"بەغدا پرسی كوردی لە مووچەدا بچووك كردووەتەوە لەوكاتەی مووچە مافێكە و دەبێت بدرێت"

:: PM:09:36:05/07/2025 ‌

عێراق نەك هەر سیاسەتی برسیكردن بەرانبەر بە كورد جێبەجێ دەكات، بگرە بابەتەكە لە چوارچێوەیەكی گەورەتردایە، ئامانجی بەغدا ئەوەیە هەرێمی كوردستان لەوەی ئێستە هەیە و لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو لە سایەی ئابووریی سەربەخۆ بەدەستی هێنا، بوەستێت و گەشە نەكات، بۆ ئەوەی وەك پارێزگەكانی عێراق، كە بەدەست بێ خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن و هیچ جۆرە گەشەسەندنیان پێوە دیار نییە، وا بكات پێشكەوتنی هەرێم هاوتای عێراق لێ بكات نەك پارێزگاكانی تریش چاو لە هەرێم بكەن و ئەوانیش گەشەو پێشكەوتن بە شارەكانیان بدەن.

لای خۆیەوە خەدیجە عومەر شارەزای یاسا  بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی رابردوو ئەو هەرێمە كاری زۆر گەورەی كردووە كە لە ئاستی هەرێمێك زیاتر بوون، بەتایبەت لەسەر ئاستی دەرەوە، كە هەمیشە وەك وڵاتێك دەركەوتووە و پێوەندیی لەگەڵ زلهێزەكان بەستووە، ئابووریی بەهێز بووە و گەشەكردنی فراوانبوونی بەخۆیەوە بینیوە، هەرێمی كوردستان خاوەن قەوارەی دەستوورییە و هەرێمێكی یاساییە، لەو چوارچێوەیەش دەتوانێ هەموو كارێكی خۆی بكات و تا ئاستێكی زۆر باش توانیویەتی پەرە بە پێوەندییەكانی خۆی بدات.

روونی كردەوە، بەغدا بە ئاشكرا كاری نایاسایی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات، دەستبردن بۆ مووچەی فەرمانبەران ئەوپەڕی كارێكی نامرۆڤانەیە و لە هیچ یاساییەك جێگەی نابێتەوە، ئەوەی حكوومەتی هەرێم بۆ كوردستان دەیكات، زۆر باشترە و جێی شانازیترە بۆ كورد لەوەی عێراق بیكات، كە هەرچی بیكات بۆ كورد بە منەتەوەیە، شتێكیش كەسێك بۆت بكات نابێتە ئەوەی خۆت بیكەی، چونكە عێراق كار بۆ ئەوە دەكات هەموو هەرێم لە چوارچێوەی مووچە بچووك بكاتەوە و وا بكات كورد تەنیا لە خەمی مووچەدا بێت و خەمی هیچ شتێكی تری نەبێت، لەكاتێكدا دەستوورێك هەیە و چەندین ماف و هەقی هەرێمی تیادایە، بەڵام جێبەجێ نەكراوە، بۆیە ئەوانەی بەدوای عێراقەوەن، ئەوەیان دەوێ بەغدا بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ خەڵكدا بكات.

لای خۆیەوە رێبوار كەلاری چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، ئەوەی بەغدا دەیكا بە مەبەستە و دەیەوێ هەرێم لەو ئاستە زیاتر پێش نەكەوێت، هەوڵی بەغدا ئەوەیە هەرێم وەك شارەكانی تری عێراق لێ بكات، نەك عێراق وەك هەرێم بەرەو پێشكەوتن ببات، بۆ ئەوەش هەموو شتێك دەكات كە پارە و مووچە وەك گوشارێك دژی هەرێم بەكاربێنێت، چونكە عێراق لە گەندەڵی نوقم بووە و ئەوەی پێ ناكرێت، پلانەكانی حكوومەت و ئەو كارنامەی دانرابوو بۆ بەهێزكردنی ئابووریی هەرێم و ژێرخانی ئابووری، لەو چوار ساڵەی رابردوو كاری زۆر گەورە بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری كرا لەپاڵ دابینكردنی مووچەدا.
 
هەر لەوبارەوە محەمەد كەریم شارەزای بواری ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، گەڕانەوە بۆ بەغدا و نەبوونی داهات لەژێر دەستی حكوومەتی هەرێم، وای كردووە فەرمانبەرانی هەرێم چاویان لە دەستی بەغدا بێت تا مووچە بنێرێت، بۆیە بەغدا هەموو كوردستانی بە مووچەوە خەریك كردووە و پرسی كوردی لە مووچەدا بچووك كردووەتەوە، لەكاتێكدا مووچە مافێكە و هەر دەبێت بدرێت.

ئاماژەی كرد، ئەوەی گرنگە بودجەی وەبەرهێنان و پڕۆژەكانە كە بەغدا ئەوەش نانێرێت، كە راستەوخۆ پێوەستە بە هاووڵاتییان بۆ دابینكردنی هەلی كار و پڕۆژە و ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزاری و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری و كەرتەكان، ئەو پێشكەوتن و فراوانبوونەوەی هەرێم هی ئەوە بوو لەو چەند ساڵەی رابردوو خزمەتگوزاری و رێگەوبان و پڕۆژە و ئاوەدانكردنەوە كاری گەورەی تیادا كرا، ژێرخانی ئابووری و چەندان پڕۆژەی گرنگی ستراتیچی ئەنجام درا.

وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل