.