کارمەندێکی ئاگرکوژێنەوەی ئێرانی لە بەردەم باڵەخانەیەکی بۆردومانکراو لە تاران، 13ی حوزەیرانی 2025. سەرچاوە: AFP
چۆن تره‌مپ ده‌توانێ كاری ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به ته‌واو بگه‌یه‌نێت؟
سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ له‌وه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵاتی گرتووه‌ته ده‌ست، چه‌ندان كاری له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌باره‌ی ئێران ئه‌نجام داوه، له ناویاندا بۆردمانكردنی پرۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی و په‌لكوتان بۆ لاوازكردنی پێگه هه‌رێمییه‌كه‌ی. دواتر تره‌مپ ئاگربه‌ستی له نێوان ئێران و ئیسرائیلی به‌رپا كرد، ته‌نانه‌ت ئاره‌زووی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستاندن له‌گه‌ڵ تاران ده‌ربڕی. ئه‌م ده‌ستوه‌ردانانه تا ئاستێكی باش ئومێدبه‌خشن، لێكه‌وته‌كانی بۆمان ده‌رده‌خه‌ن كه ئه‌گه‌ر واشنتن له لاوازكردن و سندمكردنی ئێران به‌رده‌وام بێت و هاوكات چاوی له به‌دیهێنانی ئامانجی به‌رزه‌فڕی جۆراوجۆر نه‌بێت، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له كۆتاییدا ده‌گات به‌و ئاشتی و سه‌قامگیرییه‌ی ده‌یان ساڵه به‌دوایدا وێڵه.
ناوچه‌كه پێشتر چه‌ند جارێك هێدمه (شۆك)ی گه‌شبینیی له‌م جۆره‌ی گرتووه، بۆ نموونه دوای شه‌ڕی سێیه‌می عه‌ره‌ب و جوو، پاش شكستی ئێران له به‌رانبه‌ر عێراق و دواتریش دۆڕانی عێراق له كوێت، پاشانیش هه‌ڵدێرانی تاڵیبان. هه‌ر یه‌كێك له‌م ڕووداوانه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین خاڵێكی ته‌نگه‌تاوه بووه، ناوچه‌كه‌ی به‌ره‌و لێواری مه‌ترسییه‌كی گه‌وره بردووه و ئه‌مه‌ریكا ناچار بووه ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی بكات و دواتر واشنتن خۆی به كاری دیپلۆماسی دۆخه‌كه‌ی هێمن كردووه‌ته‌وه، سه‌رئه‌نجام نیمچه ئاشتییه له ناوچه‌كه به‌رقه‌رار بووه. بۆ نموونه، ڕێككه‌وتننه‌كانی كامپ ده‌یڤد پێوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل و میسری ئاسایی كرده‌وه، دواتریش ئیسرائیل و ئوردن پێوه‌ندیی دیپلۆماسی‌یان به‌ست.
به‌ڵام له ناوچه‌كه‌دا هه‌رگیز ئاشتی ته‌مه‌نی درێژ نه‌بووه، نائارامی و پشێوی هه‌میشه له‌ودیو ده‌رگاوه چاوه‌ڕێ بوونه. بۆ نموونه له ساڵی 1979دا شۆڕش له ئێران هه‌ڵگیرسا و له هه‌مان ساڵیش‌دا یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت په‌لاماری ئه‌فغانستانی دا. ڕێككه‌وتنه‌كانی ئۆسڵۆ كه پرۆسه‌ی ئاشتی له نێوان ئیسرائیل و ئێران به‌رپا كرد، دوای ساڵی 2000 هه‌ڵوه‌شانه‌وه. داگیركردنی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌فغانستان، هاوشێوه‌ی سۆڤییه‌ت، ساڵانێكی زۆری خایاند و دواتریش هه‌ر به هاتنه‌وه‌ی تاڵیبان بۆ ده‌سه‌ڵات كۆتایی هات. داگیركردنی عێراق دوو ده‌یه‌ی پڕ ململانێی لێ كه‌وته‌وه، له نێوانیاندا جه‌نگێكی ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئێران و هه‌روه‌ها جه‌نگێكی ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ داعش.
