ئارەزووەكانی مرۆڤ زۆرن، نموونەیان خوێندنەوەی كتێب، ژەنینی ئامێرە موزیكییەكان، یارییە وەرزشییەكان و زۆری تر، نامۆترین ئارەزوویش كە ساڵانێكی كەم نییە بەشێك لە ئارەزوومەندان خوویان پێوە گرتووە، ئەویش راوكردنی مۆتەكەكانە، ئەوانەی ئەو ئارەزووەیان هەیە، شەوان بەدوای مۆتەكە دەگەڕێن و دەیانەوێ بزانن جیا لە مرۆڤ و گیانداران و باڵندەكان، بوونەوەری هەیە لە دنیادا یان تەنیا خەیاڵی مرۆڤە و باسی دەكات. بۆیە پێگەیەكی ئەلیكترۆنیی عەرەبی راپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە.
پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "
ئەهرام"ی میسری، راپۆرتێكی رژدی لەبارەی راوكردنی مۆتەكەكان بڵاو كردووەتەوە كە بە نامۆترین ئارەزووی مرۆڤی پێناسە دەكات. راستییەكەی ئەو ئارەزووە تەنیا ئەوە نییە كەسی ئارەزوومەند بەدوای مۆتەكە بگەڕێ و بزانێ ئەو بوونەوەرە هەیە یان تەنیا خەیاڵی مرۆڤە، بەڵكو لە دنیای هۆڵیوود و بۆڵیووددا دەیان فیلمی لەو شێوەیە بەرهەم هێنراون، تێیاندا گەڕان بەدوای مۆتەكە، چیرۆكی فیلمەكانە و بە زانستی خەیاڵیش ناو دەبرێن. بۆ ئەوەیش پێگە عەرەبییەكە رۆشنایی زیاتر دەخاتە سەر ئەو پرسە و ئارەزووە نامۆكەی مرۆڤ.
باس لەوە دەكرێ كە راوكردنی مۆتەكەكان، واتە گەڕانێكی كردارییە بۆ ئەوەی بزانرێ بوونەوەر و رۆحی جیا لە مرۆڤ كە بە چاو نابینرێن، لە دنیادا هەن یان نا؟، بۆ ئەوەیش گەڕانەكە لە خانووی كۆنی چۆڵكراو و دارستانە چڕوپڕ و شوێنە دوورەدەستەكان دەست پێ دەكات. ئەوەی چاودێریی كراوە بۆ گەڕانەكە، تەنیا پشت بە هەستی بینین و بیستن نەبەستراوە، واتە چاو و گوێ، بەڵكو ئارەزوومەندان پشت بەو ئامێرە زانستییانە دەبەستن كە لە دنیادا بەكار دەبرێن.
لەبارەی ئامێرە زانستییەكان ئاماژە بە چەندان ئامێری پێشكەتوو دراوە، نموونەیان ئامێری پێوەری كاهرۆموگناتیسی EMF، بۆ چاودێریی گۆڕانە نامۆكان دەكرێت لە رێگەی وزەوە. هەروەها پشت بە كامێرای تیشكی ژێر رەنگی سوور بەستراوە، تا ئەوە تۆمار بكات كە مرۆڤ ناتوانێ بە چاو بیبینێت. هاوكات پشت بە مایكرۆفۆنی هەستەوەری بەستراوە بۆ تۆماركردنی دەنگە نامۆكان. هەروەها ئامێرێك بۆ جووڵە و گەرمیپێو، تا هەست بە جووڵە نامۆكان بكرێت.
باس لەوە دەكرێ كە ئەو ئامێرانە، لەناو خانووی كۆن و چۆڵكراو و دارستانەكان بەكار دەهێنرێن، هەروەها ئارەزوومەندان دەچنە ناو نەخۆشخانەیەكی دەروونی و باڵەخانە مێژووییەكان كە چەندان ئەفسانەیان لەبارەوە باس دەكرێت، تەواوی گەڕانەكانیش لە درەنگی شەو و كاتی بێدەنگی دەكرێن، كە وا باوە بوونەوەرە نامۆكان، لەو شوێنانەدا هەن و هەوڵ هەیە زانیاریی لەبارەیانەوە بكەونە بەردەست.
وێڕای ئەوەی حەماسێكی زۆر بۆ ئەو ئارەزووە لە دنیادا هەیە، بەڵام كۆمەڵگەی زانستی پشتی پێ نابەستێ و بوونی بوونەوەری نامۆ كە بە چاو نابینرێن و بە گوێش هەستیان پێ ناكرێت، رەت دەكاتەوە، بۆ ئەوەیش زانایانی دەروونی و فیزیا دووپاتی دەكەنەوە، ئەوەی راوچییەكانی مۆتەكەكان هەستی پێ دەكەن، بەشێوەیەكە لە عەقڵی خۆیان شیكردنەوەی بۆ دەكەن، بۆ نموونە ترس یەك لە هۆكارەكانە كە مێشك باوەڕ بە شتێك دەكات، لە بنچینەدا بوونی نییە. هەروەها دیاردەی فیزیای سروشتی هۆكارێكی ترە وەك كاردانەوەی تیشك. یاخۆ زۆرجار ئامێرەكان ئاماژەی پێچەوانە دەدەن بۆ شتێكی ناڕوون و نادیار. بەڵام راوچییەكانی مۆتەكەكان پشت بە هەندێكی نادیار دەبەستن كە لە دەرەوەی زانست و لۆجیكە.
دواتریش باس لەوە دەكرێ كە بەهۆی ئینتەرنێتەوە، ئارەزووە نامۆكانی مرۆڤ گەشەی كردووە و رۆژانە دەخرێنە بەرچاو، بۆ ئەوەیش بینەرێكی زۆر و بەرچاویان هەیە بەتایبەتی لە رێگەی "یوتیوب" و "تیك توك"، رۆژانە هەوڵی راوچییە مۆتەكەكان دیكیۆمێنت دەكرێن و دەخرێنە بەرچاوی بینەر، بۆ ئەوەیش لەسەر ئاستی دنیادا ملیۆنان بینەریان هەیە، بۆیە لە زۆر شاری رۆژئاواییش گرووپی گەشتیاریی شەوانە، روو لەو شوێنانە دەكەن كە بە چیرۆكی مۆتەكەكان ناسراون، بۆیە پرسەكە لەلای راوچیی مۆتەكەكان، وای لێ هاتووە لە خەیاڵەوە بۆ واقیع بگۆڕێت، لە كاتێكدا بەپێی زانیاریی زاناكانی بواری زانست، پرسەكە هەر لە خەیاڵ دەمێنێتەوە و بۆ واقیع ناگۆڕێت. واتە شتێك لە دنیادا نییە بەناوی مۆتەكە بە مانا زانستییەكەی.