وەزیرێكی پێشووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە دەكات، پێكهێنانی 10یەم كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و دەبێتە هۆی دەستكراوەتربوونی حكوومەت لە خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوەی زیاتری هەرێمی كوردستان، بۆیە ئێستە خەڵكی هەرێم چاویان لە پێكهێنانی كابینەی نوێیە كە هاوكات بەرانبەر بەغداش بەهێزتر دەبین .
د. ناسح غەفوور وەزیری پێشووی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، پێویستە لایەنەكان لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان پەلە بكەن، چونكە ئەگەر حكوومەتی تازە پێك بێت كاردانەوەی باشی دەبێت و متمانەی خەڵكی زیاتر بۆ دروست دەبێت و ئەوەی دەگوترێت كە ناتوانرێت حكوومەت پێك بهێنرێت نامینێت و حكوومەت لە خزمەتكردنی خەڵك زیاتر دەستكراوەتر دەبێت و خزمەتی زیاتری خەڵك دەكات، پڕۆژەی زیاتر لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدات، بۆیە چاوی خەڵكی هەرێم لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتە.
زیاتر گوتی، بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت بەرانبەر بە بەغدا بەهێزتر دەبین و ئەوانیش بیانووی ئەوەیان نامینێت باس لەوە بكەن تا ئێستە نەمانتوانیوە كابینەی 10یەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكەین و ئەگەر حكوومەتی تازە هەبوو ئەوكات یەكدەنگی زیاتر دەبێت و بیانووەكانیش كەمتر دەبن، لایەنەكانی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن ناتوانن بە ناوی هەرێم بچنە بەغدا قسە بكەن، بۆیە ئێستە زۆر گرنگە حكوومەتی تازە پێك بێت و دەست بە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و ئاوەدانكردنەوەی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات.
"هەرچەندە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە خزمەتكردن بەردەوامە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێشوازی گەرمی لێ دەكرێت و دەسەڵاتی تەواوی هەیە، بەڵام بە پێكهێنانی كابینە 10 ئەوكات حكوومەت زیاتر دەستكراوە دەبێت بۆ ئەوەی خزمەت بكات، چونكە خەڵكی هەرێمی كوردستان چاوی لە پێكهێنانی كابینەی 10یەمە"، د. ناسح غەفوور وای گوت.
لای خۆیەوە نەجیبە نەجیب شارەزای ئابووری و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی گوت، پێویستە لایەنەكانی براوە لە هەڵبژارددنی پەرلەمانی كوردستان لە پكهێنانی كابینەی 10یەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەلە بكەن، لەبەر ئەوەی پەرلەمان كارا دەبێت و بڕیار و یاسای تازە دەردەكات و هەمواری یاساكان دەكات و حكوومەت بەهێزتر دەبێت و دەتوانێت خزمەتی زیاتر بكات و پڕۆژەی زیاتر لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات، بۆیە حكوومەتی تازە بەجۆرێك بەهێز دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی وهێزێك بە قەوارەی هەرێمی كوردستانیش دەدات، چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەركێكی زۆری لەسەرە و چاوەرێی پێكهێنانی حكوومەتی تازە دەكات بۆ ئەوەی ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات.
روونی كردەوە، ماوەیەكی زۆر بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێپەڕبووە و تا ئێستە حكوومەت پێكنەهاتووە و چاوەڕێ دەكرێت بەزوویی پێك بێت و دەست بە خزمەتكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكرێت، چونكە ئەم حكوومەتە دەبێتە تەواوكەری كابینەی نۆیەم و دڵنیام زۆر بەهێزتر دەبێت و خزمەتی زیاتری خەڵكی كوردستان دەكات و لەسەر ئاستەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و نێودەوڵەتیش زۆر بەهێز دەبێت، چونكە گوڕوتینێكی تازە دەداتە داودەزگە حكوومەتییەكان و دەتوانن زیاتر خزمەت بكەن .
نەجیب دووپاتی كردەوە، لە هەرێمی كوردستان سیستمی دیموكراسی هەیە و پێویستە حكوومەت زوو پێك بێت بۆ ئەوەی دیموكراسی لە هەرێم بەردەوام بێت و وڵاتانیش ئەوكات زیاتر رێز لە هەرێمی كوردستان دەگرن و پێوەندیی هەرێم لەگەڵ وڵاتان دەچێتە قۆناغێكی ترەوە، بۆیە چاوی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە پێكهێانی حكوومەتی تازەیە بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتریان بكرێت، چونكە خەڵك دەنگی داوە بۆ ئەوەی خزمەتیان بكرێت، هەم لە رێگەی دەرچوونی یاسای تازە و لە رێگەی حكوومەت و وەزارەتەكانیشەوە، بۆیە زۆر گرنگە بە زووترین كات حكوومەتی تازە پێك بێت .
وشە/ بڵند ئیبراهیم