كڕین و فرۆشتنی كارتی دەنگدان و مامەڵەكردن بە پەرلەمانتارانی داهاتووی عێراق، باسێكی گەرمی ناو راگەیاندن و سۆشیال میدیای عێراقییە و بەشێك لە سیاسییەكان، هۆشداریی دەدەن و كۆمسیۆنیش هەڕەشە دەكات.
بەهۆی دەستێوەردانی وڵاتان و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان كارتی دەنگدان دەكڕن و مامەڵە بەئەندامانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەكەن.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەم بابەتە هەرای ناوەتەوە و خەڵك پێیان وایە داهاتووی عێراق بەدەست گرووپێكی سیاسیی مشەخۆری سەربە وڵاتانی ناوچەكە، هیچ شتێكیان بەڕێكوپێكی نەهێشتووەتەوە و تەنانەت هەڵبژاردنیش بایەخێكی نەماوە.
بەگوێرەی هەندێك ڕاپۆرتی میدیایی، نرخی كارتی دەنگدان گەیشتووەتە 400 هەزار دینار، بەڵام كۆمسیۆن دەنگۆكان ڕەت دەكاتەوە و هەموو مامەڵەیەكی كڕین و فرۆشتن بە كارتی دەنگدانەوە وەك تاوان لە قەڵەم دەدات.
بورهان نەمراوی پەرلەمانتاری عێراق لە هاوپەیمانی تەقەدوم ڕای گەیاند: "فرۆشتنی كارتی دەنگدان كارێكی ئاساییە و بوونی هەیە، بەڵام كاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن نابێت".
نەمراوی ئاماژەی بەوە كرد، خەڵك ئەگەر بڕیاری فرۆشتنی كارتیش بدەن، بەڵام دەنگ بەو كاندیدە نادەن كە هەوڵی كڕینی دەنگیانی داوە، پێشتریش ئەمە تاقی كراوەتەوە و دووبارە بووەتەوە.
هەر بەهۆی ئەم بابەتەوە پێشتریش هاوپەیمانی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشتری عێراق سەرۆكایەتی دەكات، بڵاوی كردەوە: هاوپەیمانێتییەكە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، هیچ كاندیدێكی نابێت و تەنیا پشتیوانی لەو كاندیدانەی خاوەن ئەزموون و بەتوانان لە لیستی هاوپەیمانی "هێزەكانی دەوڵەت" بەسەرۆكایەتیی عەمار حەكیم دەكات.
هاوپەیمانێتییەكە هۆكاری بەشدارینەكردنی لە هەڵبژاردن دەخاتەڕوو و دەڵێت، بەكارهێنانی سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت، ڕێگرینەكردن لە كڕینی دەنگ و دەستوەردانی دەرەكی، هۆكاری بەشدارینەكردنی هاوپەیمانی نەسرە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
پێشتریش نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: وڵاتێك هەیە كە دەیەوێت هەر پەرلەمانتارێك بە یەك ملیۆن دۆلار بكڕێت، واتا بە 100 ملیۆن دۆلار، 100 پەرلەمانتار بكڕن، بەم كارە ئیرادەی میلەت و پەرلەمانەكەی دەكڕن.
ئەم قسانەی مالیكی لە كاتێكدایە عێراق یەكێكە لە وڵاتە هەرە دەوڵەمەندەكان كە وڵاتانی ناوچەكە بەپارە یاری بە ئایندەیەوە دەكەن.
پێشتریش رووی داوە كڕین و فرۆشتن بە پەرلەمانتاران كراوە و مالیكی خۆی ئەزموونی لەگەڵ پەرلەمانتاران هەیە، ئەوكاتەی كە سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، بەهۆی گەندەڵی لە كڕینی چەك و چەندان بابەتی تر، خەریك بوو متمانەی لێ وەربگیرێتەوە.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەوانیی عێراقی، هەر ئەوكات مالیكی بەپارە پەرلەمانتارانی كڕی و لایەنە سیاسییەكانی نەرم كرد كە لێپرسینەوەی لەگەڵ نەكرێت و ئەو بابەتە لەناو رای گشتیی عێراق خامۆش بكرێت.