ئه‌م نموونانه پێمان ده‌ڵێن سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ده‌یان ساڵه له جوغزی شكست ده‌خولێته‌وه. ده‌یان ساڵه واشنتن نه‌یهێشتووه هێزێكی ده‌ره‌كیی توخنی ناوچه‌كه بكه‌وێت، له‌م ڕووه‌وه سه‌ركه‌وتوو بووه، به‌ڵام سیاسه‌تی ته‌وقكردن (containment) له ناوچه‌كه نه‌یتوانیوه، هاوشێوه‌ی ئه‌وروپا و ئاسیا، دامه‌زراوه‌ی تۆكمه‌ی ناوخۆیی و پێكه‌وه‌كاركردنی هه‌رێمی به‌رجه‌سته بكات كه واشنتن خه‌یاڵئاسووده بكات و وای لێ بكات بیری ته‌نیا لای چین و ڕووسیا بێت. له‌بری ئه‌وه واشنتن به‌رده‌وام ناچار بووه بۆ دامركاندنه‌وه‌ی ململانێیه ناوخۆیی و هه‌رێمییه‌كان ده‌ستوه‌ردان بكات، ئه‌م دیارده‌یه ته‌نانه‌ت دوای ڕووخانی یه‌كێتیی سۆڤییه‌تیش به زه‌قی بینراوه.
ئه‌مجاره بارودۆخه‌كه جیاوازه. ساڵێكه ئێران و بریكاره‌كانی له جه‌نگدان، له‌م جه‌نگه‌دا ته‌واو لاواز بوونه. ئێستا ده‌وڵه‌تی تر له‌بری ئێران خه‌ریكی داڕشتنه‌وه و ڕه‌نگڕێژكردنی هاوكێشه هه‌رێمییه‌كانن، بۆیه تره‌مپ له به‌رده‌م هه‌لێكی مێژووییدایه، ده‌توانێت ئه‌و كاره بكات كه سه‌رۆكه‌كانی پێش خۆی نه‌یانتوانی بیكه‌ن، سه‌رئه‌نجام به‌یه‌كجاریی هه‌رێمه‌كه سه‌قامگیر بكه‌ن.
له ژێر ده‌سه‌ڵاتێكی نوێ‌دا
له دوای داعش، ئێران سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌ڵگیرسانی ئاژاوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته. بریكاره‌كانی په‌لاماری ئیسرائیل و وڵاتانی كه‌نداو و هه‌روه‌ها كه‌شتییه بازرگانییه‌كانی ده‌ریای سووریا‌ن داوه، به‌ڵام دوای هێرشه‌كانی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ری حه‌ماس، ئێران ئه‌م ئامرازانه‌ی له ده‌ست داوه: ئیسرائیل حه‌ماس و حزبوڵای پلیشاندووه‌ته‌وه، ڕژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د ڕووخاوه و توانا به‌رگری و ناوكی و هاژه‌كی (مووشه‌كی)یه‌كانی ئێران گورزی گه‌وره‌یان لێ وه‌شێنراوه. ڕاسته ئێران هێشتا ده‌توانێت پشت به میلیشیا عێراقییه‌كان و حووسییه‌كان ببه‌ستێت، پرۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كه‌شی هێشتا له‌ناو نه‌چووه، به‌ڵام ناتوانێت شكسته‌كانی بشارێته‌وه، ناشتوانێت حاشا بكات له‌وه‌ی خۆی له نشوسته‌كانی به‌رپرسیاره. له‌گه‌ڵ لاوازبوونی ئێران، به‌رجه‌سته‌كردنی سه‌قامگیریی هه‌رێمی ئاسانتر بووه.
داڕمانی ئێران هاوكات بوو له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدان و ده‌ركه‌وتنی هێزی هه‌رێمیی نوێ، له نێوانیاندا ئیسرائیل و توركیا و وڵاتانی كه‌نداو، بوون به به‌شێك له ئابووریی جیهانی و وێنه‌ی هێزی جیهانی مامه‌ڵه ده‌كه‌ن. به‌ده‌ر له ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، هیچ یه‌كێك له سه‌ركرده هه‌رێمییه‌كان، له به‌رانبه‌ر زیانه مرۆییه‌كانی غه‌زه، پێوه‌ندیی فه‌رمی و نافه‌رمی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل نه‌پچڕاندووه. كه‌یسی سووریای نوێ ئه‌و متمانه‌به‌خۆبوونه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ ڕۆڵگێرانی هه‌رێمی پشتڕاست ده‌كاته‌وه: ئه‌وان ددانیان به ئه‌حمه‌د شه‌رع نا بێ گوێدانه پاشخانه تیرۆرستییه‌كه‌ی، هاوكات له‌گه‌ڵ توركیا كاریان كرد تا تره‌مپ رازی بكه‌ن سزاكانی سه‌ر دیمه‌شق لا بدات.
