شەوی رابردوو دەنگی چەند تەقینەوەیەك لە پارێزگای كەركووك بیسترا، دوای ئەوە هاتە راگەیاندن كە چەند كاتیۆشایەك تەقیونەتەوە، لەوانە لە فڕۆكەخانەی كەركووك، ئەگەرچی تا ئێستە هیچ روونكردنەوەیەكی فەرمی لەوبارەوە نییە، شارەزایەك پێی وایە بابەتەكە پێوەندی بە هەڵبژاردن و هەوڵی شێواندنی سەقامگیریی دۆخی عێراق و بەربەستكردنی كاروانی ئاوەدانی و وەبەرهێنان هەیە.
عیماد علو شارەزای سەربازی و ستراتیجی دەڵێت، چەند لیژنەیەك بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بۆ ئەو بابەتە پێكهێنراون، دوایینیان بۆردمانكردنی فڕۆكەخانەی كەركووك بوو، ئەگەرچی تا ئێستە ئەو لیژنانە هیچیان نەگوتووە، بەڵام جێ دەستی هەواڵگریی ناوچەكە دیارە بۆ شێواندنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق، كە چاوی لەوەیە وەبەرهێنانی دەرەكی رابكێشێت.
روونی كردەوە، ئەوەی روودەدات هەوڵێكە بۆ بەربەستكردنی راكێشانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ئابووری و وەستانی رەوڕەوەی پێشكەوتن و ئاوەدانی لە عێراق، لەوكاتەی عێراق لە هەڵبژاردنی پەرلەمانەكەی نزیك دەبێتەوە، كە لە كۆتایی ئەمساڵ ساز دەكرێت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەو حاڵەتانە زیاد بن بۆ شێواندنی دۆخی تەناهی و پێشاندانی وێنەیەكی شێواو لەسەر ململانێی هێزە سیاسییەكان بۆ بەدەستهێنانی كورسیی زیاتری پەرلەمانی.
شایەنی باسە ئەوەی شەوی رابردوو لە كەركووك رووی دا، چەند خوێندنەوەیەكی بۆ دەكرێت، ئەوانەی هێرشەكانیان ئەنجام دا دیارن و پێشتریش ئەنجامیان داوە، هۆكاری هێرشەكانیشیان، كە پەیامێكە بۆ حكوومەتی عێراق، بەغدا باش پێی دەزانێت، كە رەنگە پێوەندی بە دواكەوتنی مووچەی حەشدی شەعبییەوە هەبێت، بەوەی دەتوانن دۆخی عێراق بشێوێنن، جیا لە نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان، كە میلیشیاكان گوشارێكی زۆریان لەسەرە بەوەی نابێت بەشداری تیادا بكەن و خۆیان هەڵوەشێننەوە، بە كورتی ئەوەی روودەدات پەیامێكە بۆ حكوومەتی عێراق، بۆ ملكەچنەكردن بۆ گوشارەكانی ئەمەریكا لەبارەی میلیشیا شیعەكان و ئێرانیش، بەوەی تا ئێستە كاریگەرییان بەسەر دۆخی عێراق هەیە و دەتوانن دۆخەكە بشێوێنن.
ماوەیەكە هێرش دەكرێتە سەر چەند دامەزراوەیەكی گرنگی عێراق، لەناو بێدەنگیی حكوومەت، لەو ناوەدا لێكدانەوەی جیاجیا بۆ ئەو هێرشانە و هۆكار و ئەنجامدەرانی دەكرێت، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و كەركووك تەقینەوە و هێرش بە درۆن و مووشەكی كاتیۆشا روویان دا، كاتێك هێرش كرایە سەر پاڵاوگەی بێجی و وێستگەی وزەی حەراری و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی كەركووك، بەڵام تا ئێستە هیچ لایەنێك بەرپرسیارەتیی خۆی لەو هێرشانە رانەگەیاندووە.
ئەو هێرشانە نوێ نین و بەر لەوان هێرش كرایە سەر بنكەی ئاسمانیی تاجی لە باكوری بەغدا، زیانێكی زۆر بەر بنكەكە كەوت، هەروەها هێرش كرایە سەر بنكەی ئیمام عەلی لە زیقار، لێر لە سایەی نەبوونی لێكدانەوەی فەرمیی، شارەزا و پەرلەمانتاران لێكدانەوەی جیاواز دەكەن، ئەكرەم تورزی پەرلەمانتاری پێشووی توركمان پێی وایە داعش لەپشت هێرشە مووشەكییەكەی دوایی كەركووكە، ئەو باسی سێ پاڵنەری بۆ هێرشەكە كرد، رەوانەكردنی پەیامێك بەوەی هێشتا هەن و نانەوەی پشێوی و تێكدانی سەقامگیری لە شارەكە و پەكخستنی فڕۆكەخانەی كەركووك هێرشەكە وەك تۆڵەكردنەوەیەكیش بوو بۆ ئۆپراسیۆنەكانی دوایی هێزە تەناهییەكان.
لە ماوەی دوایی پەنجەی تاوان بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە ئاراستەی میلیشیا شیعەكان كراوە، بەتایبەتی بۆ سەر هەردوو بنكەی تاجی و ئیمام عەلی، چونكە ئەوان خاوەنی درۆن و مووشەكن و توانای ئەنجامدانی هێرشەكانیان بێ ترس و سەڵەمینەوە هەیە، عالیە نسەیف پەرلەمانتاری عێراق پێی وایە هەندێك لەو هێرشانە ناراستەوخۆ پێوەندیان بە گەندەڵی لەو شوێنانە هەیە، هەندێك لایەنی پاڵپشتیكار لەو گەندەڵانە هەوڵی پاراستنی ئەوان لەو رێگەیەوە دەدەن.
لای خۆیەوە محەمەد تەمیمی توێژەری سیاسی روونی كردەوە، زیادبوونی ئەو جۆرە هێرشانە لەو كاتە، رەنگە پێوەندی بە هەوڵی پێشوەختە بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی دەسەڵاتی سیاسی بەر لە ماوەیەكی كەم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەبێت، واتە سەپاندنی دۆخێكی دیاریكراو لە رێگەی ئامرازی تەناهییەوە، بۆیە ئەگەری هەیە لایەنی ناوخۆیی بیانەوێ دۆخەكە بشێوێنن و نەیارەكانیان بچووك بكەنەوە لە رێگەی دروستكردنی دۆخێك لە ناسەقامگیری، ئەوەش وەك رێخۆشییەك بۆ دروستكردنی هاوپەیمانیی هەڵبژاردن لەژێر سەقفی هەڕەشەی تەناهییەوە، بۆیە عێراق تەنیا لەناو ئاڵنگاریی تەناهیدا ناژیت، بەڵكە لەناو ململانێیەك كە كێ كۆنترۆڵی كایە گرنگەكانی دەوڵەت دەكات، لەوانەش تەناهی و ئابووری و راگەیاندن.