راپۆرتێك: ئەمەریکا بە بێدەنگی دەستیکردووە بە خنکاندنی حەشدی شەعبی

:: PM:08:50:01/07/2025 ‌
لە کاتێکدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی ڕەتی دەکاتەوە، بەڵام ئەمەریکا شەڕی بێدەنگیی دەست پێ کردووە و لە ڕێگەی داراییەوە دەست بە خنکاندنی حەشدی شەعبی دەکات.

هەرچەندە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەر پەیامێکی ئەمەریکایی لەبارەى حەشدی شەعبی ڕەت دەکەنەوە، بەڵام گۆڕەپانی عێراق گۆڕانکاریی بێدەنگ بەخۆیەوە دەبینێت، کە بە ڕاگرتنی کتوپڕی مووچەی چەکدارەکانی و خۆدزینەوەی بانکەکان لە خەرجکردنی بە بیانووی "کێشەی تەکنیکی" دەرکەوتووە. لەنێوان ڕەتکردنەوەی ئاشکرا و کاریگەریی شاراوەدا، پرسیاری رژد دێتە ئاراوە: ئایا فشاری ئەمەریکا لە ڕێگەی داراییەوە دەستی پێ کردووە؟ ئایا ئەم سڕکردنە ناڕاستەوخۆیە ڕێگە بۆ پڕۆژەی هەڵوەشاندنەوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ خۆش دەکات؟

فەتح: هیچ پەیام و دەستوەردانێکی ئەمەریکی نییە
مەحموود حەیانی، ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح، لە لێدوانێکدا بۆ "بەغداد ئەلیەوم" دەڵێت، قسەکردن لەسەر گەیشتنی پەیامی فەرمیی ئەمەریکا لەبارەى حەشدی شەعبی بە حکوومەتی عێراق، هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە. دووپاتیش دەکاتەوە، حکوومەت هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆدا ڕەت دەکاتەوە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە دامەزراوە تەناهی و سەربازییە فەرمییەکانەوە.

حەیانی ڕوونی دەکاتەوە، حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی تەناهیی فەرمییە، وەک پۆلیس و سوپا، ڕاستەوخۆ بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە بەستراوەتەوە. دووپات دەکاتەوە، هیچ پاساوێک بۆ دەستوەردانی دەرەکیی ئەمەریکی یان جگە لەویش نییە، هەر پەیامێکیش بگات، لەلایەن حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانەوە ڕەت دەکرێتەوە.

مووچە ڕادەگیرێت و بانکەکان هەڕەشەی سڕکردن دەکەن
هاوتەریب لەگەڵ ئەم ڕەتکردنەوەیە، ڕۆژانی ڕابردوو مووچەی چەکدارانی حەشدی شەعبی دوا کەوت، دوای ئەوەی کۆمپانیای "كی کارد" ڕەتی کردەوە پارەکان خەرج بکات، سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی دووپاتی کردەوە کە پارەکانی بە شێوەیەکی ئاسایی ناردووە. هەرچەندە دواتر دەستەی حەشد ڕای گەیاند، ڕاگرتنەکە بەهۆی نوێکردنەوەی سیستمەوە بووە، بەڵام کاتی ڕووداوەکە و دووبارەبوونەوەی لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، گومانی رژدی لەسەر بوونی هۆکاری ترى جگە لە هۆى تەکنیکی دروست کردووە.

هەندێک لە سیاسییەکان باسیان لە "فشاری نافەرمی" کردووە، لەلایەن چەند لایەنێکی دەرەکییەوە، کە پێدەچێت ئەمەریکی بن، دەخرێتە سەر بانکەکان بۆ ڕێگری کردن لە مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئەو دامەزراوانەی کە بە نائارام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وێنا دەکرێن، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو گرووپانەی حەشد، کە نەخراونەتە ناو سیستمی پابەندبوونی ئەمەریکییەوە.

چاودێران: خنکاندنی دارایی لەبری هەڵوەشاندنەوەی ئاشکرا
بەپێی گوتەى چاودێرانی سیاسی، ئەوەی ڕوو دەدات ڕەنگە هەوڵێکی ڕاستەوخۆ نەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشد، بەڵکو شێوازێکی نوێی فشارە لە ڕێگەی ئامرازی ناسەربازییەوە کە پشت بە وشککردنی سەرچاوە داراییەکان و دروستکردنی دۆخێکی قەیرانی دارایی دەبەستێت، تا لە کۆتاییدا بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ ماندووی بکات.

ئەو چاودێرانە ئاماژە بەوە دەکەن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریكا کە ڕووبەڕووی قورسی دەبێتەوە لە سەپاندنی بڕیاری ستراتیجی لە دەرگای حکوومەتی عێراقەوە، دەستی کردووە بە جووڵاندنی ئامرازە داراییەکانی وەک سیستمی پابەندبوونی بانکی، بۆ گەیاندنی پەیامی ناڕاستەوخۆ بە بەغدا لەبارەى لێ خۆشنەبوون لەو دامەزراوانەی پێوەندییان بە گرووپە چەکدارەکانەوە هەیە.


وشە - پۆڵا مەحموود