له‌وه‌ته‌ی شه‌ڕی غه‌زه ده‌ستی پێ كردووه، ئه‌مه‌ریكا پێشتر له ژێر ده‌سه‌ڵاتی جۆ بایدن و ئێسته‌ش تره‌مپ، لێزانانه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یاریی كردووه، نه به‌یه‌كجاریی لێی دوور كه‌وتووه‌ته‌وه و نه خۆی ئاوێزانی ورده كێشه‌كانی كردووه. تره‌مپ له سه‌ردانه‌كه‌ی مانگی ئایاری بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ڕای گه‌یاند كه هه‌رێمه‌كه ده‌توانێت خۆی بره‌و به ئاشتی و بوواژنه‌وه بدات، واشنتن ته‌نیا چه‌ند هاوكارییه‌كی سنووردار پێشكه‌ش ده‌كات. تره‌مپ هه‌وڵ ده‌دات هه‌ڕه‌شه سه‌ربازییه‌كان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكات، خۆ ئه‌گه‌ر گفتوگۆ گه‌یشته بنبه‌ست، ئه‌وا په‌نا بۆ ڕێگه‌چاره‌ی سه‌ربازیی ده‌بات بێ ئه‌وه‌ی بازنه‌ی جه‌نگ فراوان بكات. هه‌ر وه‌ك چۆن پرۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێرانی له‌ناو برد. دۆناڵد تره‌مپ سوودی زۆری له ستیڤ ویتكۆف و تۆم باراك وه‌ك نێرده‌ی تایبه‌تی دیپلۆماسی بینییه‌وه، ئه‌و ته‌واو پشتیان پێ ده‌به‌ستێت. به سه‌رێكی تره‌وه پێویست ناكات بیری زۆر به ڕووسیاوه سه‌رقاڵ بێت، چونكه مۆسكۆ نه‌یتوانیوه هاوپه‌یمانه‌كانی له سووریا و ئێران بپارێزێت.
ئه‌مجاره له‌وانه‌یه سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر بێت
سه‌قامگیری ئه‌وكاته ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت كه واشنتن له ڕێگه و به پشتبه‌ستن به هاوپه‌یمانه هه‌رێمییه‌كانی، له سنوورداركردنی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی ده‌ستكراوه‌تر. ڕه‌نگه ئه‌مه زه‌حمه‌ت بێت، به‌ڵام ئه‌سته‌م نییه. له نه‌وه‌ته‌كان دوای شكستهێنان به‌رانبه‌ر عێراق، ئێران له دۆخێكی ناهه‌مواردا بوو. كابینه‌كه‌ی تره‌مپ ده‌بێت له خۆیان بپرسن بۆ ئێران له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك كه‌وته‌وه سه‌رپێ، دواتر له ته‌واوی شام ده‌ستی به فراوانخوازی كرد و سه‌ره‌ڕای ڕازینه‌بوونی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل و وڵاتانی عه‌ره‌ب، به‌رنامه هاژه‌كی و ئه‌تۆمییه‌كه‌ی په‌ره پێ دا.
دوو وه‌ڵام بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره هه‌ن، هه‌ردوو وه‌ڵامه‌كه‌ش ته‌واوكه‌ری یه‌كترن. یه‌كه‌میان، هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌رنجی خستبووه سه‌ر هه‌ندێك بابه‌تی تری وه‌ك به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و شه‌ڕه‌كانی عێراق و ئه‌فغانستان، هه‌روه‌ها به‌هاری عه‌ره‌بی و پێوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل و فه‌له‌ستین. دووه‌میان، لایه‌نه هه‌رێمییه‌كان له‌سه‌ر جۆر و ئاستی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران كۆك نه‌بوون، هه‌ریه‌كێكیان چاره‌سه‌رێكی ده‌خسته ڕوو كه سه‌رئه‌نجام سه‌رنج له‌سه‌ر پرسه سه‌ره‌كییه‌كه لاكه‌وت.
بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئێران، واشنتن هه‌ردوو بژارده‌ی گۆڕینی ڕژێم و دامه‌زراندنی پێوه‌ندیی دیپلۆماسی ڕه‌چاو كردبوو، به‌ڵام به‌هۆی دوودڵی له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران، ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی ڕوویان له گفتوگۆ كرد. ئه‌وان وایانده‌زانی ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تێكی ئاسایی له‌گه‌ڵ ئێران بكرێت، ئه‌وا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن و تارانیش به ڕووی هه‌رێمه‌كه‌دا باشتر ده‌كرێته‌وه. واشنتن چاوه‌ڕێ بوو كه ئێران به دایالۆگ و لێكتێگه‌یشتن له‌وانه‌یه متمانه‌ی لا دروست بێته‌وه، سه‌رئه‌نجام پڕۆژه ناوكی و هاژه‌كییه‌كه‌ی و هه‌روه‌ها تۆڕه بریكارییه هه‌رێمییه‌كه‌ی ڕاده‌گرێت. واشنتن ترسی له تاران هه‌بوو، وایده‌زانی كه هیچ هێرشێك به‌رانبه‌ر ئێران سوودی نابێت، چونكه تاران له پێگه‌یه‌كی هه‌رێمیی به‌رز و مه‌ترسیداردایه. سه‌رئه‌نجام واشنتن و هاوپه‌یمانه‌كانی، له ساڵی 2015، ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمییان له‌گه‌ڵ ئێران واژوو كرد. به‌هه‌رحاڵ ڕێككه‌وتنه‌كه كاتی بوو، نه‌یتوانی ڕه‌فتاره بزێوه‌كانی ئێران كۆتایی پێ بێنێت، بگره داهاتی زیاتری خسته به‌ر ده‌ست كه له خزمه‌ت ئامانجه هه‌رێمییه‌كانی به‌كاری ده‌هێنا.
گه‌شه‌سه‌ندنه‌كانی دوای حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ر ده‌ریخست كه ئێران ناتوانێت وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی ئاسایی مامه‌ڵه بكات، هه‌ر شرۆڤه‌یه‌ك پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بڵێت، هه‌ڵه‌یه. ده‌كرێت دانوستاندن ئێران له گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی خاو بكاته‌وه، به‌ڵام ناتوانێت ڕایبگرێت. به لایه‌كی تره‌وه گورزی سه‌ربازی ئێران له په‌لوپۆ ده‌كات، هه‌ر وه‌ك چۆن له كۆتایی جه‌نگی عێراق و ئێران له ساڵی 1988 و كوشتنی قاسم سلێمانی له 2020 و هه‌روه‌ها هێرشه‌كانی به‌مدواییانه‌ی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا بینیمان.
بۆیه ده‌بێت واشنتن ده‌ستبه‌جێ پرۆگرامی ناوكی ئێران كۆتایی پێ بێنێت و تۆڕه بریكارییه هه‌رێمییه‌كه‌ی له‌ناو ببات. سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازی له‌وانه‌یه خاڵی وه‌رچه‌رخانی دیپلۆماسی و ته‌نانه‌ت ئێرانێكی نوێشی، لێ بكه‌وێته‌وه. به‌ڵام دانوستاندن و قسه‌هێنان و بردن له‌سه‌ر پرسی گۆڕینی ڕژێم، هیچ ئامانجێك به‌ده‌سته‌وه نادات. له‌بری ئه‌وه ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت بۆ ئێسته له‌وه دڵنیا بێت ئێران به هیچ جۆرێك نابێته خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمی.
ده‌رفه‌ته‌كه بقۆزه‌وه
بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه، پێویسته واشنتن فشاری ئابووری، ئه‌گه‌ر پێویست بوو سه‌ربازی، بخاته سه‌ر تاران تا به‌یه‌كجاری ده‌ستبه‌رداری ته‌واوی به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ده‌بێت و به هیچ جۆرێك ناگه‌ڕێته‌وه سه‌ری. ئه‌مه ئامانجێكی ڕوون و له‌پێشینه‌یه، ئه‌مه‌ریكا هه‌رگیز نابێت سڵ له به‌كارهێنانی هێز بكاته‌وه بۆ به‌دیهێنانی. ئیسرائیل به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێت له‌م ڕووه‌وه هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بكات. ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه له بژارده‌ی سه‌ربازی ده‌گرن ده‌ڵێن، دانوستاندن تاكه ڕێگه‌ی له‌ناوبردنی یه‌كجاره‌كیی به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی تارانه. قسه‌كه‌یان ڕاسته، به‌ڵام دانوستاندن ئامرازه نه‌ك ئامانج، بۆیه بێ فشارێكی ڕاسته‌قینه پووچه‌ڵه.
هه‌روه‌ها ده‌بێت واشنتن به سیاسه‌ته‌كانی له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ تۆڕه بریكارییه‌كه‌ی تاران بچێته‌وه، پێویسته ڕێگه له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێرانی له غه‌زه و سووریا بگرێت، هاوكات ده‌ستی ئێران له عێراق و لبنان و یه‌مه‌ن شل بكات. ئه‌مه ئه‌ركێكی ئاسان نییه، وڵاتانی ئاماژه‌پێكراو كێشه‌ی تریان له بواری تیرۆر و وزه و پێویستیی مرۆیی هه‌یه كه پێویستییان به هاوكاریی واشنتنه، به‌ڵام له پێناو نه‌هێشتنی هه‌ژموونی هه‌رێمیی ئێران، ده‌بێت واشنتن ئه‌و كێشانه به‌لاوه بنێت و سه‌رنج بخاته سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئێران و هه‌رێمه‌كانی. له لایه‌كی تره‌وه ئه‌و وڵاته هه‌رێمییانه‌ی بوونه‌ته قوربانیی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران، ده‌بێت ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی ببینن.
ئێرانی لێ بترازێت، پێویسته ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر قسه‌كانی تره‌مپ بڕوات و ڕێگه له مامه‌ڵه‌ی ئازادانه‌ی وڵاتانی تری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نه‌گرێت، وه‌ك چۆن وڵاته‌كانی تری ئاسیا و ئه‌وروپای سه‌رپشك كردووه. ئه‌مه تا ئاستێكی زۆر زه‌حمه‌ته، چونكه زۆر بابه‌ت هه‌ن ده‌ستوه‌ردانی ئه‌مه‌ریكایان پێویسته، له نێوانیاندا كێشه‌ی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستین و هه‌روه‌ها پێوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل و توركیا. تا پرسی فه‌له‌ستین به‌شێوه‌یه‌كی دروست چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئامانجه هه‌رێمییه‌كانی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا هه‌رده‌م دووچاری كۆسپ و خوێنبه‌ربوون ده‌بنه‌وه. له‌باره‌ی ته‌لئه‌بیب و ئه‌نكه‌ره‌ش، كێشه‌كانیان پرسی ئاسایش له‌خۆ ناگرێت، ته‌نیا له ڕقوكینه‌ی كه‌سیی سه‌رۆكه‌كانی هه‌ردوولا و به‌یه‌كداكه‌وتنی سیاسیی ڕووته. تره‌مپ پێوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو سه‌ركرده‌كه هه‌یه، بۆیه ده‌توانێت به‌سته‌ڵه‌كی نێوانیان نه‌هێڵێت.
ده‌ستوه‌ردانی ناوچه‌یی ئه‌مه‌ریكا له پرسی تریش پێویسته، له نێوانیاندا هه‌نارده‌كردنی سامانه كانزاییه‌كان و تیرۆر و كۆچبه‌ره‌نا. به‌ڵام ئێسته ده‌رفه‌تێك هه‌یه كه واشنتن و بكه‌ره هه‌رێمییه‌كان، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هێمن بكه‌نه‌وه و كۆتایی به زیاتر له 50 ساڵ له ململانێی به‌رده‌وام بهێنێت.
نووسەری ئەم بابەتە، جەیمس جۆفری، لە حەوت کابینەی ئەمریکی، وەک کارمەندی کاروباری دەرەوە کاری کردووە. لە کابینەی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ، جۆفری نوێنەری تایبەت بووە بۆ هێنانەوەی سووریا بۆ ناو کۆمەڵگەی جیهانی و هەروەها نوێنەری تایبەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی تێکشاندنی داعش بووە.
وه‌رگێڕانی: ڕامیار مه‌حموود و محه‌مه‌د كامه‌ران
سەرچاوە:
https://www.foreignaffairs.com/united-states/how-trump-can-finish-job-iran-and-middle-east